دەربارەی قەیرانی سووریا... رێگاچارەی هەمیشەیی رووخاندنی رژێمی ستەمكارە
December 7, 2017
وتار و بیروڕا
شەش ساڵ بەسەر بەرپابوونی شۆڕشی سووریا دژی رژێمی سەركوتكەر تێدەپەڕێت كە سەرەتا بە شێوازی ئاشتییانەو لە رێی خۆپیشاندانی ناڕەزایی و بەرزكردنەوەی داواكارییەكان دەستی پێكرد، ئەم شۆڕشە ئامانجی ئەنجامدانی چاكسازی و دەستەبەركردنی ئازادی و كەرامەت بوو بۆ هاووڵاتیان، بەڵام دوای ئەوەی هەڵوێستی رژێم رەتكردنەوەی ئەو داخوازییانە بوو، دەستی كرد بە رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەرانی سڤیل بە ئاگرو ئاسن، لە ئەنجامدا ئاگری بەرگریی هاووڵاتیان كڵپەی سەندو هەزاران سەربازو پلەداری سوپای سووریا جیابوونەوەو هاتنەپاڵ گەل و بەمەش ریزەكانی شۆڕشگێران زیاتر فراوان بوو، لاوان و زۆربەی چین و توێژەكانی گەل لە زۆربەی ناوچەكانی وڵات دەستیان بە بەرگری كرد، بەتایبەتیش كاتێ سوپای ئازاد بزاڤی نیشتمانیی شۆڕشگێڕیی راگەیاند، بەمەش ئۆپۆزسیۆن شێوەی دامەزراوەیی وەرگرت و پەیوەندیی سیاسی و ئامانجەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پتەوتر كرد.
رژێمی ئەسەد بۆ مانەوەی خۆی هەموو شتێكی كرد دوای ئەوەی كە سێیەكی سوپاكەی لێی جیابوونەوەو دامەزراوەكانی رژێم هەرەسیان هێناو 80%ی خاكەكەشی لەدەست چوو، لەبەر ئەوە رژێم هەوڵی دا گرووپەكانی ئیسلامی سیاسی بۆ لای خۆی رابكێشێت و لەم رووەوە سەرانی ئیسلامییەكانی لە بەندیخانەكانی ئازادكرد، هەروەك چۆن نوری مالیكی لە عێراق ئەمەی جێبەجێ كرد، كاتێ زیندانیانی ئیسلامی و تیرۆریستانی لە زیندانەكان بەڕەڵا كرد، ئەبوبەكر بەغدادییش یەكێك بوو لەوان، دیارە ئەمەشی بە هەماهەنگی لەگەڵ رژێمی تاران ئەنجامدا كاتێ پاڵپشتیی رێكخراوەكانی ئەلقاعیدەی كردو هانی دان روو لە سووریا و عێراق بكەن، بەهێزبوونی توانای ئەلقاعیدەو داعش خزمەتی بە بەرژەوەندییەكانی ئێران دەكرد لەبەر رۆشنایی پلان و بەرنامە تایفەگەرییەكەی، هاوكات هەوڵی بەردەوامی بۆ ئەوەی هەژموون و دەستڕۆیشتوویی بسەپێنێ و كێشەو ئاژاوە بۆ موسڵمانانی سوننە بنێتەوە كە زەرەرمەندی یەكەم بوون بەدەستی تیرۆریستانی گرووپە ئیسلامییەكان بەتایبەتیش داعش.
رژێمی ئەسەد سنووری لەبەردەم ئێران و رووسیا و میلیشیاكانی حزبوڵای لوبنانی و زیاتر لە 15 میلیشیای مەزهەبیی ئێرانی و عێراقی و لوبنانی و ئەفغانی واڵاكرد، ئەمەش بووە هۆی كوشتنی زیاتر لە ملیۆنێك هاووڵاتی سووریا و ئاوارەبوون و كۆچكردنی زیاتر لە نیوەی گەلی سووریا، بەمەش سەروەریی نیشتمانی بەلاوە نا و بە فەرمی سووریای خستە ژێر داگیركاریی دوو دوڵەت و زۆربەی میلیشیا چەكدارەكان، ئەمەشی هەموو لەپێناو پارێزگاریكردن بوو لە پۆست و رژێمەكەی.
