لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم پێویستە ئەمریكا رۆڵی خۆی لە كوردستاندا بگێڕێت

لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم  پێویستە ئەمریكا رۆڵی خۆی لە كوردستاندا بگێڕێت
ئەم وتارە رۆژی 29ی ئەیلوول لە ئامۆژگای واشنتۆن بۆ دیراسەتی رۆژهەڵاتی نزیك بڵاوكراوەتەوە.

«سەپاندنی گەمارۆ و سزادانی كوردستان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، سەرەڕای ئەوەی دەرفەت دروست دەكات بۆ خۆكۆكردنەوەی داعش، لە هەمانكاتدا دەبێتە هۆی باڵادەستبوونی ئێران و لەوانەشە كارادنەوەی ئەوەی هەبێت كوردی ئێرانیش بجووڵێت. لەبەرامبەر ئەمەدا ئەندامانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا پێیان ناخۆشە كە ریفراندۆمەكەی كوردستان ئاڵۆزیی زیاتر بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەڵام نابێت بچنە ژێرباری هیچ هەوڵێكەوە بۆ لەباربردنی توانای هەرێمی كوردستان بۆ هەنگاوهەڵگرتن بە شێوەیەكی سەربەخۆ، چونكە ئەمە گرنگییەكی زۆری دەبێت ئەگەر هاتوو وەكیلە ئێرانییەكان باڵادەست بوون لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی داهاتووی عێراقدا كە بڕیارە لە نیسانی 2018 بەڕێوەبچێت.»

كوردی عێراق دراوسێكانی تووڕە كردووە، بەڵام رێوشوێنەكانی سزادان بۆی هەیە بە رەوتێكی خێرا پێگەی ئێران بەهێز بكەن و زیان بە شەڕی دژ بە داعش بگەیەنن.
ریفراندۆمی سەربەخۆیی 25ی ئەیلوول لە هەرێمی كوردستاندا رێژەیەكی بەرزی بەدەست هێنا، كە تێیدا لە سەدا 92.7ی دەنگدەران بە بەڵێ دەنگیان دا. ئەگەرچی ئەنجامەكە هیچ گۆڕانكارییەكی ئیداری بە دوای خۆیدا نەهێنا، بەڵام حكومەتی و پەرلەمانی عێراق كاردانەوەی توندیان هەبوو، ئەمە لە كاتێكدا دەوڵەتە دراوسێكان، وەك توركیا و ئێران هەماهەنگی لەگەڵ عێراقدا دەكەن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی سزادان. بۆی هەیە هەندێ لەو سزایانەی پێشنیاركراون زیان بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بگەیەنن و ببنەهۆی برەودان بە دەستڕۆیشتوویی ئێران، كە بڕیارە سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە 4ی ئەم مانگەدا سەردانی بكات. پێش ئەو گەشتە دەبێت ئەمریكا زۆر بە خێرایی كاربكات بۆ دووبارە داڕشتنەوەی حیساباتی توركیا و عێراق لە بارەی سیاسەتەكەیانەوە بۆ دۆخی دوای ریفراندۆم، كە باشترە ئەم كارە بە هاوكاری لەگەڵ یۆنامی – سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان- و هاوپەیمانێتی شەڕی دژ بە داعش ئەنجام بدات.
ئەو رێكارانەی كە تاوتوێ كراون
بۆ ئەوەی دژی كوردستان بگیرێنەبەر
لە بەغدا، پەرلەمانە ناجێگیرەكە بڕیارێكی سیانزە خاڵی وەك كاردانەوەیەك لەبەرامبەر دەنگدانی ریفراندۆمی كوردستان دەركرد. ئەگەرچی بڕیارەكە، یاسا نییە، چونكە لە بنەڕەتدا لە كابینەی حكومەتەوە نەهاتووە، بەڵام چەند هەنگاوێكی توندی لە خۆگرتووە: گرتنەبەری رێگاچارەی سەربازی لە دژی ئەو ناوچە ناكۆكی لەسەرانەی بەدەستی كوردەوەن، وەك كەركووك، دەركردنی ئەو فەرمانبەرە كوردانەی لە حكومەتی فیدراڵیدان، ئەوانەی بەشدارییان كردووە لە ریفراندۆمەكەدا، لادانی پارێزگاری كەركووك نەجمەدین كەریم لە رێی بەكارهێنانی هێزەوە، داخستنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری لەگەڵ دەوڵەتە دراوسێكاندا، راگرتنی هەناردەكردنی نەوت، داخستنی كونسوڵخانەی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستاندا، گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی لە دژی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی، هەروەها ئامادەكاریكردن بۆ لادانی سەرۆك كۆمار، فوئاد مەعسوم كە كەسێكی كوردە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەری ئەوە نییە سەرۆك وەزیران حەیدەر ئەل عەبادی هەنگاو بگرێتەبەر لە رووی هەڵكشاندنی دۆخە سەربازییەكەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەگەری ئەوە هەیە رێوشوێنی ئابووری بگرێتەبەر و داوای لە هەرێمی كوردستان كردووە سەرجەم دەروازە سنوورییەكان، فڕۆكەخانەكان و هەناردەی نەوتی رادەست بكاتەوە. دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراقی ئاماژەی بەوە كرد كە ئاسمانی كوردستان بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەكاندا دادەخات لە كاتژمێر 6ی سەر لە ئێوارەی- بە كاتی مەحەلی- رۆژی 29ی ئەیلوول، كە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هێڵەكانی فڕۆكەوانی گەشتەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان رابگرن.
