ئافرەت و گەشەپێدانی هەستی نەتەوایەتی
October 23, 2017
وتار و بیروڕا
لەم كات و قەیرانەدا ئافرەتانی كورد هەمیشە پشتگیریی هێزی پێشمەرگە بوون و بەبێ دابڕان هیچ كاتێك ئافرەتی كورد لە خەباتی كوردایەتی دانەبڕاوە، ئەوەی من بە گرنگی دەزانم لەم كاتەدا لە هەموو كات زیاتر ئافرەتانی چالاكوانان دەتوانن رۆڵی باش بۆ ڕزگاركردنی كوردستان بگێڕن. لەم كاتەدا هەوڵی ئافرەتان رزگاركردنی وڵاتە لە قەیران و كێشەكان،چونكە ئەوان دەتوانن هانی خەڵك بدەن و ببنە پاڵپشتیی گشت كۆمەلگە، بە بڕوای من هەموو ئافرەتان دەتوانن كار بكەن، بەڵام ئافرەتانی چالاكوانان باشتر دەتوانن كار بكەن، چونكە ئەوان زۆرتر كاریگەرییان لەسەر ئاراستەی كۆمەڵگە و هۆشیاركردنەوەی تاكەكان دەبێت، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە دەبێت هەموومان هانی ئافرەتان بدەین كە هاوكاریی گشت تاكەكان بن لە وەڵامدانەوەی ناحەزانی گەلەكەمان، چونكە نەیارانی گەلی كورد هەموویان دژایەتیی ئەم ئەزموونەمان دەكەن، بەڵام دەكرێت هەموومان پێكەوە كار بكەین بۆ ڕزگاركردنی كوردستان لەم دۆخەدا. گەلی كوردستان لەم كاتەدا پێویستی بەچینی رۆژنامەنووسان و چالاكوانانە، بەتایبەتی ئافرەتانی رۆژنامەنووس و ڕاگەیاندكار كە بتوانن هەنگاوی خێرا بنێن لە رێگەی نووسین و بڵاوكردنەوەی بابەتی نەتەوەیی، چونكە لەم قۆناغەدا گەشەكردنی هەستی نەتەوەیی، روونتر بڵێم زیندوكردنەوەی هەستی نەتەوایەتی یەكەم هەنگاوی سەرەكییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەگەرێكی نەخوازراو، واتا دەكرێت ئافرەتانی رۆشبیر جا لە هەر جۆرە كارێكدابن بە بەردەوامی هانی گشت ئافرەتانی تر بدەن بۆ ئەوەی هەستی نەتەوایەتی بڵاوبكەنەوە،چونكە ئافرەت باشتر دەتوانێت كار لەسەر بڵاوكردنەوەی هەستی نەتەوایەتی بكات لە گشت ناوچەیەكی وڵات. لەلایەكی ترەوە ئافرەتی رۆشنبیر دەتوانیت ببێتە مەشخەڵ هەڵگری كۆمەڵگە پێشەوایەتیی كۆمەڵگە بكات بۆ پێشخستنی تاكەكانی كۆمەڵگە و هۆشیاركردنەوەی تاك. لە كۆتاییدا دەكرێت ئەم هەنگاوانە بكرێنە خاڵێكی گرنگ بۆ برەودان بەهەستی نەتەوایەتی تاكەكان، واتا دەتوانین بڵێین كۆمەڵگەیەكی تۆكمەمان بە پاڵپشتیی ئافرەتان بۆ دروست دەبێت لەو باوەڕەدام لە ئێستادا ئافرەتان بە بڵاوكردنەوەی هەستی نەتەوایەتی دەتوانن زۆرترین كاریگەرییان هەبێت. لەلایەكی ترەوە ئافرەت دایكە دەتوانێت نەوەكەی وەها پەروەردە بكات لە هەموو كەس زیاتر هەستی نەتەوایەتی بەهێز بێت، چونكە دایك زۆرترین كاریگەری لەسەر هەستی منداڵەكانی هەیە، لەلایەكی ترەوە ئەركیكی زۆر گرنگ لەسەر شانی ئەو ئافرەتانەیە كە مامۆستان بەتایبەتی مامۆستایانی قۆناغی بنەڕەتی، چونكە دەتوانن كاریگەری لەسەر هەستی نەتەوایەتی منداڵانی قوتابی دروست بكەن، وانەكانیان بكەنە خزمەتی بابەتی نەتەوایەتی و پێشخستنی هەستی نەتەوایەتی لە قوتابخانەكاندا، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە ئافرەتان دەتوانن باشترین كاریگەرییان لەسەر هەستی نەتەوایەتی هەبیت، لە ڕوویەكی ترەوە كاتێك كە تەماشای تەشەنە كردن و بە هێزبوونی هەستی نەتەوایەتی لەلای میللەتان بكەین دەبینین هەموو كاتێك ئافرەتێك بۆتە هەڵگری مەشخەڵی نەتەوەیی. ئەمە زۆر لە مێژووی گەلاندا دووبارە بۆتەوە. هەروەها پێویستە كار لەسەر ئەوە بكرێت كە ئافرەتانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هەڵمەتی هۆشیاری لە گشت لادێ و گوندەكاندا دەست پێبكەن بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری نەتەوایەتی لە هەموو پارچەیەكی كوردستاندا، چونكە ئەمڕۆ گەلەكەمان بە قۆناغێكی زۆر هەستیارو تایبەتمەندا رەت دەبێت كە خۆی لە خۆیدا مێژوویەك تۆمار دەكات كە رەنگە هەتا هەتایە لاپەڕەكانی مێژوو شانازی پێوە بكەن. خاڵێكی تر كە من بەپێویستی دەزانم بە جیددی باسی بكەم ئەوەیە كە لە لاپەڕەكانی مێژوودا تیشك بخرێتە سەر ئەو ئافرەتانەی كە كاریگەرییان لەسەر رەوشی خەباتی گەلان هەبووە بەتایبەتی ئافرەتانی كورد كە خەباتكەربوون و بوونەتە پێشمەرگە و خەباتیان كردووە، بۆ نموونە مێژوونووسان و نووسەرانی وڵاتانی عەرەبی زۆر بەگرنگییەوە لە خەباتی جەمیل ئەبو حیردی جەزائیری دەدوێن بە بڕوای منیش پێویستە مێژوونووسانی كوردستان و نووسەران زۆر بە گرنگییەوە لە خەبات و كارو چالاكی تێكۆشەرێكی وەك لەیلا قاسم بدوێن، پێویستە چەندین توێژینەوەی دەرچوون و بابەتی زانستی لەسەر ئامادە بكرێت، هەروەها پێویستە توێژینەوەی تایبەتی لەسەر خەباتی گشت ئافرەتە پێشمەرگەكان هەبێت بەتایبەتی ئەوانەی بەشدارییان لەخەباتی پێشمەرگایەتی شاخ و خەباتی نهێنی ناو شار كردووە.
* سەرۆكی رێكخراوی ئاریانا