گیانی تۆڵەسەندنەوەی ناو حزبایەتی

گیانی تۆڵەسەندنەوەی ناو حزبایەتی
حزبی كوردی لەگەڵ خۆیدا لە ناكۆكییەكی گەورەدایە، چونكە بەرهەمی كۆمەڵگەی خۆمان و دەوروبەر نییە، بەڵكو كاڵایەكی هاوردەكراوە، لەبەرئەوەی حزب لای ئێمە پڕە لە گیانی تۆڵەسەندنەوە، ناچارین بەدوای ئەوەدا بگەڕێین و بپرسین، ئاخۆ ئەو كاڵا هاوردە كراوە، خۆی هەڵگری ڤایرۆسی گیانی تۆڵەسەندنەوەیە یان لای خۆمان بە گیانی تۆڵەسەندنەوە بارگاوی كراوە؟
لەوەتەی حزب لە وڵاتی ئێمەدا پەیدابوون، دیاردەی جودابوونەوەش لەگەڵیدا سەریهەڵداوە، ئەوەی جێی سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە، كاتێ بە مێژووی سیاسیی خۆماندا دەچینەوە، دەبینین جیابوونەوە بە پاساوی فكری و هەڵوێستی نیشتمانییەوە راگەیاندراوە، بەڵام لە ئەسڵدا پاساوەكە زیاتر كەسێنی و ناكۆكییە لەسەر پلە و پۆست، لەهەموویشی سەیرتر، لە كۆمەڵگەی ئێمەدا ئەوانەی پاساوی فكری وەك دروشمێك بۆ شەرعییەتدان بە جیابوونەوە بەرزدەكەنەوە، ئەوانەن كە خۆیان بە دەستەبژێری كۆمەڵگە دەزانن و دەیان تۆمەت دەدەنە پاڵ حزبی دایك، بە حزبی دواكەوتوو و خێڵەكی و بەجێماوی دادەنێن، هەر كە وەك گرووپێك دەركەوتن و پاش چەند ساڵێكی چاوەڕوانی، دەبینی ئەو گیانی تۆڵەسەندنەوەیەی لەواندا هەیە، بەو جۆرە تۆخییە لە حزبی دایك، حزبی دواكەوتوو بە قەولی خۆیان نییە.
ئێستا گیانی تۆڵەسەندنەوە لە ناو حزبەكاندا ئامادەیە، زۆرجار رەفتار و هەڵسوكەوتی حزب دەستنیشان و ئاراستە دەكات، هەقی بەسەر ئەوەدا نییە بارودۆخ لە واقیعدا چییە و پێویستە چی بكرێتە كاری لەپێشینە و چیش دوابخرێ، لە ناخۆشترین هەلومەرجی دژواردا، بەگیانی تۆڵەسەندنەوە هەڵسوكەوت دەكات، دروشم بەرز دەكاتەوە و بەناوی نوێخوازی لە كاری حزبایەتی خۆی نمایش دەكات، حزبی كوردی كە خۆی بە جیاواز لە خێڵایەتی پیشان دەدات، لەو خۆبەجیاواز پیشاندانە لێی تێكدەچێ، هەندێ جار و لە هەندێ كاتی ناسكدا، لەوانەیە خێڵایەتی و دابی عەشیرەت، وەك نواندنی پیاوەتی و شەهامەت، لە حزب باشتر لەگەڵ رووداو هەڵبكات، لێ حزب لە دۆخێكی وەك ئێستای كوردستاندا، لە جیاتی ئەوەی ببێتە ئامرازی هێوربوونەوە، خۆی دەبێتە هۆكاری سەرەكیی ئاڵۆزی، بەگیانی تۆڵەسەندنەوە رەفتار دەكات.
ئەوەی ئەو جۆرە حزبانە دەیكەن، حزبایەتییەكە لەبەرگی نوێخوازیدا، بەڵام ئامانج ئەوەنییە كە رایانگەیاندووە، بەڵكو لێدانە لە حزبی بەرامبەر، هەر لەبەرئەوەی پێچەوانەی حزبی بەرامبەربن، ئاگایان لەخۆنامێنێ و دەكەونە دژی هەڵوێست و بۆچوونی دوێنێی خۆیان، كێشەی گەورە لەوەدایە، گیانی تۆڵەسەندنەوەی عەشیرەت قابیلی كاڵبوونەوەیە، بەڵام لەو حزبانەدا لە چوارچێوەیەكدا بۆ ناكۆكیی حزبی تیوریزە و بە بەرنامە دەكرێ، دەیانگووت گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكەن، ئێستا دەڵێن دەبێ سەرلەبەری ئەو دەموچاوانە بەوان بگۆڕدرێن، وەك ئەوەی ئەوان لەم ژینگەیەدا پەروەردە نەبووبن و لە هەسارەیەكی دیكەوە هاتبن، ئەگەر بە دەموچاوی ئەوان دونیا دەبێتە شامی شەریف و وەك خۆیان دەڵێن مووچە و خاكی داگیركراو دەگەڕێننەوە، ئەوا یەكەم كەس دەبم داوادەكەم جێگەیان بۆ چۆڵكەن.
Top