ریفراندۆم ئاڕاستەی ڕای جیهان دەگۆڕێ

ریفراندۆم ئاڕاستەی ڕای جیهان دەگۆڕێ
ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی کوردستان ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەربەخۆیی میللەتێک کە سەد ساڵە بە زۆر لکێنراوە بەعێراق، ئەوەش مافیکی ڕەوای گەلی کوردستانە کە سەربەخۆ و ئازاد بژی و خاوەنی کیان و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت، زلهێزانی جیهانیش گەیشتوون بەو بڕوایە.

لەبەرامبەر ئەو خواستەی کوردستانیان کە بڕیارە لە ٢٥ی ئەیلول واتا چەند ڕۆژێکی تر ئەنجامبدرێت، جگە لە وڵاتانی ئیقلیمی و عێراق کە لەمیدیاکانەوە هەڕەشەو گوڕەشە دەکەن، ئەمریکا و بەریتانیا و بەشێکی کەم لە وڵاتانی ئەوروپا هاتونەتە سەرخەت و داوا لەکوردستان دەکەن ریفراندۆم بۆ کاتێکی تر دوابخرێ، ئەوەی گرنگە ئەوەیە نە ئەمریکاو نەبەریتانیا و نە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش، جگە لە ووشەی دواخستنی ریفراندۆم شتێکی تریان نەگووتووە، واتا رایانەگەیاندووە، یاوەخود نەیانگوتووە کە لەگەل مافی ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان نین، ئەوەش خۆی لەخۆیدا شەرعیەتدانە بەوەی کوردستان مافی خۆیەتی ریفراندۆم سازبدات و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت.

بۆیە پێویست ناکات هاونیشتمانیان و خەلکی ئێمە خۆیان بترسێنن و بکەونە ژێر هەڕەشەو گوڕەشەی وڵاتانی ئیقلیمی و عێراق، چونکە جگە لەچەند لێدوانێکی میدیایی هیچی تریان لەدەست نایەت و پێشیان ناکرێت لەبەرامبەر ئیرادەو ویستی میللەتێک بوەستن کە بەشێکی زۆر لەوڵاتان لەگەڵ بەدەست هێنان و دیاریکردنی مافی چارەنووسیدان.

ریفراندۆم لە٢٥-٩ ئەنجامدەدرێت و یەک دەقیقەش دواناخرێت، لەدوای ٢٦ی مانگیش واقیعیکی ترو ئاڕاستەیەکی تر لە ڕای دەوڵەتانی زلهێزو جیهان بەرامبەر بە کوردستان دروست دەبێت، کە ئەوانیش ئیتر لەدوای ئەو بەروارە لەگەڵ ئەو واقیعەدا مامەڵە دەکەن.
Top