پرسیارەکە بۆ (بەڵێ) و (نەخێر) زۆر سادەیە.. سەربەخۆیی یا کۆیلایەتی؟

پرسیارەکە بۆ (بەڵێ) و (نەخێر) زۆر سادەیە.. سەربەخۆیی یا کۆیلایەتی؟
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان لەم قۆناغە نوێیەی خەباتی ڕزگاری نیشتمانیدا، بڕیارێکی بە جورئەتی داوە کە: ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکات، بەم بڕیارەش دوژمنانی کورد دووچاری شۆک بوون و ئەوەی چاوەڕێیان نەدەکرد، ڕوویدا دەرسێکیشە بۆ سەردارانی بەغدا و وڵاتانی دیکەی داگیرکەر کە لە مێژووی سەد ساڵەدا پێیان نەدراوە.
گەلی کوردستان تا لە ڕۆژی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی نزیکتر دەبێتەوە، پیلانگێڕیی دەرەکی و دەهۆڵی نامەردانەی ناوخۆ زیاد دەکا، بەڵام نە داگیرکەران حاڵیان هێندە باشە کە مەترسیەکی ئەوتۆ بن، نە شلەوقوڵەی و نانخۆرەکانیان هێندە بەبڕوا و بەهێزە کە بتوانن ڕەوتی سەربەخۆیخوازی ئەم میللەتە بوەستێنن ..
ئێستا لە هەموو کات زیاتر ئیرادەی نەتەوەیی کورد بەهێز و لە هەڵکشانە، زۆرینەی حزبە سیاسییەکان یەکڕیز و هاودەنگن لە سەر بڕیاری سەربەخۆیی کوردستان، ئەوانەشی کە سوێندیان بۆ داگیرکەرانی کوردستان خواردووە لە دژی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بن و لافیتەی( نەخێر)یان بەرزکردۆتەوە، ئەمانە تازە بڕیاریان داوە، ئەگەر فەرشی سووری دەوڵەتی سەربەخۆیشیان بۆ ڕاخەیت هەر لە دەوەنی دژایەتی و بە ڕووی شەرمەزاریی دەمێننەوە!
گەلی کوردستان وەختێک بریاری سەربەخۆیی بۆ دەوڵەتی کوردستان دەدات، نابێ لە سەر چەپکە گوڵ و سەرینی سەرکەوتن خەوی لێ بکەوێت، دەبێ خۆی بۆ هەموو ئەگەر و پێشهاتێک ئامادە بکات، تەنانەت شەڕی نەخوازراویش، هەرچەندە دنیای ئەمڕۆی کورد ڕۆژگاری نائومیدی ساڵانی حەفتاوهەشتاکان و تەنی دۆستایەتی (کورد – شاخەکان) نییە، کە داگیرکەرانی کوردستان کەی بیانەوێت بە ئارەزووی خۆیان سنوور ببەبزێنن و هێرش بکەن، کەس لێیان نەیەتە دەنگ، سەردەمی ئەمڕۆی کورد سەردەمی تاقیکردنەوەی دیموکراسیانە و بڕیاری ئیڕادەی میللەتێکە بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
تا ئێستا ئێران و عێراق و تورکیا بە دەڕبڕینی سیاسیی جیاواز هاتوونەتە دەنگ بۆ دژایەتیی ڕیفراندۆم، سورییە چونکە حکومەتەکەی لە گیانەڵادایە لەبەر مەرگی خۆی نایپڕژێتە سەر ناڕەزایی‌‌دەڕبڕین لە دژی ڕیفراندۆم، بەڵام بە دڵنییایەوە ئەمیش تا سەر ئێسقان دژە!
ئەوەی پەیوەندیشی بە بەرەی دژە ڕیفراندۆمی نێوخۆوە هەیە، بەدیل و ئالتەرناتیڤەکانیان زۆر لاوازن و کەس بڕوایان پیناکات، چونکە خەڵک هۆشیارترە لەوەی بە درۆی شاخداری خۆیان و تەلەفزیۆنەکانیان بڕوا بکەن و تەئویلاتی نالۆژیک بۆ بڕیاری ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان داتاشن. چونکە بڕیار و پرسیاری ریفراندۆم هیندە سانا و سادەیە، هیچ پەناوپێچ و لێکدانەوەی ئالۆزی تیدا نەماوەتەوە تا ئەم گرووپە کەمینەیە خەڵکی پێ دڵسارد و چەواشە بکەن. لە رێفراندۆمدا پرسیارەکە سادەیە؛ ئایا دەتەوێ (ئازاد و سەربەخۆ بژیت یا بە کۆیلەیی بمێنیتەوە؟).
هاودەنگ فاروق
Top