كورد تەنیا كێشەی داگیركردنی خاك ونیشتیمانی لەگەڵ رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق هەبووە ..
December 6, 2017
وتار و بیروڕا
ئەگەر تا دوێنی كەسانێكی بێ ئاگا و خاو لە سیاسەت پێیان وا بوو كە كێشەی هەولێر و بەغدا شەخسییە ،بەڵام دوای سێ ساڵ نییەتی ئەو رژێمە بۆگەن و چەواشەكارییەی بوكەڵەی دەستی ئێران دەركەوت . بۆیە گەر هەڵوستەیەك لە سەر دوای خیانەتكاری 16ی ئۆكتۆبەری بەچەند رۆژێك، عەبادی رایگەیاند، بەمنزیكانە مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت، لەو كاتەوە سێشەممە نییە لە وتاری هەفتانەی خۆیدا هێشێكی لێ نەداوەتەوەو دووپاتی نەكاتەوە كە پابەندە بەپێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام وا مانگێك تێپەڕیو تائێستا هیچ كام لەو بەڵێنانەی بەجێنەهێناوە.راستە رەنگە مانگێك بەس نەبێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنە زۆرو زەبەندانە، بەڵام دەكرا سەرەتا نیازپاكی بنواندایەو لانیكەم بەشێوازی پێشینەیەكی مووچە یان دووانی رەوانە بكردایە، هەروەها دەیتوانی دەرگای گفتوگۆیەكی جددی بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم بكردایەتەوە، كە چەندینجار پەیامی خواستی گفتوگۆیان لەگەڵ بەغدا دەربڕیووە، تەنانەت ئەوەندە دووپاتیان كردووەتەوە خەریكە دەبنە مایەی نووكتەو گاڵتەجاڕێ.ئەگەر رژێمی بەغدا بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی بەو دەستی دەستییە، بیەوێت خەڵكی كوردستان تەواو شەكەت بكاتو لەو رێیەوە ملكەچی داخوازییەكانی بەغدایان بكات، ئەوا هەڵەیەكی گەورە دەكاتو دەچێتە چوارچێوەی غرورو مەستی دوای سەركەوتنە وەهمییەكەی، كە بەڕاستی نەنگییەكی گەورەیە سەرداری وڵات خۆی بەسەركەوتوو بەسەر بەشێك لە گەلەكەی خۆیدا بزانێت.بەتایبەت بۆ عەبادییەك كە مێژووی لانیكەمی 50 ساڵی عیراقی لەبەرچاوە، ئەو مێژووەی تێیدا دەركەوتووە هەرگیز سەركەوتنی سەربازیو تەنانەت سیاسی دەسەڵاتدارانی عیراق بەسەر كورد دا درێژەی نەكێشاوەو زۆر كورتخایەن بووەو دواتر بوون بەپەندی زەمانە.
ئەو رژێمەی كە حەیدەر عەبادی لووتی پێی بەرزكردووە بە ناو پایتەختە هەرگیز بەو لاوازییە نەبینراوە، چونكە نە بڕیار بە ەستە و نە بڕیاری لێ دەردەچێت، بەڵكو بۆتە بوكەڵەیەك بە ئارەزووانە یاریی پێ دەكرێت هیچ كێشێكی نێودەوڵەتی نییە كە ببێتە خاوەن متمانەی وڵاتان، لە ڕووییەكی دیكەوە سەر بە وڵاتێكە كە لە نێوەندە سیاسی و دیپلۆماسیدا بێ بایەخە، ئەمەش وا نیشان دەدات كە دواڕۆژی ئەو عێراقە بێ ئایندەیە.لە ئاستی ئابووریدا عێراقی عەبادی لە نزمترین و خراپترین ئاستی ئابووریدایە، زۆرجاران گۆێبیستی حكومەتی كوردستان دەبین كە دەڵێ ئامادەین بەهەموو شێوەیەك لەگەڵ بەغدا ڕێكەوین بۆ ئەوەی بوودجە و مووچەی كوردستان بنێرێت، كەچی بەغدا ملكەچ نابێت، ملكەچ نەبوونەكە بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە كە لە بە هێزیدایە، نەخێر هەردوو حكومەتی كوردستان و عێراق باش دەزانن كە عێراق ئیفلاسی كردووە و بانكەكانی هەگبەیان بەتاڵە، جگە لە مووچەی فەرمانبەران كە ئەویش قەرزە هیچیتری نییە. ئەگەر دیقەت بدەن ئەوە چەندین ساڵە زۆربەی هەرە زۆری پرۆژەكان لە عێراقدا وەستاون هەتاوەكو پرۆژەكانی هەڵگرتنەوەی خاشاك و زبڵ لە كاركەوتوون، ئەمەش لە ماوەیەكی كەم یان دوور ڕوون دەبێتەوە وێڕای ئەمانە قەرزەكانی سەری دەگاتە سەرووی 150 ملیار دۆلاری ئەمریكی، لە ڕێڕەوی حوكمڕانی لە وەتەی دەوڵەتی بەناو عێراق هەیە لە بیستەكانی سەدەی بیستەمدا بەمجۆرە قەرزار نەوبووە.بە دڵنییاییەوە ئەگەر سوپای پاسدارانی رژێمی ئێران بەو هەموو جبەخانە و تەكنۆلۆژیاییەوە و خیانەتی گروپی 16ی ئۆكتۆبەر نەبوایە ، هیچ كات ، حەیدەر عەبادی و هاوبیرانی نەیاندەتوانی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان داگیر بكەن .
