کوردستان خۆی یەکلا کردووتەوە

کوردستان خۆی یەکلا کردووتەوە
ماوه‌ی ١٤ ساڵه‌ کوردستان هه‌موو ڕێگایه‌کی گفتوگۆی بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان و جێبه‌حێکردنی ده‌ستور و شه‌راکه‌تی ڕاسته‌قینه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا گرته‌به‌ر و بێ ئه‌نجام بوون، عێراق هیچ مه‌بده‌ئێکی شه‌راکه‌تی تێدا قبوڵ کراو نیە، ده‌ستور و ماده‌ ده‌ستوریه‌‌کانی وڵاته‌که‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی پێشێل کراوەو دەکرێت، بڕوای به‌ سیسته‌مێکی حوکمڕانی دیموکراسی،ته‌وافقی نه‌بووە ونیە، که‌واته‌ هیچ متمانه‌ و ئومێدێک به‌ عێراق نه‌ما‌‌وه‌ و کوردستان ناتوانێ جارێکی تر له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌هج و سیاسه‌ت و کلتوره‌ بژیت و ئاماده‌ نیه‌ به‌رده‌وامی به‌ ئه‌زموونێکی شکستخواردوو له‌گه‌ڵ به‌غدا بدات، چونکه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ چاره‌نووس و داهاتووی بداته‌ ده‌ست قه‌زاوقه‌ده‌ر که‌ ده‌ره‌نجامه‌که‌شی بۆ کوردستان ڕوون و ئاشکرایه‌ چیه‌.

بڕیاری ڕیفراندۆم مافێکی ئاسایی و یاسایی خه‌ڵکی کوردستانه‌ و به‌ ئامانجی سه‌ربه‌خۆییه‌، جگه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆییش هیچ ڕێگایه‌کی دیکه‌ له‌گه‌ڵ عێراق نه‌ماوه‌ته‌وه‌ و گفتوگۆکانیش ته‌نها بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یه‌ و له‌وباره‌یه‌وه‌ زۆر به‌ ڕاشکاوی به‌ عێراق و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و ئه‌مریکا و زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی و ئیقلیمی گوتراوه‌ کە هیچ پاشگه‌زبوونه‌وه‌یه‌ک له‌ بڕیاری ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم و نیازی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان له‌ئارادانیه‌ و هه‌ر وڵات و لایه‌نێک داوای دواخستنی واده‌ی ڕیفراندۆم بکات، له‌به‌رامبه‌ردا ده‌بێ به‌دیلێکی باشتر و گه‌ره‌نتیه‌کی مسۆگه‌رتر بدات به‌ کوردستان.


Top