میللەتی كورد ، كۆیڵەبوون و داگیركاری قبوڵ ناكات و پیلان وكۆسپی دوژمنان تێكدەشكێنێت
December 7, 2017
وتار و بیروڕا
دوای سەركەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و خیانەت و هێرشی داگیركاری كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان ، كورد پێی ناوەتە قۆناغێكی ترەوەو دۆزی كورد بەتەواوەتی لە بابەتێكی ناوخۆی عێراقەوە بووەتە بابەتێكی نێودەوڵەتی و تا دێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر لە نیازی رژێمی بەغدا دەرحەق بە میللەتی كورد تێدەگات.بۆیە سەرباری فشارو گوشارو هاژەوهوژەی عێراقیەكان و و رژێمی ئێران و ئاغای شیعە عێراقیەكان.. ناتوانرێت داوای رەوای كورد سەركوت بكرێت و سەرئەنجام ئاسۆیەكی گەش لەبەردەمماندایە، بەڵام دەبێ چاوەڕوانی گرفت و زەحمەت و كێشەو تەنگ پێهەڵچنینیش بكەین.. بەڵام ئەوانە كاتین و ئیرادەی كوردیش پێموایە لەسەر ئاستی گشتی لەوە بەهێزترە كە بەئاسانی ببەزێت، بە تایبەتی لەبارودۆخێكدا كە رژێمی بەغدا جگە لە دەركردنی بڕیار شتێكی ئەوتۆی پێناكرێت، بەتایبەتیش پێگەی عەبادی و حكومەتەكەی بەجۆرێك لاوازە بڕیارەكانی بە تەواوەتی لە ناوچەی سەوزی بەغداشدا جێبەجێ ناكرێن. سەرۆك وەزیرانێك هێندە كورتبین بێت، بیەوێت بە دەستوورە تۆزگرتوو و پێشێڵكراوەكەی عێراق دەسەڵات بەسەر كوردستاندا بسەپێنێت. بێگومان خۆراگری ،هێمنی میللەتی كوردو هەڵوێستی هیسترییانەی عێراقی شۆڤێنی،مەزهەبی ، لە سوودی كورد دەشكێتەوەو چەند عێراقیەكان بەو شێوە دڕندانەو بەو عەقڵیەتە نالۆژیكیەوە هەڵوێست بەرامبەر بە كورد و خواستەكانی وەربگرن و نیشان بدەن.بە دڵنییاییەوە هیچ چەك و گوشارێك ناتوانێ لە گەیشتن بە مافەرەواكانمان ساردو پاشگەزمان بكاتەوە و سەركەوتنیش مسۆگەرە .
گشت ووتە و رەفتارەكانی بەغدا لە دوای هێرشە داگیركارانەكەی 16ی ئۆكتۆلەر بە بە پاڵپشتی رژێمی ئێران و خیانەتكاران نیشاندەری ئەو راستییەن كە دەسەڵاتدارانی بەغدا بە فەرمی دیكتاتۆری و خۆسەپاندنی خۆیان راگەیاندۆتەوە .لە سیستەمی ئێستای دەسەڵاتدارانی بەغدا هیچ بنەمای هاوبەشی و پێكەوە كاركردن و دیموكراسی بوونی نەماوە و تەنیا بەلای هەندێك لایەندا لەسەر حسابی لایەنەكانی تر پەیڕەو دەكرێت، بەڵام دەبینین سیاسەتی گشتی لە هەرێمی كوردستاندا لەگەڵ سەقامگیركردنی بارودۆخ و ئاسایشی عێراقدا دەگونجێت هەروەها لەتەك بنەمای بڵاوكردنەوەی كەلتووری ئاشتی و برایەتی لەنێوان گشت پێكهاتەكانی گەلی عێراقدا و دووركەوتنەوە لە جیاوازیكاری لەنێوان رۆڵەكانی یەك گەلدا لەسەر بنەمای ئیسنی و تایەفەگەری
گشت ئەو كارانە لەو هەوڵانەی هەرێمدا رەنگیانداوەتەوە كە لەپێناو راگرتنی خوێنرژانی عێراقییەكاندا داویەتی ئەو دەمەی دەسەڵات نەمابوو بۆ ماوەی زیاتر لە 9 مانگ لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا و دوا بەدوای ئەوە حكومەتی عێراقی پێكهێنرا لە پاش گەلێك چەرمەسەری و كوتلەكارییەكی زۆر كە هێندەی نەمابوو خودی دەوڵەتەكە بەرەو هەڵدێر ببات
بۆیە ئاشكرایە ئەوەی كە لەسەر گۆڕەپانی عێراقی روودەدات ناشێت بە هیچ شتێك دابنرێت بەدەر لەوەی كە داگیركردنی مافە مەدەنییەكانی گەلە، ئەو گەلەی كە شەكەت بووە بە دەست جەنگ و هەرا تاییفییەكانەوە. بۆیە نەبوونی لۆجیك و دەرچوون لە سنوورەكانی ستەمێكە دەبێتەهۆی ئەوەی ناوچەكە بەرەو ئاسۆیەكی تاریك ببات تا ئەو كاتەی حكومەتی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ دەستوور و رێز لەو ئیمزایەی خۆی دەگرێت كەلەسەر ئەو دەستوورە كردوویەتی وەك پەیمانێكی شەرەفمەندانە لە بەردەم گەلی عێراقدا
هەروەها رژێمی بەغدا لە ماوەی رابردوو و تا بە ئەمرۆ كاری بۆ وروژاندنی هەستی جەماوەرە بۆ بەدیهێنانی مەبەستی سیاسی كە دەشێت دوایین پەناگەیەك بێت بۆ حكومەتێك كە رۆژێك لەرۆژان جێی متمانەی گەل بوو. گەر كەمێك بیرەوەرییەكانمان بەرەودوا بگێڕینەوە دەتوانین بارودۆخەكە بەو بەڵگەنامانە دەستنیشان بكەین كە هەرێمی كوردستان لە داواكارییەكانیدا سەبارەت بە متمانە سەندنەوە لە سەرۆكی حكومەتی عێراق پشتیان پێدەبەستێت و هەرئەوەش رەوایی داخوازكاران دەسەلمێنێت، لەوانەش 1- پابەندنەبوون بە جێبەجێكردنی مادەی 140 لە دەستووری عێراق، 2- دەركردنی بڕیار بە شێوەیەكی یەكلایەنەو سەپاندنی بەسەر هەرێمدا لە كاتێكدا كە دەستووری عێراق مافی ئەوەی پێداوە خۆی بڕیار لەوەبدات كە بە چارەسەرێكی گونجاوی دەزانێت بۆ كێشەكانی و گرنگترینی ئەوانەش مەسەلەكانی نەوت و غاز و وزەن، سەرەڕای گشت ئەو تۆمەتانەی كە دەخرێنە پاڵ حكومەتی هەرێم بەبێ هیچ بەڵگەیەك یان هەرهیچ نەبێت بەبێ گەڕانەوە بۆ بەكارهێنانی لۆجیك.سەپاندنی ئابڵوقەی نارٍەوایی ئابووری و بەكارهێنانی حەشدی شیعی و سوپای عێراق و سوپای پاسداران لە دژی كوردستان و بەمەبەستی داگیركردن و دواتر ئەنجامدانی جینۆساید و تاوانی نامرۆڤایەتی. بۆیە میللەتی كورد قوربانیی لە پێناو و ئازادی و سەربەستبونی بەخشیووە و دەبەخشێ و بە سەر دوژمنان و كۆیلەكانیان سەردەكەوێ و دەگاتە بە ئامانج.