دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان هاوكێشەیەكی نوێ بەرهەم دەهێنێت
September 26, 2017
وتار و بیروڕا
لەو كاتەوەی زلهێزەكانی دنیا موڵكەكانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییان دابەش كرد، ئەوە نزیكەی سەدەیەكە كوردستانيیەكان خەون بە سەربەخۆییەوە دەبینن، ئێستاش وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپی هەست بەو هەڵەیە دەكەن كە بە شێوەیەكی ناڕەوا كوردیان دابەش كردو كۆمەڵێك دەوڵەتیان دروست كرد كە هەمووی بەرەو داڕمان دەچن، لەلایەكی دیكەوە لەدوای ساڵی 1991، كاتێك ئەمریكا ناوچەی دژەفڕینی لە باكووری عێراق بۆ رێگری لە هەر پەلامارێك دروست كرد، كوردەكانی بندەستی عێراق هەرێمێكی سەربەخۆیان لە رێگەی هەڵبژاردنێكی سەربەخۆ و پاك و بێگەردەوە بۆ خۆیان بنیاد نا، ئەمەش وایكرد كە هەموو جیهان لەو كاتەوە مامەڵە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات، تەنانەت پێش ساڵی 2003 كوردستان ئارامترین و سەقامگیرترین ناوچەی عێراق بوو كە هەزاران كەسانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو كاتە خۆیان تێدا حەشار دابوو، لەگەڵ پرۆسەی رزگاركردنی عێراقیش كوردستان پێگەیەكەی گرنگتر بوو، چونكە بووە لانكەو بنەوانی هەزاران خێزانی ئاوارە كە بە هۆی جەنگی تائیفی و دواتریش جەنگی داعشەوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردبوو. هەروەها ئەوەشمان لەیاد نەچێت كە لەو كاتەوە هەتا ئێستاش كوردستان بووەتە شوێنێكی گرنگ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی گشت وڵاتانی هاوپەیمانان لە ناوچەكەدا، چونكە وەك دەگوترێت، كوردستان دوورگەیەكی ئارامە لە دەریایەكی پڕ لە جەنگ و ئاژاوە، ئەمەش وایكردووە كە هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لەسەر هەموویانەوە وڵاتە زلێهزەكانی وەك ئەمریكا و بەریتانیاو فەرەنساو ئیتالیا و وڵاتانی كەنەداو بە وردی مامەڵەی لەگەڵ بكەن و بە گرنگییەوە لە پێگەكەی بڕوانن، بەتایبەتی لە ئێستادا كە رەوشی عێراق بەرەو ئالۆزبوونی زیاتر دەڕوات و، وەك هەستی پێدەكرێت سەرانی بەغدا بەرەو ئاڕاستەی دابەشبوونی زیاتر هەنگاو دەنێن، بەتایبەتی لەدوای دروستبوونی ناكۆكی لە نێوان هەردوو مەرجەعییەتی (نەجەف و قوم)، پێدەچێت ناكۆكییەكانی نێوان هێزە شیعەكانیش بەرەو زۆرتربوون بڕوات. لەلایەكی دیكەوە سەرهەڵدانی هەرێمی سوننەش یەكێكە لەو ئەجندایانەی كە زۆر وڵاتی وەك سعودیە و ئیمارات و كوێت و بەحرەین كاری لەسەر دەكەن، ئەمەش دەرفەتێكی باشتری بۆ كوردستان و بۆ راگەیاندنی جیابوونەوە لە عێراق رەخساندووە. خاڵێكی دیكە كە زۆر گرنگە ئەوەیە كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەزانن حكومەتی بەغدا، حكومەتێكی هەڵوەشاوەیە، وەك بینیمان كاتێك لە مانگی ٦ی ساڵی ٢٠١٤دا، داعش دەستی بە داگیركردنی باكوور و بەشێكی زۆری رۆژئاوای عێراق كردو سوپای عێراق لەكەمترین ماوەدا بە شێوەیەكی بەرفراوان هەڵوەشاوەو