کورد و هەڵبژاردنەکانی عێراق

کورد و هەڵبژاردنەکانی عێراق
عێراق لەبەردەم کێبڕکێی هەڵبژاردن دایە، کوردیش هەڵبژاردنەکانی عێراق و سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی لە پێشە، ئێستا لایەنە ناکۆکەکانی عێراق و بە تایبەتیش شیعەکان گرەوی کۆکردنەوەی دەنگ و بردنەوەی هەڵبژاردنەکان و گەیشتن بە کورسی دەسەڵات لەسەر دژایەتی کردنی زیاتری ماف و ئازادیەکانی کورد دەکەن، بە پێچەوانەوە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان تا ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێ، گرەوی پەراوێز خستن و تەنانەت پاکتاوی یەکتری لەسەر نزیک بوونەوەی زیاتر لە لایەنە شیعەکان دەکەن، لەو پێناوەشدا ئامادەن شیعە بکەنە ناوبژیوان و لە ململانێی حزبیدا و بۆ سڕینەوەی یەکتری هێزیان لێوەربگرن.
+ بەرپرسێکی کورد پێشنیاری کرد نوری مالیکی مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان ببڕێ.
+ هەر بەرپرسی کورد بوو لە ساڵی ٢٠١٤ داوای کرد نوری مالیکی هێز دژی کورد بجووڵێنێ.
+ چەند فراکسیۆنێکی کوردی لە بەغدا لە شیعە شیعانەتر، شانیان دایە بەر ئەو پیلانەی شیعەکان لە پرۆسەی سیاسی عێراق بە گشتی و لەناو ئەنجومەنی وەزیران بە تایبەتی چۆن پێگەی کورد لاواز بکەن.
+ دەنگدان و بە یاسایی کردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە لایەن ئەو چەند فراکسیۆنەی کورد کە بە ئاماژەی شیعە دەجووڵان.
+ هاوهەڵوێستی بەشێک لە حزبە کوردستانی و فراکسیۆنەکانیان لەگەڵ بەغدا بۆ دژایەتی کردنی ریفراندۆم و رێگری کردنی بڕیاردان لە مافی چارەنووس.
+ جاسووسی کردنی پەرلەماتاران لەسەر یەکتری و رێنمایی دان بە بەغدا بۆ وەستاندنی کورد و شکست پێهێنانی حکومەتی هەرێم.
+ رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و رادەست کردنەوەی کەرکوک بە میلیشیای حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران.
هەموو ئەوانە و زۆر بەڵگەی تریش ئەو راستییە دەسەلمێنن کە شیعە و سوننەی عەرەب لەگەڵ ئەو دوژمنداریە مێژووییەی هەیانە و ئەو هەموو کێشە و قەیرانە سیاسیەی نێوانیان، توانیویانە کەڵک لە ململانێ سادە و ساکارەکانی ناو حزب و لایەنە سیاسیەکانی کورد وەربگرن، لە بەرامبەردا لایەنە سیاسیەکانی کورد نەک نەیانتوانیوە کەڵک لە دوژمنداری و کێشە و قەیرانە سیاسیەکانی ناو ماڵی شیعە و سوننە وەربگرن، بەڵکو بۆ سەرکەوتن بەسەر یەکتریدا پرسە راستەقیەنەکەی کورد کە پرسێکی نەتەوەییە، کردوویانەتە بەرانی ئیبراهیم پێغەمبەر و بۆ دەستکەوتێکی حزبی لەبەردەم چەقۆی پڕ رق و کینەی شیعە و سوننەی عەرەب رایانخستووە.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە: حزب و لایەنە سیاسیەکانی کورد لە داهاتوودا دەتوانن کەڵک لەو کارەستانە وەردەگرن کە لە ململانێ سیاسیەکان و بۆ دەستکەوتی حزبی بەسەر کوردیان هێناوە؟ بە واتایەکی تر ئەوەی لایەنەکان بە حزب حزێنە و بە پەرتەوازە کردنی ناوماڵی کورد دۆڕاندوویانە، بیر لەوە دەکەنەوە بە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی وەریبگرنەوە؟
گومان لەوەدا نییە کە لە رابردوودا ململانێ سیاسیەکانی ناو حزبە کوردیەکان وایان کردووە بەشێک لە پەرلەماتار و نوێنەرانی کورد لە بەغدا، دەوری خراپەکاری و تەنانەت جۆرێک لە خیانەتیشیان دژ بە کورد و خواستە نەتەوەییەکان بینیوە و حزبەکانیشیان نەک لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەکردوون و سزایان نەداون، بەڵکو پشتیوانیشیان کردوون، جا ئەگەر حزب و لایەنە سیاسیەکان بە هەڵەکانی خۆیاندا بچنەوە و دەستبەرداری سیاسەتی حزب حزبێنە و دەژمن بە دۆست کردن ببن، ئەوکات دەتوانن سنوورێک بۆ سیاسەتی داگیرخوازی داگیرکارانی کوردستان دابنێن و ماف و ئازادیەکانی کورد بەرجەستە بکەن، ئەوەش کاتێک دەکرێ کە لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن.
١ــ لایەنە سیاسیەکانی کوردستان وەک وەڵامدانەوەی سیاسەتی داگیرکاری و خۆ سەپاندنی شیعە بەسەر پرۆسەی سیاسی عێراقدا و ئەو زوڵم و ستەمەی ئێستا لە کورد دەکرێ، یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بایکۆتی هەڵبژانەکانی داهاتووی عێراق بکەن.
٢ــ ئەگەر بایکۆتیش نەکەن، پێویستە کورد دەستبەرداری هێزی پچڕ پچڕی حزبی ببێ و لایەنەکان وەک کورد بە لیستێک بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن.
٣ــ ئەگەر ئەوەش نەکرا، پێویستە دوای هەڵبژاردنەکان و بەر لە چوونە بەغدا، هەموو فراکسیۆنە حزبیەکان لە فراکسیۆنێکی کوردستانیدا ئاوێتەی یەکتری بکرێن و بە پلان و بەرنامەی نەتەوەییەوە بچنە بەغدا، خۆ ئەگەر لەو سێ خاڵەی سەرەوە هیچیان جێبەجێ نەکران و کورد گوتەنی: وەک رابردوو هەر فراکسیۆنە و کوڕی خواست و ئامانجەکانی حزبی خۆی بوو، ئەوا فراکسیۆنە عەرەبیەکان و بە تایبەتیش فراکسۆنی مالیکی و عەبادی کە پێدەچێ لە هەڵبژاردنەکان رکابەری سەرسەختی یەکتری بکەن، دووبارە ململانێ حزبیەکان و پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد دەکەنەوە خاڵی لاوازی کورد و بە دەستکەوت و ئیمتیازی حزبی گەمەیان لەگەڵ دەکەن و سیناریۆکانی رابردوو دووبارە دەکەنەوە، خۆ ئەگەر توانرا هەموو فراکسیۆنە حزبیەکان لە فراکسیۆنێکی کوردستانیدا رێکبخرێن و بە پلان و بەرنامەی نەتەوەیی بەرچاویان رووناک کرا، ئەوا دەتوانن سیناریۆکان پێچەوانە بکەنەوە و لە باتی ئەوەی عەرەب بە شیعە و سوننەوە کەڵک لە ململانێی سیاسی ناو حزبە کوردیەکان وەربگرن، ئەوا کورد دەتوانێ کەڵک لە دوژمنداری نێوان شیعە و سوننە و کێشە و قەیرانەکانی ناو ماڵی شیعە وەربگرێ و زیانەکانی رابردووش قەرەبوو بکاتەوە.
Top