دوای ڕیفراندۆم پێشھات و ئەرکەکان

دوای ڕیفراندۆم  پێشھات و ئەرکەکان
سەرۆک بارزانی بە پاڵپشتی کوردستانیان بەستەڵەکی مەحاڵی تواندەوە و واقعێکی تاڵی بۆ نەیاران دروستکرد، مێژووی نوێ لەبارزانیە وە خۆی دەنوسێتەوە، چونکە ئەو ھەڵگڕی ئاڵای بەواقیعیکردنی پرسی سەربەخۆی کوردستانە، بەمەش دەبێتە کاریگەرتڕین کەساییەتی سەدەی بیست و یەک لە رۆژھەڵاتی ناوین و ناوچەکە بەگشتی، لەگەڵ ئەوشدا پشت ئەستورین بەسەرکردایەتی سیاسی کوردستان کە لە ئایندەیەکی نزیک دا تامی سەربەخۆی خۆمان بکەین.

سەربەخۆیی بۆ؟!
گەڵان لە پێناو حوکمڕانی خۆماڵی باجی زۆریانداوە و لەو پێناوەش دا قوربانیەکی بێ شوماریان پێشکەش بە ئازادی و سەربەستی کردووە، سەربەخۆیی بەھایەکی گەورەی ھەیە، بۆیە ھەرچی لە پێناوی بکرێتە قوربانی ھاونیشتیمانیان لێیەوە بە ئەسەف نین،
سەربەخۆیی گەلان و فەرمانڕەوای بەدەستی خۆیان بۆ خۆیان تاکە شتێکە مرۆڤ بەدرێژایی ژیانی خۆیی شانازی پێوە بکات، چونکە مانای نیشاندانی ڕاستگۆیی ئەو بنەما نەمر و نەگۆرانەیە کە لە پێناوی ژیاوە و تێکۆشاوە..

دەوڵەت لە پای چی؟
دەوڵەت کەسایەتیەکی مەعنەوی ھەیە و بەیەکێک لە کەسایەتیەکانی نێودەوڵەتی دادەنرێت کە تیایدا ئەرک و مافی خۆی ھەیە و لە چوارچێوەی جوگرافیای سیاسی خۆی ھیچ لایەن و گروپێک بۆیان نیە دەست لەکاروباری ناوەخۆ و دەرکی بدەن بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای یاسایی نێودەوڵەتی دەبنەوە.
دەوڵەت بە تێگەیشتنی نوێ بریتی لە ئاسایش و بەرگری و دادپەروەری و خزمەتگوزاری و ھاوبەشی پێکردنی کەرتی تایبەت بۆ بەرێوەبردن، بۆیە دەوڵەتمەدارانی دونیا کۆششی زۆرئەکەن بۆ ھێنانەدی دەوڵەت بە تێگەیشتنی تازە، چونکە بەو جۆرە دەتوانن کۆدەنگی نەتەوەیی خۆیان مسۆگەر بکەن.
ڕیفراندۆمە مێژوویەکەی ٢٥ی ٩ گرینگیەکەی
گشت پرسی زیاتر لەوەی خەون بێت مافە و مافێکی سیاسی و یاساییە و ڕەگەزی پاراستنیشی بۆ دانراوە ھەم لە دەستور و یاسا ناوەخۆیی و پەیماننامە نێودەوڵەتی و عورفە دەولیەکان.
وەختێک قسە لەسەر ڕیفراندۆم دەکرێت ئەوا پیادەکردنی بچوکترین و سادەترین مافی ھەر نەتەوەیەکە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، لەھەمان کاتدا ڕیفراندۆم ئاشتی ترین ئامرازی دەربڕینی ئیردەی گەلانە، بۆیە وەک ڕێکارێکی ئەرێنی پشتیوانی کراوە.
ئاشکرایە ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان بۆ جیابونەوە بوە و مەبەست لێی دروستکردنی دەوڵەتە واتە ڕوکنێکی درووستکردنە نەوەک ئاشکرا و کاشف.

