خاک پیرۆزترینە

خاک پیرۆزترینە
خاوەنی هەر ئایدیاو بیروباوەڕێک بین ئارەزوی پیادەکرنی دەکەین لەسەر ئەرزی واقیع بەبێ کیانێکی سەربەخۆ یان سەرزەمینێک کە ئازاد نەبین لەسەری ئەوەش مەحاڵە، بەبێ بونی خاک بونی ئێمە وەک مرۆڤێکی خاوەن ڕێزو سەروەری بونی نیەو دەبێ تا ماوین لە دەرەوەی دەروازەکانی مێژوو سەرشۆڕانە بوەستین نەکەس دەمانبینێ و نە بەهیچ ئەژمار دەکرێین.

بەدبەختیە خەمی کرێکارانی هەمو جیهان بخۆین بۆ خۆشمان ئەوەندە لە دواوە بە جێ مابین کرێکارمان هەر نەبێت، فرمێسک بۆ سەرجەم موسڵمانانی دونیا بڕێژین لە بەر ئەوان خۆمان بیرچوبێتەوە ئەوانیش نەزانن ئێمە چین و لە کوێین و تەنانەت بەو هەمو ئاراستەو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەی کە هەیانە دژایەتیشمان بکەن، لێرە دارو بەردی نیشتمان وێران بکەین تۆزقاڵێک بەزەییمان بە هیچ شتێکیدا نەیەتەوەو کە پەناهەندەی لای ئەوانیش بوین ڕێزی سەگ و پشیلەکانیشیان دەگرین و تا ماوین ئەوەندە هاوڵاتی باش دەبین گڵۆپ و هێڵێکی سوور ناپەڕێنین.

پێشمەرگەیەکی شاخ گێڕایەوە کاتێ بۆمبارانی بەعسمان لەسەر بو بە هاوڕێیەکی کۆمۆنیستم وت: ئەوە دوژمن بە چەکی ڕوسی لێمان دەدات بۆ داوا لە ڕوسیا ناکەن چەک بەو دڕندانە نەدات بۆ لێدانی ئێمە کابرا وەڵامی دامەوە وتی: با ڕوسیا سوود لە فرۆشتنی چەک بکات نەک ئیمپریالیزم.... هەندێکیشان دەیانوت ئەگلر لە ڕوسیا باران ببارێت ئێمە دەبێ لێرە چەتر هەڵبدەین، ڕیسواییە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، یان کاتێک لە موسڵمانێکی کە تەنیا کەڵکەڵەی گێڕانەوەی خەلافەتی لەسەردایە دەپرسی ئەوە خێرە هیچ لایەن و گروپێک و دەوڵەتێکی ئیسلامی دانی خێرمان پێدانانێت وەڵام دەداتەوەو دەڵێ: ئێمە ئامانجی گەورەترمان هەیە ئەویش ڕزگارکردنی فەڵەستین و کوشتنی هەمو جولەکەیە و پێویست ناکا توانای خۆمان لە شتی لاوەکیدا بەهەدەر بدەین، ئەوەیان گومڕایی ڕاستەقینەیە!!.

پیاوانی حیزب نیوەی خاک دەفرۆشن و نیوەی نیوەکەی تریش لە هەڕاج دادەنێن و هەموو گەل توشی داڕمانی ناوخۆیی و سیاسی و ئابوری دەکەن و ڕوحیەتی بەرگری و بەرخۆدان دەبەنەوە ئاستی سفرو دوژمن هەمو پیرۆزیەکان پێشێل دەکا و لایەکی نیشتیمان ئاوارە دەبێ و ڕوبەڕوی جینۆساید دەبێتەوە ئەندامانی ئەو حیزبە کە پشکی شێریان لەو نەهامەتیانە بەرکەوتووە نەک نوزەیان لێوە نایە بەڵکو پاساوی وا بۆ خیانەتکاران دێننەوە کە بەبیری خودی خاکفرۆشانیشدا نەهاتووە، دەبوایە لافاوێک لە توڕەیی هەڵبستێنن ئەو کاڵفام و هەرزەکارانە ڕاماڵێت و تا لە ژیاندا بونایە نەیانتوانیبایە سەریشیان بەرز کەنەوەو تا گەل ماوە کەسیتر زاتی بیرکردنەوەشی لە خیانەتکاری نەکردبایەوە، کە ئەوە نەکرا، ئاماژەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە گەل لە دوا ساتەکانی ژیانە کولەمەرگیەکەیدایە.

تو وەرە شێخێکی پاکستانی و مەغریبی وسودانی جێگەی پشت بێبەستن و دەستپێوەگرتن بێ بەڵام دەستی مناڵێکی شەهیدی ئەم ئاوو خاکە نەک نەگیرێ بەڵکو سوکایەتیش بە خوێنی باوکی شەهیدی بکرێ، عاجباتیە سەدان ئافرەتی ئەم سەرزەمینە ناوی خۆیان بگۆڕن لە نیشتمانەوە بۆ ساجیدە، ئەوەی دواییان هەر زۆر سەیرە!!!.

بە کورتی خۆشگوزەرانیە تایبەتیەکانمان و پەیوەندیە عەشیرەتیەکانمان و ناوچەگەرێتی وشارچێتی و بەرەباب و پڕکردنەوەی چاڵ و چۆڵی شەقامەکان و دامەزراندنی دوبارەو تەنانەت شەڕە گەڕەکیش پیرۆزتر و لەپێشتر بێ لامان لە خاک و خوێنی شەهیدان و سەربەخۆیی و سەربەرزی، ئاوا بڕوا حاڵمان هەر ئەو حاڵە دەبێت و زۆر دورە ببین بە هیچ.

عبدالستار احمد
Top