حەیدەر عەبادی ناماقوڵیت کرد .
December 8, 2017
وتار و بیروڕا
سەرەتا حەیدەر عەبادی دەبێت ئەوە باش بزانێت کە کوردستان سەیری ئەو دەکات وەک (شێرێکی لە کاغەز دروست کراو )، تەواوی ئەو سەرکەوتنانەی کە شانازی پێوە دەکات لە شەری داعش ، بەهاوکاری و سەرپەرشتی کردنی سەرکردەو سوپاو هێزی میلیشیایی چەندین وڵات بەدەستهاتوون ، وە گەلی کوردستان و پێشمەرگەش هەوێنی سەرەکی ئەو سەرکەوتنانە بوون پاش ئەوەی سوپا تایەفی و فشۆڵەکەی عێراق لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا نزیکەی نیوەی عێراقیان رادەستی داعش کرد بەتەواوی چەک و تفاقی ۷ فرقەی سەربازی و پۆلیسی ئیتیحادیەوە .
حەیدەر عەبادی ناماقوڵی کرد کاتێک دەیەوێت شەری یەکارچەیی عێراق (شەری کوردستان) بە شەری داعش بچوێنێت و بەسەرکەوتن تۆماری بکات ، ئەو سەرکەوتنەی ئەو باسی دەکات بەهۆی دەست تێکەڵکردن و خیانەتی چەند بەناو سەرکردیەکی کوردەوە بوو لە ۱٦ی ئۆکتۆبەر ، هەروەها بە بەشداریکردن و سەرکردایەتی راستەوخۆی فەرماندە و دەزگای هەواڵگری چەندین وڵاتی ئیقلیمی و هێزی میلیشیایی تایەفیەوە بوو نەک قارەمانێتی سوپا فشۆڵەکەی .
دەبێت حەیدەر عەبادی ئەوە بزانێت کە سوپا فشۆڵ و میلیشیا تایفیەکەی، ئازایەتی ئەوەیان تێدا نیە لەهیچ سەنگەرێکدا بتوانن روبەرووی پێشمەرگە ببنەوە و خۆیان لەبەری بگرن ، کار و پیشەی سوپا و میلیشیا تایفیەکەی تەنها بریتیە لە راکردن و ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید لە دژی هاوڵاتیان و دەربەدەرکردنی خەڵکی سڤیل و بێتاوان.
سوپا تایەفی و فرەرەگەز و فشۆڵەکەی حەیدەر عەبادی بۆ دەرکردنی چەند چەکدارێکی داعش لە شارەکاندا سیاسەتی (وێرانکاری و سوتاندنی رەهایان) پەیڕەوکردوە و جیاوازیان لە نێوان تیرۆریست و خەڵکی بیێتاوان و سڤیڵدا نەکردوە ، دیمەنەکانی شاری موصڵ ئەو راستیەیان بۆ هەموو جیهان سەلماندووە . تاوانەکانی خورماتوش لە دوای داگیرکردنی لەلایەن هێزەکانی حەیدەر عەبادیەوە دوپاتکردنەوەی چەند بارەی ئەو تاوانانەیە .
حەیدەر عەبادی ، هاوشێوەی ئەوانەی پێش خۆی (صدام و نوری مالیکی) ، خاوەنی یەک جۆر رەفتار و بیرکردنەوەن و هیچ جیاوازیەک لە نێوانیاندا بەدی ناکرێت ، بینیمان کە صەدام و نوری مالیکی سەرکەوتوو نەبوون لە خەونی بە چۆکدادانی کورد ، ئاواش عەبادی سەرکەوتوو نابێ لە جێبەجێ کردنی ئەو خەونە و شکست دەهێنێت ، پێشمەرگە لوتی صەدام و ماليكى و داعشي شكاند ، ئاواش لوتی عەبادی و غروری عەبادی و سوپا تایەفی و میلیشیاییەکەی دەشکێنێت .
حەیدەر عەبادی بۆ خۆدزینەوە لە گوشارەکانی ئەمەریکا و فەرەنسا بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ئەو پەیمانە درۆینانەی بۆ چاکسازی داویەتی ، هەروەها بۆ خۆدزینەوە لە گەراندنەوەی ئاوارەکانی ناوچە سونیەکان و ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ کوردستان و جێبەجێ کردنی دەستور و زۆر دۆسیەی تر ، بە بۆنەو بێ بۆنە ، باسکردن و هێرشکردنە سەر کوردستانی کردۆتە پیشە ، ئەوەی ئەو لەسەر کورستان دەیڵێت ، زۆر لە قەبارەی بچوکی ئەو گەورەترە ، کوردستان ئەو پاروە چەورە نیە بە عەبادی قوت بدرێ ، پێش ئەو زۆری تری خنکاند .
ئەو بەناو کوردە عێراقیانەش کە حەیدەر عەبادی بە (شرفاء) ناویان دەبات ، لای گەلی کوردستان بە شەرشۆڕو خیانەتکار لەقەڵەم دراون و جێگاشیان زبڵدانی مێژووە .
#نیازحاجی