ئەگەر لەبەر چاوییان بگرین

ئەگەر لەبەر چاوییان بگرین

١.واتا بەخشین بە سیاسەت، ئەرکێکی گرینگی ژیانی رۆژانەی میللەتانە، بۆ راپەراندنی ئەم ئەرکە ، چەمکێکی سادەی ژیانی مۆدێرن بریتییە لە تەقسیمی کار- دابەشکردنی ئەرک- لە کۆمەلگای کوردییدا ناتوانین هەموو گەنجان و خۆێندەواران خەریکی داریشتنی ستراتێژیی سیاسیی و رزگاریی بن، دەبێ دابەشکردنی کار لە نێوان ، سەرۆکایەتی، ئینتێلجێنسیا(ئەوانەی ئیدارەی رۆژانەی ولات رایی دەکەن)، و رۆناکبیران دا هەبێت و جێگێر بکرێت. ئەم کارە بە تایبەت لە بارو دۆخی ئێستادا کە دەبێ بەرگریی لە خۆمان بکەین و دەستکەوتەکان بپارێزین گرینگە. ئێستا لە ئیدارە و ئابووریی ولاتدا لە مەرحەلەی موقاومەت و بەرگرییداین. ئەوەش بەوە دەکرێ کە هەر کەسە لە شۆێنی کاری و ژیانی خۆیدا خۆی و دەور وپشتەکەی بە هێز بکات و بپارێزێت و پێداویستییەکانی بە یارمەتی یەکتر، دابین بکات.
٢.کە بەرژەوندیی ولاتێک پێناسە کرا و هاوبیریی لە سەر ئەو بەرژەوەندییە لە ئاستێکی بەرفراوانی کۆمەلایەتیدا مسۆگەر کرا ، کە ئێستا لە کوردستاندا رێفراندۆم ئەم کارەی کرد و هەنگاوێکی مێژوویمان هاویشت ،ئەو دەم قسە کردن و رادەربرین بە پێی ئەم بەرژەوندیی و گۆتاریی سەردەستەوە رێکدەخرێت نە زیاتر و نە کەمتر ناگۆترێت، قسەی هەوتووی داهاتوو و مانگی داهاتوو ئەم رۆ ناکەین، ئەگەر بکرێت، زیان بە گۆتاریی سەردەست و یەکەتی دەنگی میللەت دەگەینێت.
٣.دروست و بە جێیە کە دەبێ پاڵپشتی یەکتر بین و هێز بدەینە یەکتر و لە خۆشی و ناخۆشی دا هەوڵ بدەین وورەمان بەرز بێت، بەلام نابێ راستییەکان نەبینین و راستییەکان لەگەل دنیای دەرەوەی خۆمان باس نەکەین، بۆ نموونە ئێستا ناتوانین بە دنیای نەلەین کە ئێمە میللەتێکی مەزلوومین، ناتوانین نەلەین کە ئێمە میللەتی کۆرەوین و بە خەباتی بێ وچان خەریکین خۆمان پێش دەخەین و خۆمان دەپارێزین و پێویستیمان بە دۆستانمان هەیە، ناتوانین بە دنیای نەلەین کە لە شەری پاراستنی خۆمان و دنیادا نزیکەی دووهەزار رۆلەی پێشمەرگەمان فیدا کردوە و بە هەزاران بریندارمان هەیە، بۆیە شایستەی پشتیوانین، ناتوانین بە دنیای نەلەین کە ئێمە خوازیاریی هاوکاریی فەرهەنگی، ئابووریی و سیاسی لەگەل هەموو پێکهاتەکانی ناوچەین بەلام دەولەتانی داگیرکەر تەنیا ژێر دەستی بۆ ئێمە بە رەوا دەبینن ، هەر چۆن کە ئێستا لە دوای رێفراندۆم لە هەڵوێستەکانیان دەرکەوت کە بە راشکاویی رایانگەیاند کە نە ئێستا ونەلە داهاتوودا کوردستان بۆی نییە سەروەری خۆی هەبێ.
٤.دەبێ بە دنیای رابگەینین کە ئاومان لە سەر دادەخەن ، فرۆکەخانەمان لێ دادەخەن، سەرچاوەکانی داهاتمان لێ دادەخەن، ئێمەش هەم شەری پاراستنی دنیامان لە دژی گەورە رێکخراوی تێرۆر دا کردوە و هەمیش دوو میلێۆن پەنابەری عەرەبی عێراقمان بە خەێو کردوە ، ئێستا ئەوەی لە ناوچە دا لە دژی کورد دەکرێ نە حەقە و نە ئینسافە و نەک ئینسانییەتە و گشت لایەنەکان بەرپرسیارییەتیان هەیە سەبارەت بەم بار دۆخەوە.
٥.باش دەزانین کە دەروازی گەیشتنی ئێمە بە ئازادیی و ریفاە پێوەندیی و یەکانگیربوونمانە لەگەل دنیای ئازاد و تەنانەت جیرانەکانیشمان، بەلام دەبێ رێگامان بۆ بکرێتەوە تاکوو بتوانین تەجروبەی سەرکەوتووی خۆمان لە رۆژهەلاتی ناوینی پڕ لە گرفتدا بەردەوام کەین، بۆیە ئەمرۆ زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستیمان بە یارمەتی دۆستان و کۆمەلگای نێو دەولەتی هەیە و تەنانەت هیوامان بە سەرکەوتنی عەقلی سەلیم لە سیاسەت و کردەی جیرانەکانیشمان هەیە، بۆیە تەنیا قسەکردن و دیالۆگ دەتوانێ رێگای لە یەک تێگەیشتن بکاتەوە ، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایە کە ئازادی و سەربەستی یەکتر وەک پێش مەرج قەبوول بکەین، هیچ دیالۆگێک بە مەرجی قەبوولی کۆیلەتی جێگای قەبوول نییە.
حوسێن کوردنەژاد
Top