ئەوەی پەیوەندی بەم لایەنەوە هەبێت، ئەوا پێدەچێت توركیا و ئێران ئامادەبن هاوكاری عەبادی بكەن لە وەرگرتنەوەی ئەم دەروازانە. لە ئێستادا بەغداد كار لەگەڵ ئەنقەرە و تاراندا دەكات بۆ ئەوەی فەرمانگەی گومرگی لەنێو خاكی توركیادا دابمەزرێنێت بۆ وەرگرتنی باج پێش ئەوەی كوردستان ئەم باجەیان بەسەردا بسەپێنێت. ئەمەش لەگەڵ خواستی عێراق و توركیادا یەكدەگرێتەوە كە نایانەوێت سەركردەكانی كورد بە بێ مۆڵەتی بەغدا ئەو ناوچەیە جێبهێڵن. لە هەمان كاتدا، رێگای بازرگانی توركیا لەگەڵ عێراقدا گۆڕدراوە بۆ ئەوەی بە ئێراندا تێپەڕ ببێت و، رەنگە عێراق هەڵبستێت بە پێوانەكردنی ئەو نەوتەی هەرێم كە بە خاكی توركیادا هەناردەی دەكات. لەم حاڵەتەدا بۆی هەیە توركیا مافی سەرپەرشتیكردن و بە بازاڕكردن بداتە سۆمۆ- كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق-، لەبەرامبەریشدا بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدات.
ئایا دۆخەكە لە بەرژەوەندیی داعش و ئێرانە؟
ئەگەر بە ئەمری واقیع كوردستان بخرێتە ژێر باری گەمارۆیەكی ئابوورییەوە، ئەوا بۆی هەیە ئەمە كاریگەری زۆر گەورەی لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا هەبێت. چونكە ئەمە زیان بە شەڕی دژ بە داعش دەگەیەنێت، لە نێویاندا ئۆپەراسیۆنی بەردەوامی رزگاركردنی حەویجە، كە ئامانجی لێی پاككردنەوەی گەورەترین و مەترسیداترین مۆڵگەی گرووپەكەیە لە باكووری عێراقدا. بۆی هەیە كاری تۆپخانە و هەواڵگری و هاوكاری لۆجیستی لەلایەن هاوپەیمانێتیەكەوە رابوەستن، ئەگەر هاتوو كورد كاردانەوەیەكی توندیان هەبوو لەبەرامبەر گەمارۆكەدا، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی كوردستان لە ماوەی چەند هەفتەیەك، یان مانگێكدا رووبەرووی كارەسات ببێتەوە، تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە عێراق بە خێرایی قەرەبووی نەمانی داهاتی نەوت و باج و رسووماتی گومرگی بكاتەوە، كە ئەمەش ناسەقامگیری و ناڕەزایەتی و شەڕی لایەنەكانی لێدەكەوێتەوە. چونكە ئەو پێشمەرگانەی كە سەنگەرێكی دوورودرێژ لە دژی داعش دەپارێزن بە خێرایی مووچەیان نامێنێت و رەنگە زۆریشیان ناچار بن دەستهەڵگرن بۆ ئەوەی بچن بژێوی بۆ خێزانەكانیان دابین بكەن.
