ناخی شۆڤێنییەت

ناخی شۆڤێنییەت
پەرچەکرداری پڕ لە ڕق و توڕەیی شۆڤێنیەکانی بەغدا لە ڕێوڕەسمی هێنانەوەی تەرمی مامجەلال لە ژێر پەرچەمی ئاڵای کوردستاندا، بەرهەمی ژینگەی پڕلە توندوتیژی‌و دڵڕەقیی سەدەیەکی شۆڤێنیەتی عەرەبی عێراقە، دەرئەنجامی مێژویەک لە سەرکوتکردن و بێبەشکردنی نەتەوەی کوردە لەو عێراقەی تەنیا ئینسانکوشتن‌و ئاوارەیی‌و دەربەدەریی و بەدبەختی بەرهەمهێناوە.
‏‎ناخی شۆڤێنیەتی عەرەبتان بینی .؟! کە چۆن ئەودیوی دەمامکیان بە درۆی شاخداری شەراکەت و برایەتی ( کورد و عەرەب ) بۆیاغ کراوە .
ئەو دیمەنانە پێماندەڵێت: نەتەوەی سەردەستەی شۆڤێنیەت لە عێراقدا، ساڵەهایە ژیانی ئێمەیان کردۆتە بارمتەی سیاسی وئایینی ‌و ئامانجە گڵاوەکانیان، هۆشداریمان پێدەدا کە ڕۆحی تۆڵە سەندنەوەو خوێنڕێژی لە ناخ و مێشکی وشکی شۆڤێنییەکانی عەرەب پەنگی خواردۆتەوە لە هەر ئان وساتێکدا ڕەنگە بە ڕوماندا بتەقێتەوە.
‏‎لە ڕاستیدا دانیشتنی کورد بەدیار ئەم دەستەڵاتدارە تائیفی وتاکڕۆیەی بەغداو یاساو ڕێسا درۆینەکانی دەستوری عێراق، هەم خۆکوژییە، هەمیش ڕێگاخۆشکردنە بۆ بەردەوامبوونی ‌چەوسانەوەو کۆمەڵکوژی و مانەوە تا ئەبەد لە ژێردەستەییدا ...
‏‎سەرۆک بارزانی، بۆئەوەی پارێزگاری لە ژیان‌و حورمەت‌و کەرامەتی گەلێک بکات، دەستی بۆ کارێکی پێچەوانەی ئاڕاستەی حکومڕانانی بەغداو فکری شۆڤێنییەتی عەرەبی بردوە، بارزانی گوێی بە هەڕەشەی داگیرکەرو نەیارانی سەربەخۆیی کوردستان نەداو، دەیەوێت سەربەخۆیی کوردستان بکاتە بەدیلی شەراکەتی فاشیلی (کورد – عەرەب).
‏‎داپۆشینی تەرمی مامجەلال بە پەرچەمی کوردستانەوە، سەلماندی کە ئاڵا وەک یەکێک لە سیمبۆڵە سەرەکییەکانی نەتەوەو نیشتمانی کوردستان، چ ڕۆڵێکی گرینگی هەیە لە بەرهەمهێنانی فکری نەتەوەیی کورد و دەرخستنی ناخی دوژمنان .. پەرچەمی میللەتان بەشێکە لە پرۆسەی دروستکردنی ئەو ڕووبەرە نەتەوەیی و نیشتمانییەی کە کۆمەڵگا بە سنووری جیاکردنەوەی خۆی لە دونیای دەروەی خۆی دەزانێت، پەیامی بێدەنگی بارزانی و ئاماژەکانی شکۆدانان بۆ کۆچی تاڵەبانی، کۆتا بڕیاری ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان، کەوتە بن گوێ و ناو دڵ ودەرونی داگیرکەران و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی .
‏‎ دیمەنەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی پیشانی هەمووانی دا کوردستانی سەربەخۆ لەڕێگای ئاڵاوە بەرگریی لە بوونی تایبەتمەندی نەتەوەیی و نیشتمانی سەربەخۆبون و پاراستنی ڕەمزەکانی گەلی کوردستان دەکات ..
‏‎پێرێ وەک یەکێک لە ڕەمزە نەتەوەیی و نیشتمانەییەکان ڕێز لە شکۆی گەورە پیاوێکی سیاسی کورد گیرا، نرخی بەرزی بۆ دانرا، بۆیە تاڵەبانی و بارزانی و ئاڵای کوردستان، سێ ستوونی پتەوەی بەردی بناغەی دەوڵەتی سەربەخۆیی دەبن و گەلی کوردستان لە دەورەی خۆیاندا کۆدەکەنەوە، دەشێت ئەم پەیامەی مەراسیمی ئەسپەردەکردنی تاڵەبانی، ببێتە باشترین هێز بۆ کۆکردنەوەی تەواوی کۆمەڵگەی کوردستان لەدەوری ڕەمزە نەتەوەییەکاندا، بەمەبەستی زاڵبوون بەسەر کێشە و گرفتە سیاسییەکانی کوردستان و هەرچی زووە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان.
Top