سایکۆلۆژیای چەمکە نامۆیەکانی قۆناغی ڕیفراندۆم

سایکۆلۆژیای چەمکە نامۆیەکانی قۆناغی ڕیفراندۆم
ھەستی گۆناھباری (sense of guilty) چەمک و نیشانێکی تێکچوونی شێرازە و ھاوسەنگی دەروونی لای ھەندێ کەس، ئەگەر لێی وورد ببینەوە ھەم ئەفیۆن و لە ھەمان کاتیشدا بۆ خۆی بۆ کەسانێک وەک ( نێعمەتێک) وایە، چۆن؟
لەسەروبەندی دژایەتیکردنی ڕیفراندۆمی گەلانی کوردستان، بە گشت توێژ و ئایین و نەتەوە و مەزھەبێکەوە، دەنگە ناوازە و نامۆیەکانی دژی ئەو پرۆسەیە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بۆ ئەو مەبەستە و دژایەتیکردنی پەنا بۆ داھێنانی چەمک و زاراوەی نوێ بەڵام لە ھەمان کات دا نامۆ دەبەن، و بە خستنە نێو بازاڕی سیاسەت و بەر دید و نێو گۆێچکەی تاکی کوردستانی، ھەوڵی لێکتەرازان و لاوازکردنی پێگەی دڵسۆزانی، و سستکردنی سەنگەری سایکۆسۆسیۆپۆلیتیکی ئەو تاکە دەدەن، بەڵام لە ڕاستیدا تەنھا کاریگەری بەسەر ئەو تاکانە ھەیە کە ھەر خۆیان لە ( ئەزەلەوە ) ھەمان جۆری بیرکردنەوە و ئارەزوو و حەز و ویستەیان ھەیە و نایانەوێ بڕوا بکەن ئەوانە تەنھا وشەی بریقەدارن نەک ھیچی تر: ناھەمواربوونی کات، نەگۆنجانی دۆخی سیاسی کوردستان و ناوچە، زەمینەخۆشکردن، نەبوونی دەوڵەتی کوردستان لە خزمەتی تاکی کوردستان و ژیان و خۆشگۆزەرانیەکەی، و ... ھتد، و ئەو چەمکە نامۆیانە، کە ڕۆژانە لە ھەندێ لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و بەتایبەت و داخەوە، کوردستانی دبینرێن و دەبیسترێن، کە جگە لە مخابنی، ئەوەندە نەگۆنجراون لەگەڵ سایکۆلۆژیای ئەو تاکە داغدیدەیەی کوردستان و واقعی ژیانی، کە ئەگەر لە رۆانگەی سیاسەتەوە تەماشە بکرێن و لێکبدرێن زیاتر لە چەنەبازیی سیاسی، و لە وێژەوانی دا جۆرێکی وشەبازییە کە بە ھەندێ چەمکەکانی گاڵتەئامێزی بریقەداری بێ ناوەرۆکی دور لە ھەستی نیشتمانپەروەری دەکرێن، و لە خانەی درەوونناسیدا خۆی لە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی قوتابخانەی فرۆیدی دەداتن کە بەناوی فرت و فێڵی بەرگری دەروونی (psychological defense mechanism) دەناسرێتن، و بەشێکن لە ڕەنگدانەوەی قەیران و گرژی دەروونی قولێ ماوەدرێژی ڕابردووی کەسێتی خاوەنی ئەو چەمکانە و ھەڵگرانی تۆی تێکدەرانەی نێو ماڵی کوردستانیان لەوە تەنگانە کاتەدا، و ھەندێ ئەندێشەی ناکۆک لەگەڵ ویستی ئازادیخوازانەی ئەوان، و دەبێ ئەوان لە گۆشە نیگای ھەستکردن بە گۆناھبارییەوەی لێی بڕوانن، کە ئەفیۆنە و نیعمەتیشە، چونکە خەیاڵی خاوی ھەوڵدان بۆ شکستپێھێنانی ئەو پرۆسەیە، ئەرکی بەرپرسیارێتی ھەموو تاوانێکی چاوەڕوانکراوی ھاوشێوەی ئەوانەی، کە ئەگەر ئەو جۆرە ڕیفراندۆمە چەندەھا ساڵ بەرلە ئێستا بکرابایە لەوانەیە تووشی کارەساتە جەرگبڕەکانی وەک ئەنفال و کێمیاباران و ... و شنگال نەدەبووین، دەکەوێتە ئەستۆیان.
ئەو چەمکانە ھەمووی لە جۆرێکن لە ( وەھم ) ی سیاسی و یان ئەگەر مەترسیدارتر و گەورەتر لێی بڕوانین خۆی لە خۆی دا لە ھەندێ ( ھەزەیان) ی سیاسی دەچن، کە ئەو دیوی نیەتەکەی زۆر دیارە و ڕوونە، و بە پێچەوانەی بڕیاری ڕیفراندۆم، کە زۆر زۆریش لە کات و سات و جێگەی خۆیەتی، و ھیچ کات و ساتێکی لەوە گۆنجاوتری بۆ نەدەڕەخسا، لە لایەن ھەندێ کەس و لایەنەوە دەربڕینیان لێوە دەکرێت، و بەکارھێنانیان جیگەی گۆمانن، نەک تەنھا خزمەتی ئەو پرۆسەیە ناکاتن، بەڵکۆ مەترسیدارترین ھۆکارن بۆ ئەو ھەنگاوانەی ھەندێ کەس و لایەن بۆ بەختەوەری و خۆشگۆزەرانی ئێستا و داھاتووی ھاوڵاتیان و ئاسایشی دەروونی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریان، بڕیاریان لەسەر داوە.