شاری كەركوك بە پێی بەڵگە مێژوویی و جوگرافیاییەكان هەمیشە بەشێكی دانەبڕاوی هەرێمی كوردستان بووە و ناكرێت لەژێر پەردەی هیچ پاساوێكی سیاسیدا لە هەرێمی كوردستان داببڕێن، چۆن هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆك خاكی پیرۆزی كوردستانن ئاوهاش كەركوك و خانەقین و هەموو ناوچەكانی تر بەشێكی پیرۆزی خاكی كوردستانن، هیچ حیزب و سەركردەیەكی كورد مافی ئەوەی نیە كە دەستهەڵبگرێت لەو ناوچانە و بەتابیبەتیش كەركوك، چونكە كەركوك ناسنامەی كوردستانە و بەبێ كەركوك جەستە و لاشەی كوردستانی گەورە بەگشتی و كورستانی باشوور بە تایبەتی وەك لاشەیەكی بێ سەر و بێ ناونیشان دەمێنێتەوە.كەركوك و پێگە گرنگەكەی لەخەباتی كوردایەتیدا هەمیشە بریتی بوە لە دروشمی مەركەزی سەركردایەتی سیاسی كورد و مەرجی پێشوەختی كورد لە گفتوگۆكاندا و هەمیشەش خاڵی جێناكۆكی دەسەڵاتدارانی ڕژێمە یەك لەدوایەكەكانی بەغداد و كورد بونە و سەرجەمی شۆڕش و خەباتی كوردایەتی لەباشووردا هەمیشە لەسەر ئایندە و چارەنوسی كەركوك نەگەیشتونەتە ئەنجام و نە ڕژێمەكانی بەغداد وازیان لەكەركوك هێناەوە و نەكوردیش دەستی لەكوردستانیبونی كەركوك هەڵگكرتوە.و لەو پێناوەشدا و تاكو ئێستاش ڕووباری خوێن و فرمێسك بۆ كەركوك دەبەخشێت. كەركوك چەندە بەلای كوردەوە گرنگە ،دەهێندەش بەلای عێراق و ئێران و توركیاشەوە گرنگە و هەریەكە بە بیانویەكەوە دەستوەردەداتە كاروباری ئەم شارەوە، هەربۆیە كەركوك لەخەباتی كوردایەتیدا بەگشتی جێگە و پێگەی گەورە و گرنگ و كاریگەری هەیە. بۆیە داگیركەران بەدرێژایی مێژوو چاویان لە سەر كەركووكە.بەشداریكردنی كەركوك و كەركوكیەكان لە ڕیفراندۆم و وەدەستهێنانی زیاتر لە 80% بەڵێ كان بۆ گەڕانەوەی بۆ سەرهەرێمی كوردستان و پێكەوەنانی دەوڵەتی كوردی سەربەخۆدا،چەند ڕاستیەكی دووپاتكردەوە، لەوانە:كەركوك بۆ هەمیشە كوردستانیبونی خۆی سەلماندەوە، لەگەڵ ئەوەی كە پێكهاتەی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی جیاوازی تریشی تیادایە.بەڵێ ی كەركویەكان جیاوازترە لەهەموو بەڵێ كانی تر، چونكە دەبێتە دۆكۆمێنتێكی مێژوویی زۆر بە نرخ بەڕووی دەسەڵاتدارانی بەغداد و ناوچەكەشدا كە كەركوك زۆرینەی لەگەڵ كوردستاندایە، هەروەك چۆن ئێمەی كورد دوا نزیكەی 70 ساڵ دەستمانگرتوە بە ئاماری ساڵی 1957وە وەك بەڵگەنامەیەكی مێژوویی لەبەرژەوەندی زۆرینەی كوردا. چارەنوسی كەركوك چارەنوسی هەموو كورد و كوردستانە و بەبێ كەركوك و ناوچەكانی تر هێز و دەسەڵات و حوكمڕانی هەرێمی كوردستان هەمیشە لاواز و لەرزۆك دەبێت و لە ئایندەشدا دەوڵەتێكی گەمارۆدراوی سیاسی و ئابوری و سەربازیش دەبێت،بۆیە كەركوك كوردستانە و كوردستانیش بریتیە لەكەركەوك.ڕاستە بە پیلانگێری ئیقلیمی و خیانەتكاری گروپی 16ی ئۆكتۆبەر داگیركەراوە ،بەڵام ئازادكردنەوەی مسۆگەرە و چونكە كەركووكییەكان ژێر دەستی و داگیركاری قبوڵ ناكەن ..