لە ئاكامی هەڵسوكەوتی رژێمدا چارەنووسی سووریا كەوتە دەست دەوڵەتان و هێزە دەرەكییەكان، هەروەها بڕیارەكانیش لەدەست سوورییەكان و ئۆپۆزسیۆن و لایەنگران دەرچوون و بەهۆی لاوازیی رژێم گەمەكە كەوتە دەست رووسیاو ئێران، بەهۆی ئەوەی رووسیا لە رووی سەربازییەوە سووریای داگیركردو بنكەی سەربازی لە زۆر ناوچەدا دروستكرد، بۆیە رووسیا هێزی سەرەكییە كە دەتوانێ چارەنووسی وڵات دیاریبكات، هاوكات لەئێستادا بۆتە گەمەكاری سەرەكیی و گومانیشی تێدا نییە كە گەمە نێودەوڵەتییەكە وا دەخوازێت جۆرێك لە تێگەیشتن لەگەڵ ئەمریكا بێتەكایەوە، ئەمەش لە كۆبوونەوەی نێوان پوتین و ترەمپ لە ڤێتنام ئەنجامدرا دەربارەی ئەو بڕیارانەی لە كۆنگرەكانی ئەستانا دەرچوون تایبەت بە ناوچەكانی كەمكردنەوەی گرژی و دابەشكردنی دەسەڵات و بەشداربوونی هاوبەش لە دیاریكردنی چارەنووسی سووریا و رژێمەكەی.
لەم دوو ساڵەی دواییداو دوای ئەو تێگەیشتنانەی نێوان رووسیا و دەوڵەتانی كەنداو و میسر پەرەسەندنێكی تازە هاتەئاراوە پەیوەست بە پرسی سووریا، هەروەها بینیمان كە كۆنگرەی ریاز 2ی ئۆپۆزسیۆنی سووریا پاشەكشەی بەخۆیەوە بینی تایبەت بە بەرژەوەندیی رووسیاو رژێمی ئەسەد، چونكە هەردوو بنكەی مۆسكۆو قاهیرەی نزیك لە رووسیاو رژێمی ئەسەدی خرایە سەر، هەروەها 8 ئەندامی بۆ شاندی دانووستانكاری جنێڤ زیادكرا، كە ژمارەیان بیستەو دەوڵەتی میواندار بانگهێشتی 140 كەسی كردووە كە زۆرینەیان چەوساوەن و لایەنگری سعودیەن و نزیكن لە سیاسەتی سعودیە دوای دوورخستنەوەی دەیان ئەندام كە لەسەر قەتەر و توركیا حسێبكراون و هەندێكیش لە ئامادەبووان بە زەبری پارە قەناعەتیان پێكراوە.
دیارە كۆبوونەوەی جنێڤ 8 هیچ شتێكی لێ نەكەوتەوە، چ لە رووی بەدیهێنانی ئاشتی و چ لە بواری چارسەركردنی قەیرانی سووریا و ئاوەدانكردنەوە، هەروەك دەردەكەوێ نزیكترین سیناریۆ كە بێتەدی بریتییە لەوەی كە ئەوانەی چوونەتە جنێڤ پەیوەندیی بە كۆبوونەوەی (سوچی)یەوە بكەن كە لەوەتەی ساڵێكە رووسیا بە ناوی (كۆنگرەی گەلانی سووریا)، یان (كۆنگرەی نیشتمانیی سووریا) رێی بۆ خۆش دەكات، ئەمەش لەپێناو گەڕان بەدوای داڕشتنی دەستوورێكی تازە بۆ سووریا و پێكهێنانی حكومەتێكی ئیئتلافی بۆ قۆناغی گواستنەوە لەگەڵ پارێزگاریكردن لە هەموو دامەزراوەكانی رژێم بۆ گەیشتن بە هەڵبژاردنەكان لە ئایندەو ئاوەدانكردنەوەی وڵات، هەروەها پێموایە كە چارەسەری پێشنیاركراو لەلایەن رووسیا و شەریكەكانییەوە خواستەكانی گەلی سووریا بەدی ناهێنێت و ئاشتی هەمیشەیی بەرپاناكات. هاوكات كێشە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و نەتەوەییەكانی سووریا چارەسەرناكات، بەتایبەتیش كێشەی كورد، چونكە ئەو چارەسەرە لە خزمەتی بەرژەوەندیی لایەنە دەرەكییەكان و دەستڕۆیشتوویی ئەو لایەنانەدایەو خزمەت بە ئەجندەكانیان دەكات.
زۆرجار گوتوومانە كە رێگاچارەی هەمیشەیی و دادپەروەرانە بە رووخاندنی رژێمی ستەمكارو دامەزراوەو هێماكانی سووریادا دەست پێدەكات، هەروەها دەخوازێت كۆنگرەیەكی نیشتمانیی گشتیی سووری بۆ هەموو پێكهاتەكان سازبكرێت، لەپێناو پێداچوونەوەو دیاریكردنی ئاسۆی ئایندە و دانانی نەخشەڕێگا بۆ بنیادنانەوەی سووریایەكی دیموكراسی و فرەیی و شەراكەتی كە هەردوو گەلی سەرەكیی عەرەب و كورد و سەرجەم پێكهاتەكان بەشداری تێدابكەن، دوور لە گوێڕایەڵی و فشاری داگیركاران، هەروەها دەركردنی میلیشیا بیانییەكان و بەدیهێنانی ئاشتەوایی و ئاوەدانكردنەوە.