ڕیفراندۆم وه‌ك دوا بزمار له‌تابوتی ژێر ده‌ستی

ڕیفراندۆم وه‌ك  دوا بزمار له‌تابوتی ژێر ده‌ستی
گه‌لانی دونیا به‌هه‌رئامرازێك بێت توانیویانه‌ خۆیان له‌پاشكۆیی و ژێرده‌ستی ڕزگاربكه‌ن، چونكه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دی مه‌حاڵه‌ و سه‌به‌ته‌ی داخوازیه‌كانیان پڕناكات، بۆیه‌ سه‌ربه‌خۆیی و جیابونه‌وه‌ له‌یاسا و بنه‌ما شه‌رعی و نێونه‌ته‌وه‌یه‌كان به‌مافێكی ڕه‌وا سه‌یركراوه‌ و ڕێكار و پارێزگاری بۆ ڕێكخراوه‌ تائه‌و كه‌س و لایانه‌نانه‌ی داخوازیه‌كی وه‌هایان هه‌یه‌ بتوانن به‌ ئارامی و له‌ژێر چه‌تری شكۆمه‌ندی بگوزه‌رێنن، گه‌لی كوردیش وه‌ك گه‌لانی دونیاله‌ ئان وساتی دروست بوونی ده‌وڵه‌تی عێراق كه‌مته‌رخه‌می نه‌كردووه‌ له‌جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌ یاسایی و ده‌ستوریه‌كان، به‌ڵام هه‌میشه‌ تێڕاوانینی حكومه‌ته‌كانی به‌غداد هه‌م له‌ڕووی تێوه‌ری و هه‌میش كرده‌یی ناهه‌مواربووه‌ به‌جۆرێك سنوری سته‌مكاریشی به‌زاندووه‌، بۆیه‌ پاش چه‌ندین ساڵ له‌و ئه‌زمونه‌ دواجار سه‌ركردایه‌تی كورد به‌سه‌رۆكایه‌تی ڕێَزدار (سه‌رۆك بارزانی) بڕیاری ئه‌نجامدانی گشت پرسی دا له‌ (25 ئه‌یلول)ی ئه‌مساڵ ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ هات ئه‌زمونی پێكه‌وه‌ ژیان له‌گه‌ڵ ناوه‌ند شكست خواردوو بوو، بۆیه‌ ڕێوشوێنی ڕیفراندۆم ده‌گرێته‌به‌ر وه‌ك شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و ماڵئاوایی كردن له‌ عێراقی دوێنی و سڵاوكردن لێی وه‌ك دراوسێیه‌كی تازه‌.
ئێمه‌ له‌سه‌رمانه‌ ئه‌وه‌ بزانین بوونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ جگه‌له‌وه‌ی مافێكی ڕه‌وایی گه‌لی كوردستانه‌ هاوكات حوكمڕانی خۆماڵی كورده‌ به‌ ئیراده‌ و ویستی خۆی تا به‌و شێوه‌یه‌ فه‌رمانڕه‌وایی بكه‌ن كه‌خۆیان ئه‌یانه‌وێت و وڵاتێكی دیموكراسی و فره‌حزبی و ئایدیایی دابمه‌زرێنن كه‌ خه‌ونی چه‌ندین ڕۆڵه‌ی ئه‌و وڵاته‌یه‌ كه‌ ساڵانێكه‌خوێنیان له‌پێناو ڕشتووه‌.
مرۆڤ هه‌م له‌ ژیانی ئاسایی خۆی هه‌م له‌ ژیانی سیاسیی كۆمه‌ڵێك ڕێكه‌وت هه‌ن به‌ ئاسانی ڕووناده‌ن، به‌ڵكو ڕوودانیان ده‌گمه‌نه‌ و جاری واش هه‌یه‌ هه‌رگیز ڕووناده‌ن بۆنمونه‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی كه‌ئه‌مرۆ ڕیفراندۆم بۆته‌ ئامرازێك به‌ده‌ست سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستان ڕێكه‌وت و ڕووداوێكی مێژووی پڕ بایه‌خه‌ دیاره‌ ئه‌مه‌ش به‌ ئاسانی به‌ده‌ست نه‌هاتووه‌، ده‌بێت وه‌ك به‌خششێكی خوداوه‌ندی سه‌یربكرێت و به‌ ئاسانی له‌ ده‌ست ده‌رنه‌هێنرێت، چونكه‌ چاره‌نووسی ئێستا و نه‌وه‌كانی ئاینده‌ به‌ ئیراده‌ی هه‌مووان به‌ستراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت بتوانرێت ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ به‌ قازانجی به‌رژه‌وه‌ندی باڵا بشكێنرێته‌وه‌ و ڕیفراندۆم بكرێته‌ ئه‌و بزماره‌ی كه‌ له‌ تابووتی ژێرده‌سته‌یی و پاشكۆیایه‌تی عێراقێك بدرێت كه‌به‌ درێژایی مێژووی سیاسی خۆیان مایه‌ی ڕه‌شبگیری و تاڵان و جه‌لادی بوون بۆ گه‌لی كوردستان، ڕیفراندۆم وه‌ك چۆن ده‌بێته‌ بزماری ئه‌و تابوته‌ ئاواش چاندنی گوڵه‌ له‌ ئینجانه‌یه‌ك بۆ ئاشتی و ئازادی و شكۆمه‌ندی كوردستانیان و به‌رقه‌راركردنی ئاشتی له‌ناوچه‌كه‌ دا، داهاتووش گه‌واهیده‌ر ده‌بێت!!.
Top