سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا، هاوكێشەكان دەگۆڕێت

سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا، هاوكێشەكان دەگۆڕێت
فەرەنسا یەكێكە لە وڵاتە كاریگەر و پێشكەوتووەكانی دونیا و هەبوونی پەیوەندیی دیپلۆماسی لە گەڵ هەرێمی كوردستان، سوودێكی ئێجگار زۆری هەیە. لە كۆنەوە پەیوندییەكانی گەلی كورد و گەلی فەرەنسا باش بووە و وڵاتی فەرەنسا یەكێك بووە لەو وڵاتانەی هەمیشە پشتگیری دۆزی رەوای كوردی كردووە بە تایبەت لە ساڵی 1992 پێشنازی كرد لە ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ دەركردنی بڕیاری 868ی تایبەت بە پاراستنی هەرێمی كوردستان. هەر لە شۆڕشەكانی كورد و و تا راپەڕین و دواتریش تاكوو شەڕی داعش، فەرنسا هاوكارێكی باشی هەرێمی كوردستان بووە و بە بەردەوامی لە سەر هێل بووە بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد لە باشووری كوردستان و راستەوخۆ پشتگیری مافەكانی كورد كردووە. فەرەنسا یەكێكە لەو وڵاتانەی كورد دەتوانێ‌ پشتی پێ‌ ببەستێت و بە دۆستێكی نزیك و وەفاداری خۆی هەژمار بكات.
سەردانی نێچیرڤان بارازنی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری و ئەم پێشوازییە گەرمەی لە لایەن ئیمانۆیل ماكرۆن سەرۆكی فەرنسا لێیان كرا، پێشوازی كردن بوو لە سەرۆكی وڵاتێكی سەربەخۆ، پەیامێك بوو بۆ ئایندەی كورد و ئەو چوار وڵاتەی كوردستانی گەورە بە سەریاندا دابەش كراوە. ئەم پێشوازییە گەرمە پەیامێكی گرنگ بوو بۆ ئەو دەوڵەتەی كوردی كە لە ئایندەدا دروست دەبێت و دەبێتە یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی فەرەنسا و، فەرەنسا بناغەیەكی پتەوی داناوە بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی لە گەڵ كورد بە گشتی و باشووری كوردستان بە تایبەتی، گرنگی ئەم پەیوەندییە دیپلۆماسییەش لەوەدایە كە كورد دۆستێكی زڵهێز و خاوەن پێگەی تایبەتی خۆی هەیە لە ناوچەكەدا.
لە دوا رۆژدا پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و فەرەنسا دەگەنە بواری ئابووری و سیاسیی هاوپەیمانێتی گرنگ، ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانیش یەكێكە لەو پایە بەهێزانەی كە ئەم پەیوەندییانە لە سەری دروست دەكرێن و پێشوازیكردنی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەم شێوازە دیپلۆماسییە گرم و بەرچاوە، راستەخۆ پەیوەندیی بە كەسایەتیی بەهێز و كاریگەری نێچیرڤان بارزانی و پێگەی هەرێمی كوردستانەوە هەبوو.
لە شەڕی دژی داعشدا، فەرەنسا یەكێك بوو لەو وڵاتانەی كە كە پشكی شێری بەركەوتووە لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و پشتگیری كردنی لە مافەڕەواكان گەلی كورد و، بە تایبەتی ئەنجامدانی ریفراندۆم و رێزگرتن لە ئەنجامەكانی. راستە فەرەنسا دووپارتی لەوە كردەوە كە لە گەڵ یەكپارچەیی عێراقدایە، بەڵام جەختی لە یەكپارچەییەكی كرد كە بە گوێرەی دەستوور بێت و مافەكانی كورد پێشل نەكرێن.
بۆ فەرەنسا روون بووە كە بەغدا نیازی چارەسەری كێشەكانی لە گەڵ هەولێردا نییە لە رێگەی دانیشتنی سەر مێز، بەلكوو بەغدا دەیەوێت بە زەبری هێز ئایدولۆژیی مەزهەبی بە سەر كورددا بسەپێنێت و هەرگیز فەرەنساش ئەم سەپاندنە پێی قبوول نییە.
فەرەنسا وڵاتێكی كاریگەری ناوچەكەیە و دەتوانێ‌ گوشار بخاتە سەر بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكانی ناوخۆیی بە گشتی و كێشەكانی بەغدا و هەولێر بە تایبەتی، سەردانی ئەم جارەی سەرۆكوەزیرانی هەرێم دەتوانێ‌ فەرەنسا باشتر لەوە تێبگەیێنێت كە بەغدا ئیرادەی چارەسەر كردنی كێشەكانی نییە و دەیەوێت بە هۆی زۆرینەی مەزهەبی شیعە، كورد و سوونە ملكەچی ویستی خۆیان بكەن و بخرێنە ژێر هەژموونی شیعەگەرایی.
فەرەنسا ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشە و خاوەن پێگەیەكی تایبەتییە لە یەكێتی ئەوروپا، ئەمە لە كاتێكدایە كە فەرەنسا خاوەنی سیاسیەتێكی بەهێزی دەرەكییە و دەتوانێ‌ رۆلێكی كاریگەر ببینێت لە نزیككردنەوەی هەولێر و بەغدا. هەر بۆیەشە بۆ زیاتر تێكگەیشتن بە جیا بانگهێشتی فەرمی سەرۆكوەزیرانی عێراق و هەرێمی كوردستانی كردووە و دەیەوێت میكانیزمێك بدۆزیتەوە بۆ لێكنزێككردنەوەیان.
Top