جیهان رێز لە ئیرادەی كوردستان و پێشمەرگە دەگرێت

جیهان رێز لە ئیرادەی كوردستان و پێشمەرگە دەگرێت
كوردستانی باشوور بەبێ ویستی گەلی كوردو بە خیانەت و زەبری هێز بە عێراقەوە لكێندرا؛ ئەمڕۆش گەلی كورد بە خۆشی و ئاشتییانە دەیەوێت جیابێتەوە لەو عێراقەی كە جگە لە نەهامەتی و شەڕ و دەردەسەری هیچی تری بۆ نەبووە. دوای ئەوەی كوردو كوردستانییەكان هەموو رێگایەكیان لەگەڵ عێراق تاقیكردەوە، تاوەكو بتوانن بە ئاشتییانەو لێكتێگەیشتن پێكەوە وڵاتەكە بەڕێوەببەن، بەڵام دەسەڵاتداری عەرەبی عێراق سەلماندیان بڕوایان بە برایەتی كوردو عەرەب نەبووەو بەبەردەوام دژی گەلی كوردستان بوون، مێژووش سەدان جار خۆیمان بۆ دووبارە دەكاتەوە، كەچی هێشتا كەسانێك لەناوماندا هەن، هەر داوای گەڕانەوە بۆ ناو باوەشی بەغدا دەكەن!

دوێنێ بوو رێككەوتنی سەربازیمان بۆ یارمەتیدانی سوپای عێراقی هەبوو، تاوەكو شاری موسڵ ئازاد بكەنەوە، كەچی ئەوان خیانەتیان لە پێشمەرگە كردو دەوروبەرمانیان پڕكرد لەحەشدی شەعبی و چەكداری تائیفی، بۆ تێكشكاندنی داعش 1800 خێزانی كوردستان تەرمی شەهیدە پاڵەوانەكانیان بۆ هاتەوە بەر دەرگا، كەچی هێشتا داوای جاشایەتی و سەرشۆڕیمان لێ دەكرێت. عێراقێكی بە زۆر دروستكراو، هیچ واتاو مانایەكی پێكەوەژیان و ئاشتییانەی تێدا نەماوەتەوە، كەچی هێشتا خەون بە یەكپارچەیی عێراقەوە دەبینن، ئەوان بەهیچ شێوەیەك رێز لە پیرۆزییەكانی میللەتەكەمان ناگرن و بەهەموو شێوەیەك دژایەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن. لەبەغدا هیچ شتێك نەگۆڕا، تەنیا شێوەی دەموچاوەكان گۆڕانكارییان بەسەردا هات، ئەوان میللەتی كوردیان برسی كردو لەبەرچاوی دنیا لەكاتێكدا گەلی كورد داڵدەی ملیۆنێك ئاوارەی عەرەبی دا، كەچی گەمارۆی ئابوورییان لەسەر داناین و رەفتارەكانی دیكتاتۆری سەدامیان دووبارە كردەوە، كوشتنی كورد بە برسێتی و وێرانكردنی خێزانەكان هیچی كەمتر نییە لە كوشتنی خێزانە كوردەكان بەچەكی قەدەغەكراوی كیمیایی و سوتاندنی گوندو ئەنفالكردنی ژن و منداڵ.