دەبێ پرسیار لە داھێنەر و خاوەنی ئەو چەمکانە بکرێتن: ئاخۆ ئەو ڕیفراندۆمە کەی کاتیەتی؟ نزیکەی ڕۆژی ( حەشر ) و ( قیامەت)؟ دەبێ چ زەمینەخۆشکردنی زیاتری بۆ بکرێتن، لە کاتێکدا ئەوەتا ئێمەی کوردستانی بە ھەموو نەتەوە و تاک و ئایینەکانیەوە ھزاران ساڵە ھەموو جۆرە زۆرداریمان بینیوە و ھەر چەشنە ناخۆشی و ڕەنج و ماندیبوون و تاڵییەکمان چێشتووە و ھیچ تاوانێک نیە مێشکی مرۆڤ بیری لێبکاتن و کوردستانیان بەسەریان نەھاتبێ و ... ھتد، ئەی زەمینە ڕەخساندن لەوە زیاتر چی دەوێ؟ باشە دەبێ ئەو زەمینەخۆشکردنە چ قۆچێکی پێوە بێ تا ھەوڵی بۆ بدرێتن؟ ئایا ئەو زەمینەیە دەبێ خەتمەن لە دوای چەندین ئەنفال و کیمیاباران و حەلەبچە و کۆرەوی و شنگالیتر و بی سەراوشوێنکردنی سەدان ھزرا ڕۆلە و منداڵیتر، و یان بەناوی جاریەکردن و فرۆشتنیان لە بازاڕەکانی وڵاتانی کچ و خوشک و دیکانمان بێ، وەک کاڵا و کەرەستە و بووکە شوشە یان تاوانەکانیتری ھاوشێوە بێ؟ بەڕاستی چ وڵامێکتان بۆ ئەم پرسیارانە پێیە تا داوای خۆشکردنی زەمینەی خۆشتر و لەبارتر بۆ ئەم ڕیفراندۆمە چارەنووسسازە بکەن؟ ئێمەی کوردستانی دەبێ لێتان بپرسین خۆ ھێشتان ئەو دەوڵەتە دانەمەزراوە لە ئێستا دا ھەندێ گەمژەی سیاسی ھەولێ ئەوە دەدەن و بانگەشەی ئاوەژوو و پشت ئەسوور بە بنەماکانی ڕەشبینانەی مێنتالیتەی خۆیان دەدەد، کە گۆایە ئەو دەوڵەتە نابێتە مایەی خۆشگۆزەرانی خەڵکی، و تا ھەم، بە خەیاڵی خۆیان لەبەر چاوی خەڵکی کەمی بکەن، و ھەم بیانەوێ ڕەنگی تۆخ و ھزر و ڕاستیی پیرۆزییەکەی کاڵ بکەنەوە، باشە ئێوە بە چ مێنتالیتە و عەقلیەتێک دەوڵەت بە " یۆتۆپیا" لێک دەدەنەوە، بەر لە ئەوەی ھێشتان زۆر شت لە پێشمانەوە ماوە؟ بێگۆمان دەوڵەتێک تازە لە دایک ببێ ھزاران کەم و کۆڕی تیایدا دەبێ و بە تایبەت ئەگەر ئێوەمانانێکیش تیایدا ھەبن، و ھەر منداڵێکی تۆزقاڵێک لە ئەلفبای سیاسەت و سایکۆلۆژیای سیاسەت و کارگێڕی و بەڕێوەبردن تێبگات، دەزانێ کە ئەو دەوڵەتە یۆتۆپیایەک و بەھشتێک نابێ بۆ ھەموومان، تا ئێوە بەو خەیاڵە ساویلکەییانە خەڵکی پێ ھەلبخەلەتێنن، بەڵام لە ھەمان کات و ھەموو کاتێکدا گەرەنتی ئاسایش و ئاسوودەیی دەروونی تاکی کوردستانی دەکاتن، و ھیچ نەبێ وەک جەنابی سەرۆک بارزانی لە (٧١) ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەی دەفەرمووتن" تەنھا ڕێگە بۆ ھەموومانە". ئەو چەمکە نامۆیانەی ئێوە تەنھا زائیدەی مێشکێکی دڵ بە ڕق و قینە، کە کوردستانیانێکی نیشتمانپەروەر بەھایی قروشێکی پێنادەن، و ئێوە دەمێننەوە لەگەڵ ھەمان دار و دەستەیەی کە پێیان خۆشە لە ئێوە گوێبیستی ئەو جۆرە چەمکە ڕەشبینانە بکەن و دواتر پێی ھەڵبدەن، و دواتر و پاش سەرکەوتنی ویستی نیشتمانپەروەران ھەتاھەتایی تووشی داوی ھەستی گۆناھباری دەبن.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
- ئەو بابەتە لە ژمارەی (٥٣٣٩) ی ڕێکەوتی (٢٨/٨/٢٠١٧) لە ڕۆژنامەی خەبات لە لاپەڕە (٦) بڵاو بووە.
Top