سەرەڕای دروستبوونی دەرفەت بۆ خۆكۆكردنەوەی داعش، ئەوا ئەم گەمارۆیە برەو بە دەستڕۆیشتویی ئێران دەدات، كە دەیەوێت بە توندی سزای كوردستان بدات لەبەرامبەر ئەو ریفراندۆمەی ئەنجامیدا كە بۆی هەیە كوردی ئێرانیش بجووڵێنێت. زۆرێك لە بەرپرسانی نێو هاوپەیمانێتەكە- بە سەرۆكایەتی ئەمریكا- پێیان ناخۆشە كە ریفراندۆمەكەی كوردستان ئاڵۆزیی زیاتری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام نابێت بچنە ژێرباری هیچ هەوڵێكەوە بۆ لەباربردنی توانای هەرێمی كوردستان بۆ هەنگاوهەڵگرتن بە شێوەیەكی سەربەخۆ، چونكە ئەمە گرنگییەكی زۆری دەبێت ئەگەر هاتوو وەكیلە ئێرانییەكان باڵادەست بوون لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراقدا كە بڕیارە لە نیسانی ساڵی 2016دا بكرێت. هەمیشە كوردستان پلانی (ب)ی ئەمریكا دەبێت ئەگەر هاتوو عێراق بە تەواوەتی داخزایە نێو فەلەكی ئێرانەوە، چونكە كورد تەنیا كاراكتەری مەحەلی بوون كە بە رووی قاسم سلێمانی- فەرماندەی هێزی قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران- وەستانەوە. ئەگەرچی دەبێت واشنتۆن هۆشیار بێت و هەوڵی پاراستنی پرسە گەورەكە بدات – واتە پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا- بەڵام پلانی پاڵپشت – كە هەرێمی كوردستانە- بەهایەكی زۆری بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەبێت و رەنگە بۆ توركیاش ئەگەر هاتوو ئەم لێكنزیكبوونەوەیەی لەگەڵ بەغدا كێشەی تێكەوت. كەواتە دەبێت ئیدارەی ترەمپ بە پەلە هەنگاو هەڵبگرێت بۆ پارێزگاریكردن لەو متمانە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییانەی لە ئاست و لەگەڵ كوردستاندا هەیە.
راسپاردەكان بۆ ئەمریكا
لە ئێستادا كوردی عێراق رووبەڕووی واقیعێكی نوێ بۆتەوە: ئەوان پانتاییەكیان لە نێوان خۆیان و نزیكترین هاوپەیمانەكانیاندا دروست كردووە، هاوپەیمانێتی – دژ بە داعش- بە سەرۆكایەتی ئەمریكا و توركیا، ئیدی بە شێوەیەكی كاتی بێت یان نا. ئەوان ئەم سەركێشییەیان قبووڵكرد بە ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەو ئێستاش دەبێت دەرئەنجامەكانی قبووڵ بكەن. بەڵام ئەو رێوشوێنانەی سزادان كە هەڕەشەی گرتنەبەریان دەكرێت مەترسیی گەورە لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانێتییەكە لە عێراقدا دروست دەكەن.
من ناڵێم دەبێت واشنتۆن رۆڵی پارێزەری كورد لە بەغدا ببینێت. بەڵكو لەبری ئەوە دەبێت تەركیزی هەوڵی میانگیریی ئەمریكا لە ئەنقەرە بێت، لەبەر ئەوەی هەنگاوی داهاتووی توركیا یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ بەردەوامبوونی هەڵسووڕاندنی كاروبارەكان لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە. ئەردۆغان لە 28ی ئەیلوولدا لە ئەنقەرە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی رووسیا ڤلادمیر پوتین كرد و لە رۆژی 4ی ئەم مانگەشەدا دەچێتە تاران. دوای ئەم راوێژانە، چاوەڕوان دەكرێت بڕیاری ئەوە بدات كامە لەم رێوشوێنانەی تۆڵەسەندنەوە دەستبەجێ جێبەجێ بكات، كە رەنگە ئەوەش لە كۆتایی هەفتەدا روون ببێتەوە. بە دڵنیاییەوە رێگەدان بە رووسیا و ئێران بۆ ئەوەی زاڵبن بەسەر تێڕوانینی توركیا لەم قەیرانەدا لە بەرژەوەندی ئەمریكا نییە، بەتایبەتی هیچ یەكێك لەو دوو وڵاتە بەرژەوەندییان نییە لە سەركەوتنی شەڕی دژ بە داعشدا و هەردووكیان هەوڵی كەمكردنەوەی كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی ئەمریكا لە ناوچەكەدا دەدەن.