ھۆی ویستی جیابونەوە لەلایەن کوردستانیان

ھەموو شڕۆڤەکارێکی سیاسی ئاقڵ و ڕۆشنفکرێکی ھۆشمەند ئەوە ئەزانێت و بڕوای بەوە ھەیە کە شتێک لەسەر بنەمای باتڵ و پوچەڵ بنیات نرابێت ئەنجامەکەی پوچەڵی و باتڵە بۆیە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی ئەم ھاوکێشە بۆ عێراق دروستە، چونکە بنچینەی دروست بوونی بریتی بووە لە پوچەڵی و باتڵی سەرەڕای ئەوەی کەلەسەر بنەمای پوچەڵیش بنیاتراوە نەیتوانی بەدرێژایی تەمەنی حوکمڕانی خۆی ئەرکی دەوڵەتداری جێ بەجێ بکات بۆ عێراقیەکان بەگشتی و کوردستانیان بە تایبەتی.
توانەوەی کورد ھەر لە کوشتن و زیندەبەچاڵکردن و لەناوبردن و کارەساتی کیماباران و ئەنفالی کوردستانیان، ھەروەھا دووبارە درووستکردنەوەی عێراق لە ٢٠٠٣ و پیلانی برسیەتی و شکاندنی شکۆی مرۆڤی کورد، ئەمانە وامان لێدەکەن بپرسین کە ویستی سەربەخۆیی کافی نین و ڕەوانین؟
بێگومان ئەگەر کەسانی ویژدان زیندوو وەڵامی بدەنەوە ئەم مافە بەزیاتر بە ئێمە ئەدەن، بەڵام سروشتی ماف وایە نادرێت، بەڵکو ئەبێت بسەندرێت.

ئەرکی ھاوڵاتیان و کارەکتەرە سیاسیەکان

ھاوڵاتیانی کورد بەو پەڕی دڵسۆزی خۆیانەوە ھەڵسان بۆ چونە سەر سندوقەکانی ڕاپرسی و بەجۆش و خرۆشەوە دەنگیان بۆ (بەڵێ) دا بەڕێژەیەکی ئێجگار زۆر بەمەش ئەوەیان سەلماند بارودۆخی ناوەخۆیی و ناکۆکی خۆماڵی کاریگەری لەسەر پرۆسەیەکی مەزنی وەک سەربەخۆیی نیە، بەڵکو ھەمووان بەو پەڕی خۆنەویستیەوە بە گیان و بە دڵ قوربانی بۆ نیشتیمانی کوردستان ئەدەن، بۆیە پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ئەمەی لەبەرچاوبێت و ئەم چاکەیەی خەڵکی بە پاداشتێکی مەزن بداتەوە کە خۆی دەبینیتەوە لە ڕاستگۆیی بەرانبەر بەدەنگەکان و کارکردنێکی بێ ووچان بۆ ھێنانەدی ئەو مافە زەوتکراوە کە سەدەیەکە خەباتی لە پێناو دا دەکەین لە پاڵ ئەوەشدا دەوڵەتێکی فیدراڵی دیموکراتی نیشتیمانی بۆ ھاوڵاتیان بێننەدی کە گوزارشت لە خواستی خۆیان بکات و تیایدا ھەست بە بێگانەیی نەکەن، بەڵکو بە نیشتیمان و ماڵی خۆیان بزانن.

