ڕیفراندۆم و دەروونناسیی ھەڵەکردن

ڕیفراندۆم و دەروونناسیی ھەڵەکردن
چەمکی ھەڵەکردن (error) جێگە و پێگەیەکی تایبەتی لە زانستی دەروونناسی دا ھەیە، چەندەھا تیۆری و بە تایبەت تیۆرییەکانی ڕەفتارگەرایی (behaviorism) بایەخی پێدەدەن، و بە یەکێک لە قۆناغەکای فێربوون ھەژماری دەکەن. زانایانی وەک سکینێر، کۆھلەر، سۆرندایک، و ... ھتد، لە میانەی ئەزموونەکان و تاقیکردنەوەکانیان لەسەر گیانەوەرانی وەک مەیموون، کۆتر، پشیلە، مشک و ... ھتد، ئەو ڕاستیەیان بۆ سەڵمێندرا. ھەر جووڵەیەکی ھەڵەی گیانەوەر ڕەفتارەکانی دواتر و سەرکەوتنی لە بەدەستھێنانی ئەو شتەی پێویستی پێیەتییان فێربوونی بە گرنگ دەبینرێتن، مسۆگەرتر دەکاتن.
مرۆڤیش بە ھەمان شێوە. ھەر ھەڵەکردنێک بەشێکە لە فێربوونی لە ژیاندا. منداڵێکی ساوا تا فێری ئەوە دەبێ ئەو کەرەستەیە سۆپایە و گەرم و بڤەیە، دەھا جار دەستی دەسووتێتن، و تا فێری بە پا ڕۆیشتن دەبێ سەدان جار بەردەبێتەوە و لە کەوتنەکەدا سەری دەشکێ یان زیاتریشی بەسەر دەھات.
لە ماوەی ڕابردوو دا وشەی ھەڵەکردن لە پێناو کەمکردنی بەھای ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردستان لە زۆر وڵات و کەس و لایەن دەبیسترێتن: ".... ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک و ....، و بڕیاری ڕیفراندۆم، و .... " ھەڵەیە !
ئەمانە ئەو دەستەواژانە بوون ھەڵەکردن وەک چەمک خۆی تیایدا دەبینرێتن. بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی ھەڵەیە؟ ئایا ھەڵەیە یان نە؟ و زۆر پرسیاری تر پێمان دەڵێن "نەخێر"، ئەو ڕەفتار و بڕیارانە نەک تەنھا ھەڵە نین، و بەڵکۆپێژەوانەکەشی زۆر ڕاستە.
ھەڵەکان ھەموو ئەو شتانە بوون لە سەدەی ڕابردوو کردمان تا بە جیھان و حکومەتی بەغدا بسەڵمێنین ئێمەی کورد و کوردستانی مرۆڤی ئاشتیخوازین. ئەوانە لەگەڵ ئەوەی کە ھەڵە بوون بەڵام پێویست بوون تاوەکۆ ئیمڕۆ ئێمە فێری ئەوە بین کە ڕیفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان ئەنجامی ئەو ھەڵانەن. بەشداری لە عێراقی کۆن و نوێ، و بە سەدان جار ئاشتەوایی لەگەڵ حکومەتە دیکتاتۆرەکانی یەک لە دوای یەکی بەغدا، بڕواکردن و متمانەکردن پێیان و ئەنفال و حەلەبچە و جینۆسایدی فەیلی و گەرمیان و بارزان و بادینان و .... ھتد، ئەوانە ھەڵەبوون، بەڵام ڕوویان دا.
کاتێک کە شەمپانزێ، مشک، دۆلفین، سەگێک، مریشکێک، و پشیلەیەک لە ھەڵەکانی خۆی فێر ببێ ئایا جێگەی پرسیار نیە کە تاکێکی کورد و کوردستانی لە ئەزموون و ھەڵەکردنی خۆی لە ماوەی یەک سەدە و زیاتریش فێری ئەوە نەبێتن، کە پێویستە کوردستانیان دەوڵەتیان ھەبێ؟؟ ھەڵەکردن بریتیە لەوەی کە لە چەرخی (٢١) و ئازادی دا، تاک و نەتەوە و وەڵات ھەبن ڕێز لە ئازادی و بڕیاری ئازادی و ئازادبوونی گەلانێکی ستەمدیدە نەگرن و بە ھەڵەیەکی کۆشندە ھەڵە بکەن و ئەو ڕەفتارە جوان و دیمۆکراسیانەی کوردستانیان بە ھەڵە ھەژمار بکەن !
*پسپۆری زانستەکانیپێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top