بێگومان بڕیاڕی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ئەمساڵدا پیرۆزترین هەنگاوەكانی بەدیهێنانی دەستكەوتی ئایندەیەكی گەشە و تۆماركردن و ریزكردنی جوانترین دێڕەكانە لە لاپەڕەكانی مێژوودا، چونكە ریفراندۆم تەنیا راپرسییەك نییە لە ئێستادا بۆ بڕیار لە چارەنووسی میللەتی كورد و جیابوونەوە لە عێراق، بەڵكو تا رادەیەكی باش لایەنە ناكۆكەكانی خستەوە گفتوگۆ و جارێكی تر دانیشتن بۆ چارەسەركردنی ناكۆكی و كێشەكانیان، یەكێك لە دەستكەوتە باشەكانی ریفراندۆم دڵسۆز و نادڵسۆزی لە لایەنەكان بۆ خەڵكی كوردستان دەرخست. ئەمڕۆ خەڵكی كوردستان و كەسوكاری شەهیدە سەربڵندەكان دەزانن كێ هەوڵ بۆ كوردستانی سەربەخۆ دەدات و كێ دژایەتی دەكات و تەنیا بەرژەوەندیی خۆی لا مەبەستە. لەم كاتەدا كوردستان بە یەك رێگەدا دەڕوات، ئەویش رێگای سەربەخۆیی و بوون بە دەوڵەتە و رێگای دووەمی نییە و ئەگەریش هەیبێت، پێیدا ناڕوات و تاقی ناكاتەوە. ئەمڕۆ گەلی كوردستان بەگەلی پێشمەرگە دەناسرێتەوە، بڕیاری ریفراندۆم كارێكی كرد هەموو جیهانی هێنایە كوردستان و كردنیە بەردەم بڕیاری یەكلاكەرەوە بە پاڵپشتیكردنی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، یان نەكردن و خۆشبەختانە تەنیا بە ژمارەی پەنجەی دەستن ئەو وڵاتانەی كە پاڵپشت نابن، هاوكات دژیشی نین بە فەرمی، بەڵام تەنیا لەگەڵ كاتی دیاریكراوی ئێستادا نین، بە تێپەڕبوونی كاتیش وردە وردە ئەوەش نامێنێ و ئەوەی دەمێنێتەوە، تەنیا دژایەتیكردنی دوژمنەكانی كوردو شۆڤێنییەكانی بەرپرسە مەزهەبییەكانی بەغدایە. ئەو بەغدایەی لە سەرەتای باسی ریفراندۆم و باسكردن لە دانانی رۆژێك بۆ وەرگرتنی رای خەڵكی كوردستان، گاڵتەی بە كوردستان و داواكارییەكانی دەهات، وایدەزانی تەنیا بانگەشەی میدیاكانە، بەڵام پاش دیاریكردنی 25ی ئەیلوول و هاتنە سەرخەتی هەموو جیهان كە رێزیان لەجەنابی بارزانی و گەلی كورد و پێشمەرگە و بەرژەوەندی كوردستانییان گرت و پاڵپشتی تەواویان بۆ كوردستان دەربڕینی، بەتایبەت ئیسرئیل و ئەمریكا و رووسیا و هەموو وڵاتە ئەوروپییەكان، ئینجا بەغدا راچڵەكی و زانی ئەمە راستە و مسۆگەرە و كوردستان سەربەخۆیی بەدەست دەهێنێت، بۆیە هەستا بە دژایەتیكردنی كوردستان بە توندی، كە زانی ئەوەش سەر ناگرێت، دواتر 360 پلە وتار و هەڵوێستی سەر زارەكی گۆڕی و وایدەزانی كوردستان كە شەریكێكی دڵپاكە، بێ دەسەڵاتیشە، نەیدەزانی كوردستان و كوردەكان هەمیشە دڵپاكن بۆ خزمەتكردن و یارمەتیدان، بەڵام هەرگیز بێ دەسەڵات نین و بە قسەی بەغدا و هەڕەشەی توندو رای ناڕەوایان كوردستان پاشگەز نابێتەوە لە ریفراندۆم و سوورە لە سەر سەربەخۆیی و دروستكردنی دەوڵەتێكی خاوەن پێگەو قورسایی لە جیهاندا، ئەمڕۆ كوردستان پێگەی خۆی بۆ جیهان سەلماندووە، بۆیە هەموو جیهان دێنە كوردستان و هاوبەشی دەكەن لە نەخشەكێشانی داهاتووی پڕشنگداری كوردستان، بۆیە دەبێت هەموو كوردێك چیتر نائومێد نەبێت لە داهاتووی خۆی و نەوەكانی، ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە پێی گەیشتووین بەرهەمی خوێنی هەموو شەهیدان و پێشمەرگە و سیاسەتێكی تۆكمە و دڵسۆزانەی سەرۆك بارزانی -یە بۆ هەموو گەلی كورد.

Top