زۆرترین خاكی عێراقی چۆڵ كرد، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە شێوەیەكی زۆر سەركەوتووانە توانی رووبەڕووی داعش ببێتەوەو كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی خۆی لە دەستی داعش پاراست. بە تێپەڕبوونی كات، پێشمەرگە سەلماندی كە تاكە هێزێكی كاریگەرە دەتوانێت رووبەڕووی داعش ببێتەوەو هاوكاریكردنی پێشمەرگەش لەلایەن سوپای هاوپەیمانانەوە تەنیا لە رووی هێرشی ئاسمانییەوە بوو، واتا هێزی پێشمەرگە سەلماندی زۆر لەسوپای عێراق و سووریا بەهێزترە كە لە كەمترین ماوەدا هەرەسیان هێنا.. لە رووی دەوڵەتیدارییەوە سەرجەم راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە هەرێمی كوردستان نموونەیەكی جوانی دەوڵەتداری خۆبەڕێوەبردنە، لەبەرامبەردا كاتێك كە عێراق دەبينن، تەنیا دەوڵەتێكی شكستخواردووی سەرنەكەوتووە، هەروەها لە رووی هەموو جۆرە سیستەمەكانی دەوڵەتداری و بەتایبەتی لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە هەرەسی هێناوە، ئەمە بێجگە لە نەبوونی هيچ جۆرە خزمەتگوزارییەكی پێویست لەشارەكانی عێراقدا كە شاری بەغدا یەكێكە لەشارە پڕ مەترسییەكانى جیهان.
كاتێك چاودێرانی سیاسی و ئابووری باس لە هەرێمی كوردستان دەكەن، وەك دەوڵەتێكی سەركەوتوو دەیشوبهێنن، چونكە تێگەیشتوون كە كوردستان تاكە دەریچەی ئارامە لەناوچەكەدا، هەر بۆیە بەشێكی زۆری دەوڵەتانی هەرێمی و جیهان مامەڵەكردنیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان پێ باشترە لەعێراق. واتا ئێستا باشترین كاتە بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان و سەرجەم فاكتەرەكان ئامادەن و ناشكرێت ئێمە چاوەڕوانی هەموو جیهان بكەین، هەتا ئەوان رازی بن، ئەوكات ئێمە هەنگاو بنێین. دەكرێ نموونە لەوە وەربگرین، كاتێك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەساڵی ١٧٧٦دا سەربەخۆیی راگەیاند، لایەنێكی سەركەوتووی ئابووری نەبوو، لە لایەن دراوسێكانیەوە وەك دەوڵەت قبووڵ نەدەكران و سنوورەكانیشی ناڕوون بوون، بەلام بەهۆی تێپەرینی كات و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی دیكە، ئەمڕۆ بەهێزترین دەوڵەتی جیهانە، بۆیە ناكرێت ئێمە چاوەڕوانی ئەم و ئەو بكەین، بەڵكوو دەبێت هەر زوو دەوڵەتی خۆمان رابگەیەنین.
راستییەك هەیەو دەبێت هەموو جیهان بیزانن، ئەویش ئەوەیە كە ئێستا كوردستان تاكە شوێنە لە عێراق كە كاروبارەكانی بەدروستی تێدا بەڕێوە دەچێت و دوور لە مەزهەبگەرایی ژیانی تێدا دەكرێت. كوردستان شوێنێكە هەموو رەنگ و ئایین و كەمایەتییەكانی تێیدا پێكەوە دەژین، پێكەوە چارەنووسیان دیاری دەكەن، بۆیە بەخاوەن دەوڵەتبوونی كورد، باشترین هەنگاوە بۆ رزگاربوون لە عێراقێكی شكستخواردوو، هەروەها لەو باوەڕەشدام لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی ریفراندۆم راستەوخۆ هەنگاوەكانمان بەرەو سەركەوتن دەڕوات و زۆربەی وڵاتانی جیهان بە بێ شك، ددان بە دەوەڵەتی كوردستاندا دەنێن.