هه‌ڵبژاردن تاكه‌ چاره‌سه‌ره‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌كێشه‌كان

هه‌ڵبژاردن تاكه‌ چاره‌سه‌ره‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌كێشه‌كان

كۆده‌نگی گشتی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ناوه‌رۆكی دیموكراسی بریتییه‌ له‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌مه‌ش بۆچونێكی درووسته‌، به‌ڵام به‌ته‌نها به‌س نیه‌، به‌ڵكو خوێندنه‌وه‌ بۆ كورسی ده‌سه‌ڵات و ئاڵوگۆری ده‌سه‌ڵات له‌هه‌ر وڵاتێك یاخود هه‌رێمێك داچه‌ند بوونی هه‌یه‌ و ئازادیه‌ گشتیه‌كان تا چه‌ند فه‌رهه‌م كراون هه‌ر له‌ ئازادی بیروڕا و بوونی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری ........هتد .
كه‌واته‌ ده‌كرێت بڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ ئاماده‌گیان هه‌بوو حه‌ق وایه‌ ناونیشانی دیموكراسی به‌و وڵاته‌ یان هه‌رێمه‌ بدرێت، له‌لایه‌كی تر خودی هه‌ڵبژاردن گرینگیه‌كه‌ی زیاتر له‌ چۆنیه‌تی یاسای هه‌ڵبژاردن دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئایا سسته‌می كراوه‌یه‌ یان داخراو؟ یاخود تاچه‌ند ده‌رفه‌ت به‌هێز و نه‌ته‌وه‌ بچوكه‌كان دراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ په‌رله‌مان و چه‌ند كورسیه‌ك بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ستور گه‌وره‌ترین پله‌به‌ندیه‌ له‌ ده‌وڵه‌ت كه‌ لێیه‌وه‌ گرنتی ده‌سته‌به‌ری ئه‌و مافه‌ سیاسیه‌ بكات، چونكه‌ ماف ئه‌گه‌ر ڕه‌گه‌زی پارێزگاری قانون و ده‌ستوری نه‌بێت، ئه‌وا جگه‌ له‌وه‌ی نایێته‌ دی به‌رده‌وامیش له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌دا ده‌بێت چ جا ئه‌و مافه‌سیاسی بێت.
هه‌موو رژێمه‌ سیاسیه‌كان و پارته‌ توندڕه‌وه‌كان به‌چاوێكی ترسناكه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ هه‌ڵبژاردن وه‌ك مافێكی سیاسی سوره‌وه‌ كراو، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو زه‌مینه‌یه‌كی له‌بارو گونجاو ره‌خسا ئه‌و كات تاكی وشیار و ته‌ندرووست ڕژێمێكی سیاسی داپلۆسێنه‌ر یاخود پارتێكی نا نیشتیمانی قبوڵ ناكات، بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێن ئاسته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ هه‌ر له‌رابردو تا ئێستا هه‌بووه‌ و هه‌ن له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌وڵی به‌رده‌وام هه‌بووه‌ بۆ مسۆگه‌ر كردنی مافه‌كانیان. هه‌ر چۆنێك بێت پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی جیهان بوونی هه‌یه‌ به‌بێ ڕه‌چاوكردنی ئه‌وه‌ی تا چه‌ند ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌شێوه‌ی ڕواڵه‌تی یان بابه‌تی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ دا ده‌كرێت یاخود ده‌رئه‌نجامی ئه‌رێنی یان نه‌رێنی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.
ده‌كرێت بڵێین هه‌ڵبژاردن رووێكی گرنگی دیموكراسیه‌ و ته‌واو كه‌ری یه‌كترن،چونكه‌ یه‌كیان بێ ئه‌وه‌ی تر به‌ ناته‌واوی پێناسه‌ ئه‌كرێن، به‌ڵام به‌پرۆسێس كردنی دیموكراسی گرینگه‌ به‌وه‌ی تا چه‌ند هه‌ڵبژاردن بوونی هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌موومان ده‌زانین به‌م شێوازه‌ پرۆسه‌ی دیموكراسی زیاتر گه‌شه‌ ده‌سێنێت و مافه‌كانی مرۆڤیش زیاتر پارێزراو ده‌بن، سه‌باره‌ت به‌هه‌رێمی كوردستانیش ده‌توانین ئه‌و ڕاستیه‌ بڵێن كه‌ نمونه‌یه‌كی جوانی دیموكراسیه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست له‌گه‌ڵ بوونی كه‌م وكوریه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وپێوه‌رانه‌ی كه‌ بۆ دیموكراسی پێویستن بونیان هه‌یه‌ و به‌رده‌وامیش له‌گه‌شه‌كردن دا بوونه‌، ئێستاش به‌هۆی بوونی كێشه‌و ئاریشه‌ له‌نێوان پارته‌ سیاسیه‌كانی كوردستان باشترین چاره‌سه‌ر بۆ تێپه‌راندنی ئه‌م دۆخه‌ هه‌ڵبژاردنێكی پێش وه‌خته‌ تاوه‌كو هیچ هێزێك موزایه‌ده‌ به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تردانه‌كات.
Top