ئەو ھەموو سەفەر و ئیفادانە چی لە پەروەردە گۆڕی

ئەو ھەموو سەفەر و ئیفادانە چی لە پەروەردە گۆڕی
شاعیر و نووسەری شانۆیی ئینگلیزی بە ناوبانگ ولیام شکسپیر دەلێ"لام گرنگ تۆکێ ی من لەگەڵتام لەوەی کە دەیبینم لە تۆ، نەک لەوەی کەوا پێم دەلێن لە سەر تۆ"
مەبەستم لە باسکردنی ئەو ووتە سەرنج ڕاکێشە ئەوەیە کە بیگونجێنم لەگەڵ ئەو ھەموو سەفەر و ئیفادەی کە لە پێناو باشترکردن و بەرەووپێشبردنی پەروەردە و فێرکردن کراوە لە وەزارەتی پەروەردە و دام و دەزگاکانی پەروەردەیی .
ئایا تا چەند توانیویانە ڕێرەو و رێچکە و ئامانج و کوالێتی پەروەردە و فێرکردن بەرەووپێشەوە ببەن لە ھەرێمی کوردستان ؟ یان تا چەند کاریگەری ئەرێنی لەسەر پەروەردە و فێرکردن درووست کردووە؟ یانیش ئەو ھەموو سەفەر و ئیفادانە چی لە پەروەردە گۆڕی ؟ کە بەدڵنیایی زۆربەی ئەوانەی سەفەریان کردووە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر پەروەردە ھەیە، بەدڵنیایی لەوانەیە لێرەو لەوێ گۆڕانکاری ئەرێنی ھەبووە، بەڵام ڕەنگدانەوەی وەکو پێویست نەبووە و سەدای پەروەردەیی نەبووە و مامۆستا و قوتابی و فەرمانبەرانی پەروەردە پێی ئاشنا نەبوونە.
بۆیە گرنگە لە وەزارەتی پەروەردە وەکو رێنمایی جێ بەجێ بکرێ بە سەر ھەموو ئەو بەرێزانەی کە سەفەر و ئیفاد دەکرێن بۆ دەرەوەی ھەرێم لە پێناو چاککردن و بەرەووپێشبردنی ڕەوشی پەروەردە و خوێندن ھەر بەرێزێک بێت بگرە لە (وەزیری پەروەردە وە تا دەگاتە بەرێوەبەری قوتابخانەیەک)،(ئەگەر ئیفادی بەربکەوێت) ، کە گەڕاوە کۆڕو سیمینار و کۆبوونەوە و ڕاپۆرت و توێژینەوەی پێویستی ھەبێت لەسەر ئامانج و ئەنجامی گەشتەکە بە ووردی باس بکات(مەبەستم ساڵانی ڕابردووە) دەکرێ ئێستاش وەزارەتی پەروەردە لە ھەر کابینەیەک بپرسێ ئایا ئەو ھەموو پارە و خەرجییەی لە سەفەر و ئیفاد خەرج کراوە چی لێ بەدەست ھێنرا لە بواری پەروەردە ئەوانەی کە سەفەریان کردیە کامانەن و بەرھەمەکان چی بوون و خەرجییەکان لەو پێناوەدا چەند بوون و داھاتە پەروەردەییەکە چەند بووە؟
لەوانەیە پرسیار بکەن بلێن خۆتیش چەند جارێک سەفەرت کردووە بەلێ ئێمەش لە کابینەی حەوت چەند جارێک سەفەرمان کردووە بۆ چەند ووڵاتێک، بەڵام ھەر جارێک کە گەڕاینەوە ووتار و توێژینەوە و کۆبوونەوەمان لەسەر ئەنجامی سەفەرەکان ئەنجامدا بوو، مامۆستا و سەرپەرشتیارانی پەورەردەیی پەروەردەییمان پێ ئاشنا کردووە ، ھەر بۆنموونە ھەر سەفەرێک جگە لەوەی ووتاری پەروەردەیی لەسەر نوسراوە و بلاوکراوەتەوە ، بەڵام نموونەی ووڵاتانیش لێرە جێ بەجێ کراوە ھەر بۆنموونە کردنەوەی باخچەی ساوایان لە قوتابخانە بنەڕەتیەکان کە لە ناو شاری ھەولێر و دەوروبەر کردومانەوە لە ئەنجامی ئەو سەفەرکردنمان بوو بۆ ووڵاتی تورکیا و ئوردەن کە ئەو نموونەیە لەو ووڵاتانە و لە زۆر ووڵاتی تر جێ بەجێ دەکرا بەسەرکەوتوویی لێرەش تا ئێستا بەردەوامە بەسەرکەوتوویی سوودی بۆ کۆمەڵگە و پەروەردە ھەبووە و چەندەھا نموونەی تریش نامەوێ لێرە باسیان بکەم.
ھەروەکو من ئاگادارم چەند بەرێزی تریش کە لە سەفەر و ئیفاد گەڕاونەتەوە ووتار و کۆبوونەوە و سیمیناریان ئەنجامداوە بەڵام ژمارەیان زۆر کەمە بە بەراورد لەگەڵ ئەو ھەموو سەفەر و ئیفادەی کە ھەبووە، لەوانەیە نموونەی تری جێ بەجێ کردنیش ھەبووە کە لێرە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە ، لەبەرامبەریشدا لەوانەیە سەفەر و ئیفاد ھەبێ و پارەی بۆ خەرج کرا بێت ئێستاش پەروەردە ببڕای ببڕ سوودی لێ نەبینیوە و ھەر بەلای پەروەردەدا نەچووە ، گرنگە بەدواداچوونێک بکرێ لەسەر ئەو ھەموو سەفەر و ئیفادانەی لە سنوری وەزارەتی پەروەردە ئەنجامدراوە بەرھەمەکەی چی بووە بەڵام کێ بیکات؟! چونکە ھەموومان دەزانین ئاشنابوونی زیاتر بە خول و پێشکەوتنەکان بەشێکی گرنگە لە درووست کردن و بیناتنانی مرۆڤی پسپۆر و بەرھەم دار و کاریگەر لە ھەر بوارێک بەتایبەتی پەروەردە کە بیناتنانی کۆمەڵگەیە و ھەردەم دەبێ ھەوڵبدەین بەدوای باشترو کاریگەر تر بگەرێین و تا رێگا دوورەکان کورت بکەینەوە و پارێزراوەکان بە ئەمانەتەوە بپارێزین و ویژدانمان ئاسودە بێت ، ئەو کاتە دەلێن ئەگەر بڕوا بە قسەکان نەکەن فەرموون ئەوە کردەوەکانن ناچارن بڕوا بکەن.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top