لەبارەی پیرۆز بوونی عێراق !!

لەبارەی پیرۆز بوونی عێراق !!
ئەگەر سەیری تۆمارە ئاشوری و بابلیەکان بکەین لە (ھەزارەی یەکەمی) پێش زاین ئاماژە بە دانیشتوانی کوردستان کراوە بەناوی (ئۆراتۆ و میدی و مانی .....ھتد) ئەمانە ئەقوامی کۆنی کوردن ڕەچەڵەی ئێمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوان لێرەوە دەگەینە ئەو راستیەی کە کورد نەتەوەیەکی جیاوازە لەنەتەوەکانی تر لەڕووی (زمان و کلتور و داب ونەریت و مێژوو....ھتد)، بەڵام لەبەر ئەوەی کوردستان ڕووبەرووی ھێرش و پەلاماری نەتەوەکانی دراوسێی بووە نەی توانیووە ببێتە خاوەن دەوڵەت و دامەزراوەی سیاسی خۆی. بەرھەحاڵ لەخوێندنەوەی من بۆ مێژوو ئەو تێگەیشتنەم بۆ درووست بوو عێراق لای عەرەب پیرۆزە وحەز بە دابەشکردنی ناکەن و بەزەبری ھێز ھاتونەتە ئێرە و بەزەبری ھێزیش نەبێت چۆڵی ناکەن، چونکە ئەو ناوچەیە بەتایبەت کوردستان ناوچەیەکی پڕ بەرکەت و دۆڵەمەندە، پێشتر عەرەب لێرە نیشتەجێ نەبووە و ئەوان بە شەرعیەتی فتوحات نە ھاتونەتە ئێرە لەکاتێکدا ئەوعەرەبە کەمەی لەو ناوچەیەش ھەبونە کەسانێکی ژێردەستەی ئیمپراتۆریەتی میدیەکان بوون و ملکەچی ھەموو فەرمان و یاساییەکی ئەوان بوون، بەڵام دوای سەرھەڵدانی ئاینی ئیسلام لە نیمچەدورگەی عەرەبی ( شانشینی سعودیای ئێستا) و زیاتریش دوای فتوحاتی ئیسلامی لەسەردەمی خەلیفەی دووەمی راشدین (عومەری کوری خەتاب) موسڵمانە عەرەبەکان ڕوو لەناوچەکانی دۆڵی رافیدین و ناوچە کورد نشینەکان ئەکەن، وەک ئاشکرایە ئاین وەک خۆی نەرم و ھێمن بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو عەرەبانە تەماحکاری گەورەیان لەو ناوچەیە ھەبووە و بەزۆری زۆردار حوکمی خۆیان سەپاندووە و نەیانھێشتووە کەلتور و نەریتی ڕەسەنی پێوە دیاربێت ئەم مێژووە درێژدەبێتەوە بە درێژایی حوکمی عەباسی و ئەمەوی و مەغۆڵ و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی و ھاتنی ئینگلیزەکان.
عێراق لای عەرەب پیرۆزە و پارچەکردنیشی بەھێڵێکی سور ئەزانن بێ ئاگان لەوەی بنچینەی دامەزرندنی ئەو دەوڵەتە سیاسیە لەسەر ئەساسی پوچەڵی دامەزراوە و ئەوان لەسەر ئەم خاکە بەزۆرداری حکومیان کردووە و دەبێت ئەوەش تێبگەن کە ئەنجامی ھەر پوچەڵیەک کۆتایی ھاتنە.
عێراق یان بوترێت دۆڵی رافیدین خاوەن شارستانیەتی مەزن بووە و یاساکانی حامورابی بە کۆنترین یاسا دادەنرێن لەمێژووی مرۆڤایەتی و جۆری مامەڵەی مرۆڤەکان و ئاداب و فەرھەنگ لەو ناوچەیە زۆر بەرز دەنرخێنرێت، بەڵام لەگەڵ ھاتنی عەرەب بەداخەوە ناوی پیرۆزی ئاینی ئیسلامیان بەکارھێناوە سەرەنجام تەواوی شوێنەواری شارستانیەتیان شێواندووە بەتایبەت شارستانیەتی کورد لەوەش زیاتر ھەموو ئەوەی بونیادیان ناوە بە پیرۆزی لێک ئەدەنەوە و بەزۆری بەسەر نەتەوە غەیرە عەرەبەکان دەیسەپێنن!.
ریفراندۆمی (٢٥ئەیلول) لە ھەرێمی کوردستان بەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کۆتایی نیزامێکی سیاسی عێراقی نابەدڵە و سەرەتایی گەڕانەوەی مێژوویەکی دروستە کە تیایدا شارستانیەتی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە دەبینێت و دەمێکە لێیەوە دابراوە، لەبەر ئەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی زیندوو لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ ھەزاران ساڵ پێش زاین لەم خاکە ژیاوە و کلتور و زمان و مێژووی خۆیان پاراستووە و دوور و نزیک پەیوەندی بە عەرەب و فارس و تورکەوە نیە.
لەکۆتایدا دەبێت ئەوە بڵێن عێراق بۆ عەرەب پیرۆزە، چونکە بە ویستی خۆیان ئەوەی بیانەوێت فەرمانڕاوەیی و بنەماکانی بەرێوەبردنی لەسەر دەکەن، بێگومان ئەوەش لەسەر حیسابی خەڵک و نەتەوەی تر بووە، خەڵک و نەتەوەی غەیرە عەرەب مافی خۆیانە پێداگیری لەسەر ئەوە بکەن مافی زەوتکراوی خۆیان وەربگرنەوە و ڕووداو و کاتی مێژووی ڕاستەقینە جارێکی تر بونیاد بنێنەوە، کورد دەستی بەو ھەنگاوە کردووە و دەبێت بەردەوام بێت و ماندوو نەبێت، چونکە عێراق لای عروبە مقدسە و نیەتێکی نامقدەسیش پێویستی بە بەرەنگاری گەورە ھەیە سەرەڕای ئەوەی کاتی زۆریشی ئەوێت، بەڵام ئیرادە و ویستی مەزن نرخی کاتت بۆ کەم دەکاتەوە، ئێمەش پشت ئەستورین بە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان کە دەبێت ئامانجە مەزنەکە بەدیبھێنین ئەویش سەربەخۆی کوردستانە.

Top