پارتی و گۆڕان چی بکەن؟

پارتی و گۆڕان چی بکەن؟
پارتی پاکێجێکی شەش خاڵی داوەتە بزووتنەوەی گۆڕان، گۆڕانیش بەهەمان شێوە پێشووتر پێنج خاڵی داوەتە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ چارەسەری پرسە هەنووکەییەکان، ئەگەر پاکێجی پارتی و گۆڕان یەک بخەیتەوە، لە سێ خاڵدا هاوبەشن بەتایبەت لەسەر پرسی چاکسای و گۆڕانکاری لە سیستەمی مووچە و چاکبوونەوەی پەیوەندیە سیاسییەکان، ئەوەشی ناکۆکی لەسەر هەیە، دووشتە (یەکەم: دواخستنی ڕیفراندۆم، دووەم: چارەسەری پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە گۆڕان بەماوە بەسەر چووی دەزانێت)،لە راستیدا خاڵی ناکۆکی پارتی و گۆڕان زۆر نین، ئەگەر بە گفتووگۆ و لێگەیشتن چارەسەری بکەن، بزووتنەوەی گۆڕان لە دانیشتەکانی لەگەڵ پارتی باسی لەوە کردووە کە دەبێت پەرلەمانەوە سیستەمی سەرۆکایەتی بگۆڕێت، باشە پارتی دیموکراتی کوردستان قبولی دەکات. بەڵام دەبێت گۆڕانیش چاوەڕوانی ئەوە بکات ئەم پرسە رەهەندێکی نیشتیمانی هەیە، لێرەدا زۆرینە و کەمینەی پەرلەمان تەحەکومی پێوەدەکات، ئەگەر بەزۆرنەی دەنگ ئەم پرسە براوەبوو دەبێت رێز لە بریارەی حزبەکان لەپەرلەمان بگیرێت، بەڵام بە دەنگی کەمینەوە ناتوانێت فەرزی ئەوە بکەین، ئەم خاڵە ئەگەر پارتی و گۆڕان لەسەری رێککەون ئاسانە، بزووتنەوەی گۆڕان ئەگەر لە خەمی کاراکردنەوەی پەرلەمان بێت و پشتیوانی ریفراندۆم بکات، ئاساییە لەسەر ئەوە رێککەون کە بارزانی بۆ تێپەڕاندنی ڕیفراندۆم لە پەرلەمان واژۆ بکات دواتر لەسەر چۆنەیتی دەسەڵات و ماوە و سیستەمەکەی بخرێتە دەنگدانی پەرلەمانەوە، یان بەپێی دەستووری کوردستان کە هێشتا پرۆژە یاسایە چارەسەری بۆبدۆزرێتەوە.

لەم خاڵەی سەرەوەدا هەردوولا قازانج دەکەن، پارتی نەرمی دەنوێنێت بۆ یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم، لەبەرانبەردا گۆڕان پشتیوانی لە ڕیفراندۆم دەکات، گۆڕانیش لەپاڵ بریاری دانی پشتیوانی ریفراندۆم دەتوانێت یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم بخاتە بەردەم حوکمی هێزە سیاسییەکان، ئەگەر ئەو سیستەمی پەرلەمانیشی دەوێت هەردەتوانێت بەرێککەوتن لە دەستووری کوردستان بیچەسپێنن کە دواجار دەخرێتە دەنگدانەوە و خەڵکی کوردستان دەنگی بۆ دەدات.

دواخستنی ڕیفراندۆم یەکێکی دیکەی گرێکوێرەکانی پارتی و گۆڕانە، لە راستیدا گۆڕان دەبێت پاساوێکی بەهێزی هەبێت بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم، باشە گریمان ڕیفراندۆم بۆ دووسێ مانگ دواخرا حیکمەت لەدواخستنی چییە؟ بەس لەبەر ئەوەی بڵێن نەچوە ژێرباری کۆبوونەوەی بارزانی؟ ئەی هەرخۆیان نەبوون لە ٢٠\٧\٢٠١٤ دەنگیان لەسەر یاسایی ڕیفراندۆم و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن دا، ئەو کاتە بارزانی لە پەرلەمان داوای لەسەرجەم حزبەکان کرد پەلە بکەن لە دیاری کردنی رۆژی ڕیفراندۆم هەرئەو کات حزبەکان خۆیان پەلەیان بوو ئەو رۆژە دیاری بکرێت ئیستا دیاری کراوە ئیتر گرفت چییە؟.

بۆیە گرنگە گۆڕان پشتیوانی لە پرسی ڕیفرندۆم بکات لەو کاتەدا ئەو کاتە دەتوانێت لەبەرانبەردا فشار بخاتە سەر لایەنەکانیش بۆ جێبەجێکردنی داواکانی چونکە داواکاری ئەوان لەگەڵ داواکاری چەند حزبێک یەک دەگرێتەوە دواجار دەتوانرێت بکرێتە پرۆژەیەک بۆ چاکساز و گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی.
Top