تابوری پێنجەم و ڕۆڵی نەگریسیان
مەبەست لەم تابورانە ھەموو ھێز و میدیا و گروپی تاکەکەسی و قەڵەم بەدەست ئەگرێتەوە کە لە پێش ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم و تا ئێستا ھەوڵی ترس و دڵەڕاوکێ بڵاو ئەکەنەوە و دەسکەوتەکان بەکەم سەیر ئەکەن و کار لەسەر شکاندنی کەسایەتی تاکی کورد ئەکەن.
ئەمانەی لەسەرەوە ناویان ھێنراوە ترسناکترین کۆمەڵی نێو کۆمەڵگای کوردەوارین، بۆیە ئەرکە دەزگا ئەمنیەکان ھەڵسن بەکردنەوەی دۆسیەیەک بۆیان و بەگوێرەی یاسا بیاندەنە دادگا و توندرین سزا بدرێن، چونکە سروشتی کاری ئەمانە ترسناکە و وڕە و ھێزی خەڵکی دەڕوخێنێت وە بۆ ئایندەش پێویستە یاسایەکی توند لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانان دەربچێت بۆ ھەر کەس و لایەنێک کە ئامانجی بڵاوکردنەوەی ترس و ڕوخاندنی نیشتیمانپەروەری بێت .

گەمارۆی ئابوری و بەرژەوەندیە باڵاکانی یەکتر

ئاشکرایە ھەرێم دەروازەیەکی گرینگی باش بووە بۆ تورکیا و ئێران تاوەکو لەڕێگایەوە کاڵا و شتومەکی خۆیان ھەناردەی کوردستان بکەن لەمەش دا قازانج و سودی ھاوبەش ھەبووە بەجۆرێک سودی ئەوان زیاتر بوە لەوەی کوردستان پێی گەیشتووە ئەمەش قسەیەکی حیسابی و سەرچاوە ڕاست و دروستەکان دڵنیایی ئەدەن بەوەی لەئەگەریٍٍ داخستنی سنور لە لایەن ئەو وڵاتانە باجی یەکەم خۆیان ئەیدەن، بۆیە ئابوریناسان پێیان وانیە ئەم ھەنگاوە بھاوێژن.
جگەلەوەش ئەگەر ھەرێم زیانی پێبگات ئەوە ئەخلاقی دەولی و ویژدانی جیھانی لەھەمبەر ئەو کارە بێدەنگ نابێت، بۆیە سزا ئابوریەکان ئەگەرێکی دەگمەنی ھەیە جگەلەوەش باس لە دەستێوەردانی سەربازی ناکەین، چونکە لەرۆژگای ئەمرۆدا بنەمای یاسایی نێودەوڵەتی ڕەتی دەست تێوەردانی سەربازی و سیاسی وڵاتان دەکەنەوە.

پاش ڕیفراندۆم و ئەرکی دەوڵەتداری

ھەروەک باسمان کرد ڕیفراندۆم ئامرازێکی ئاشتیانەی ڕادەربڕینی خەڵکە بەوەی ئیرادەی خۆیان بەیان بکەن ئەمەش ھەم یاسایی و ھەمیشە مافێکی شەرعیە بەھەموو شەرعیە عەقلانی و درووستیەکان بڕیاری لێوە دراوە دەمێنێتەوە قۆناغی دواتر کەئەمە زیاتر ئەرکی کەسانی دەوڵەتمەدارە نەوەک کەسانی تر، ئەم کەسانە دەبێت ڕاستگۆیی و نیازپاکی خۆیان بۆ کوردستانیان بسەلمێنن.
لەھەمان کاتدا دەبێت کار لەسەر ئەوەبکرێت کادری بەتوانا و چاک پێشبخرێت بۆ قۆناغی دواتر کە قۆناغی دەوڵەت درووستکردنە و ئەو کەسانە بەگوێرەی پسپۆری و لێھاتویان چانسیان پێ بدرێت، تاوەکو لە شوێنی گونجاو ئەو بەھرە و لێھاتووییەی ھەیانە بەکاری بێنن بۆ ئەمەش دەبێت خەڵک چاودێر بێت، تاوەکو ھێزە سیاسیەکان بە دروستی بەو ئەرکەیان ھەڵسن لەپێناو بەرژەوەندیە باڵاکانی نیشتیمان.




Top