بەپەلەترین هەنگاوی ئیدارەی ترەمپ ئەوەیە كە هەڵبستێت بە رەوانەكردنی نێردراوێكی مەدەنی بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە، كەسێك بێت كە خەلفیەتێكی سلبی نەبێت لەگەڵ تورك و كورد، یان بەغدا. پێویستە ئەم نێردراوەش تەركیز لەسەر ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بكات:
پاڵنەرە سیاسییە ناوخۆییەكان لەبەرچاو بگرێت. پێویستە هەوڵی میانگیریی ئەمریكا ئەو رێوشوێنانە دەستنیشان بكات كە دەبنەهۆی چارەسەركردنی نیگەرانییە سیاسیە ناوخۆیی راستەقینەكان كە لەلایەن ئەردۆغان، عەبادی و بارزانی-یەوە گوزارشتیان لێكرا. هەر یەكە لەم سەركردانە هەڵوێستێكی بەهێزیان گرتەبەر بۆ پشتوانیكردن، یان دژایەتیكردنی ریفراندۆم كە لە بنەڕەتدا ئەم هەڵوێستانە بۆ رازیكردنی لایەنگرانی سیاسی ناوخۆیی بوون، ئەم هۆكارەش هێشتا لە ئارادا ماوە. نەتوانرا پێش دەنگدانەكە قەیرانەكە چارەسەر بكرێت، لەبەر ئەوەی كاراكتەرەكان نەیانتوانی پاڵنەری سیاسی ناوخۆیی ئەوانی دیكە بە راست و دروستی بخۆێننەوە، نابێت نێردراوی نوێی ئەمریكا ئەم هەڵەیە دووبارە بكاتەوە.
دەستبەجێ هەنگاو بنرێت بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە. ئەردۆغان و عەبادی پێویستیان بەوەیە كە بە خەڵكی خۆیان بڵێن ریفراندۆمەكە لە ئایندەیەكی نزیكدا نابێتەهۆی ئەوەی كورد هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی هەڵبگرێت، یان بۆ هەمیشەیی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان بكەنە بەشێك لە خاكەكەیان. بەو پێیە پێویستە ئەمریكا كار لەسەر ئەوە بكات كە كورد بە ئاشكرا و بەخێرایی رایبگەیەنێت كە ئەم هەنگاوانە هەڵناگرێت. رەنگە ئەوان تەنیا یەك دەرفەتیان هەبێت لەبەرامبەر ئەردۆغاندا، كەواتە دەبێت پەیامەكە روون بێت. هەروەها پێویستە ئیدارەی ترەمپ كار بۆ رێگرتن لە هەر هەنگاوێك بكات كە ببێتەهۆی ورووژاندنی زیاتری ئەردۆغان، وەك ئەوەی لە لێدوانێكدا كۆنگرێس، یان ئیسرائیل گوزارشت لە پشتیوانی خۆیان بۆ سەربەخۆبوونی كورد بكەن. لەوەش زیاتر، دەبێت واشنتۆن كار بكات بۆ ئەوەی كوردی سووریا لەم كاتەدا بێدەنگ بێت.
دروستكردنی لیژنەیەكی گفتوگۆ. ئەمە دەبێتە هەنگاوێكی بنیادنەر، ئەو داواكارییانەی لەلایەن بەغداوە خرانەڕوو هەمان ئەو نیگەرانییانەن كە كورد گوزارشتی لێكردوون: گەیشتن بە رێككەوتنێكی یەكجارەكی لەبارەی كۆنتڕۆڵكردنی بواری ئاسمانی، هەناردەكردنی وزە، بەڕێوەبردنی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان و پشكی كورد لە هاوكارییە ئەمنییە نێودەوڵەتیەكاندا. كەواتە پێویستە نێردراوەكەی ئەمریكا لیژنەیەكی گفتوگۆ پێكبهێنێت كە لایەنەكانی بریتی بن لە ئەمریكا-عێراق- كوردستان بۆ ئەوەی تەركیز لەسەر ئیدارەدانی بەپەلەی قەیرانەكە بكات لە پەیوەندی بە رێوشوێنەكانی سزادان كە بۆی هەیە زیان بە شەڕی دژ بە داعش و بەرژەوەندییەكانی دیكەی ئەمریكا بگەیەنێت. لە هەمان كاتدا كاتێك دۆخەكە هێور دەبێتەوەو سیاسەتێكی ئاسایی دەستپێدەكات، دەكرێت ئەو لیژنەیە بگۆڕێت بۆ میكانیزمێك بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرسە بنەڕەتییەكانی پەیوەست بە ناكۆكی نێوان بەغدا و هەرێم. ئەم پرۆسەیەش چەندین ساڵە بوونی پێویست بوو، نەبوونیشی بووە هۆی ئەوەی كە ناكۆكییە بچووكەكان تەشەنە بكەن بۆ ئەو قەیرانەی ئێستا. بە هەنگاوهەڵگرتن لە ئێستادا دەتوانین بارودۆخەكە باشتر بكەین لە عێراقدا و درێژە بە شەڕی دژ بە داعش بدەین و لە بەرامبەر تەحەددییەكانی ئێران و رووسیادا پارێزگاری لە بایەخی هاوپەیمانێتییەكە بكەین.
Top