دەربەندیخان خەمێک بۆ ھەمووان

دەربەندیخان خەمێک بۆ ھەمووان
وا دیارە قەدەری گەلی کورد لە گەڵ چارەنووس لە لوتکەی کێبڕکێدایە چونکە ڕۆژمان ھەژمار دەکرد تاوەکو قەتماغەی ساڕێژی برینە سیاسیەکانمان ببینین بەڵام سروشت ناخی ھەژاندین و داوای لێمان کرد پەلە نەکەین لە گەیاندنی نزاکانمان بۆ یەزدانی مەزن چونکە ھەواڵی دوو ھێندە کردنی نزاکانی بە ئێمەی خێر لە خۆ نەدیودا , دووبارە بردنەوەی نەھامەتی و ڕژاندنی فرمێسکی بە سەر خەوی ئارام و ئایندەی گەشدا ڕاگەیاند.
بەڵام گەلی کورد ھەرگیز نەڕوخاوە و ناڕوخێ لە بەرامبەر کۆستەکان چونکە لە دوایی ھەموو نەھامەتیەک ڕوحی باوەڕ بە خۆبوون و چەسپاوی و ھەڵسانەوە لە دڵی ھەموو تاکێکی وڵاتەکەمان سەر لە نوێ چرۆ ئەکات و مژدەی بینینی کازیوەی بەری بەیان ئەدا بە گوێی خۆر.
بومەلەرزەی ئەمجارە بەرزترین پلەی تۆمارکرد لە مێژووی بومەلەرزەکانی کوردستان ,زیانێکی زۆری گیانی و ماددی لێکەوتەوە,وەک ھەمیشە ئاسا چاوی ماتەم ڕووخساری ھەمووانی داگیر کرد ھەر یەک لە شوێنی خۆیەوە ھاوخەمی و پاڵپشتی بۆ قوربانیان دەر ئەبڕی,ئیتر ھەموو کوردستان بووە دەربەندیخان وە لە سەروی ھەموو ئەمانەش چوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ ناوچەکە و لە نزیکەوە بینینی دیمەنە وێران کراوەکان زیاتر ئارامی بە خەڵکی ناوچەکە و کەسوکاری قوربانیان بەخشی,تۆوی ھیواو خۆڕاگری لە دڵی ھەمووان ڕواند چونکە چەند کاژێرێک دوایی ڕووداوەکە لەملا و ئەولا چرپە چرپێک دەھاتە بەر گوێمان و گلەیی دەکرا کە بۆچی دەسەڵاتداران و بەرپرسان بۆچی بە ھانای ئەو خەڵکە لێقەوماوە ناچن ھیچ نەبێ کەمێک تێکەڵ بن لە گەڵ ئازار و فرمێسکەکانی ھاوڵاتییان.
بەڵام بە سەرکردنەوەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بووە ھۆی کپ کردنی ورتە ورتی زمانە لاسارەکان چونکە یەکەم بەرپرس بوو لە کەمترین کاتدا سەردانی ناوچەکەی کرد.
بۆ ھەمووان جێگای شانازی بوو کاتێک بینیمان سێبەری سەرۆکی حکومەت کەوتۆتە سەر بلۆک و دیوارە ڕووخاوەکان و دەیەوێ راستەوخۆ بۆنی تۆز و خۆڵی داڕمانەکە بکات و قەبارەی ماڵوێرانی و قوربانیەکان لە سەر چاوی بنەخشێنێت .
تاوەکو لە دەرئەنجامدا بە ئەرکی بەرپرسیارانەی خۆی ھەڵبستێت و بتوانێت ھزری شیاو بخاتە گەڕ و بڕیاری ھاوکاریکردن و قەرەبوو کردنەوەی زیان لێکەوتوان و قوربانیان بدات , ئەمەش سەرچاوە دەگرآ لە سۆنگەی ھەست کردن بە ئازار و بەرپرسیارییەتی و دووپات کردنەوەی بنەمای خزمەت کردن و بە ھاناوە چوونی ھاونیشتیمانیان لە ھەموو بار و دۆخێکدا .
گومانی تێدا نیە دەربەندیخان ئاشنا بوو بە یەکەم چرکە ساتی ساڕێژ بوونی برین و ئازارەکانی چونکە لە پرسەکەیدا ترۆپکی دەسەڵات و یەکە بە یەکەی ھاونیشتیمانیان بەشدار بوون وە بە تایبەتی کاتێک سەرۆکی حکومەت چەند بڕیارێکی گرنگ و پێویستی دەرھەق بە کارەساتەکە دەرکرد وە دوایی دەستخۆشی کردنی لە سەرجەم دام و دەزگا و یەکە ئیداریەکانی ناوچەکە, دووبارە ڕایسپاردن کە بەو پەڕی خەم خۆری و بەرپرسیاریەتەوە ھەموو تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ خزمەت کردن و بە ھاناوە چوونی زیان لێکەوتووان .
بۆیە دەتوانم بڵێم لە ھەموو ماڵێکدا زەنگی ئارامی و ئاسوودەیی لێدرا ڕەنگی تەنیایی و ڕەگی بئ ئومێدی و پەراوێز خستن وەدەرنران ,جارێکی تر بە ھەوڵ و ماندوو بوونی ھەمووان پەیامی تەحەدا و بوێریمان بە قەدەر و چارە نووس ڕاگەیاند.
کۆتا قسەم لە یەزدان ئەپاڕێمەوە شەھیدەکانمان بە فیردەوسی خۆی شاد بکات و ھەرچی زووە شیفای بریندارەکان بدات و کوردستان سەلامەت و ئاوەدان بکات
Top