سلێمانی لەناو گێژاوی ململانێی حزبی و تۆفانی باڵادەستی ئیتلاعاتدا

سلێمانی لەناو گێژاوی ململانێی حزبی و تۆفانی باڵادەستی ئیتلاعاتدا
ئەوە یاسایە و هەموو ئەو گەلانەی کە بە قۆناغی خەباتی رزگاری نیشتیمانیدا گوزەر دەکەن، هەر کاتێک بەرژەوەندی سیاسی و خواستی باڵادەست بوونی حزبی پێش بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئامانجی سەربەخۆیی و خواستی رزگاری نیشتیمانی خران، ئەوا حزبەکان بۆ سەرکەوتن و بەزاندنی رکابەرە ناوخۆییەکانیان دەبنە دەستکێش و چاوساغی دژومنە دەرەکیەکان و وڵات دەکەنە کولانەی ئەو کوندەپەپوانەی لە گمەگمی وێرانکاری زیاتر لە هیچ زمانێکی تر ناگەن، زنجیرە کەرتبوونەکانی حزبێکی دیاریکراوی سلێمانی و تۆخکردنەوەی ململانێکان بۆ ئاستی دژایەتی و سڕینەوەی یەکتری ئاماژەی روون و ئاشکران کە سلێمانی بەرەو وێرانکاری و خەڵکەکەشی بەرەو نەهامەتی دەبەن، رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و دەستکێشی و چاوساغی کردن بۆ حەشدی شەعبی لێکەوتەی ئەو ململانێ و دژایەتیەن کە لایەنێکی دیاریکراو وڵاتی بۆ هەرزانفرۆش کرد.
حزب و لایەنە سیاسیەکانی هەموو گەلانی دنیا لە قۆناغی رزگاری نیشتیمانیدا مەترسی داگیرکارانیان بە مەترسی لەسەر خۆیان زانیوە، رەواندنەوەی ئەو مەترسیەش هەموو لایەنەکانی لەناو کارنامەیەکی نەتەوایەتی و پلانێکی هاوبەشدا کۆکردۆتەوە، ئەو راستییە لە کوردستان پێچەوانە بۆتەوە، لەباتی ئەوەی حزب و لایەنە سیاسیەکان بۆ پاراستنی شکۆی نەتەوەیی هێزی نەتەوەیی درووست بکەن، کەچی هێزی نەتەوەیی لەتلەت دەکەن و بەسەر هێزی حزبیدا دابەشی دەکەن، بەوەشەوە ناوەستن و بۆ دەستکەوتێکی حزبی خۆیان دەکەن بە بەشێک لە دوژمنی گەلەکەیان.
هەڵوێستی ئەو لایەنانە جیا لەوەی سلێمانی و سلێمانیەکان لەناو گۆڕخانەی ململانێ و بەدیهێنانی دەستکەوتی حزبیدا گۆڕەوشار دەدەن، سلێمانیان کردۆتە پایەگایەکی سوپای قودسی پاسدارانی ئێران و ناوە ناوەش چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان لە هاتنەوەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیدا چڕ دەکەنەوە، هەر ئەو ململانێ و هەڵوێستە حزبیانەش بوون کەرکوکیان بەو دەردە برد و خورماتووشیان سوتماک کرد و خەڵەکەشیان خزاندە ناو دۆزەخی جینۆسایدەوە.
سلێمانی و سلێمانیەکان ئەگەر هەڵوەستە نەکەن و لە دوێنێی کەرکوک و خورماتووەوە بۆ سبەینێی خۆیان نەڕوانن، ئەوا شارەکەیان دەبێتە گۆڕەپانی شەڕێکی فرە جەمسەری ئەوتۆ، کە پێشگرتن بە کاولکاری و نەهامەتیەکانی دەبێتە کارێکی مەحاڵ، بۆیە پێویستە سلێمانی و سلێمانیەکان چاویلکەی حزبی فڕێدەن و وەک رابردوو بە دووربینی نەتەوەیی لە داهاتووی خۆیان بڕوانن.
Top