گەرەنتی نێودەوڵەتی ...

گەرەنتی نێودەوڵەتی ...
" ئامانجی دیموکرات و کۆماریەکانی ئەمریکا جیاوازە و لە خاڵێکدا یەکدەگرێتەوە"
بەپێی لێکدانەوە سیاسیەکان ئیدارەی نوێی ئەمریکا و کۆماریەکان بە هیچ شێوەیەک لە دژی سەربەخۆیی کوردستان نین، ئەگەر ریفراندۆم ئەنجامی (بەڵێ)ی بەدەستهێنا دانیشی پیادەنێن، بەڵام ئەوە راستە کاتەکەیان پێ باش نییە، چونکە لە ئێستا ئەو ئیدارە نوێیە ئەمریکا کە ترامپ سەرۆکاتی دەکات بەتەواوی خۆی رێکنەخستووە و زۆرێک لە دامەزراوەکانی هەر بەدەستی دیموکراتەکانەوەیە و ئاڵوگۆڕی پێنەکراوە، دیموکراتەکانیش لەگەڵ ئەوەدانین عێراق هەڵوەشێتەوە، هەر بۆیەش داوادەکەن کوردستان لەگەڵ عێراق بکەوێتە گفتوگۆ، بۆئەو مەبەستەش دەرگایان کردۆتەوە کە هەموو خواستەکانی کوردستان بێتە دی، بەڵام ئەو ئامانجەی کە ئەمریکا دەیەوێت لەو ناوبژیوانە بیپێکێ بە کۆماری و دیموکراتەکانەوە ئەوەیە کە ریفراندۆم لەکاتی خۆیدا ئەنجام نەدرێ، کۆماریەکان دەیانەوێ زیاتر ئەجێنداکانیان لە عێراق بهێننە دی و رێگە لە هەژموونی ئێرانی بگرن، بەتایبەتی لەو هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەی عێراقدا، دیموکراتەکانیش پێیانوایە هەڵوەشاندنەوەی عێراق لە بەرژەوەندی ئەمریکا نییە.

لەبەرامبەر بەوەش روانگەی سەرۆک بارزانی بۆ ئەمریکا وەکو مەرجەع و سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ئەوە بووە، ئەوانەی داوای دواخستنی ریفراندۆم دەکەن بە دۆست و دوژمنەوە با (کاتێک دیاری بکرێت بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئەو کاتەش نیقاشی لەسەر نەکرێت وئەمریکاو ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوەیەگرتووەکانیش بەفەرمی لەڕاگەیاندنێکی هاوبەشدا، ئەوکاتە بۆ ڕیفراندۆم دیاری بکەن، هەروەها کۆمەڵگای نیودەوڵەتیش پابەند بێت بەئەنجامەکانی ریفراندۆم کەلەو کاتدا ئەنجامدەدرێت، بەو مەرجە دەکرێت باس لە دواخستنی ریفراندۆم بکرێت).
ئەگەر بێت و ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان رازی بن و ئەو مەرجە جێبەجێ بکەن، ئەوە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان و لە ریفراندۆم گەورەترە و گەیشتنە بە ئامانجە گەورەکە کە سەربەخۆیی کوردستانە، چونکە کاتی ریفراندۆم لەلایەن هەموو جیهانەوە بۆ کوردستان دیاری دەکرێت و دان بە بڕیاری خەڵکی کوردستانیش دەنرێ، واتا کوردستان دەتوانێ دواتر ڕاستەوخۆ دەوڵەتی خۆی ڕابگەێنێت و زەمانەتی نێودەوڵەتیش دەستەبەر دەکات، جگە لەو گەرەنتیە هیچ نیازێک نیە بۆ ئەوەی ریفراندۆم دوابخرێت، لە راستیشدا ئەو مەرجە گەورەیە و جێبەجێکردنی ئاسان نیە، لە بەرئەوە تا ئێستا ئەگەری بەهێز لە 100% ئەوەیە ریفراندۆم لەوادەی خۆی لە 25-9-2017 ئەنجام بدرێ، کە ئەنجامدانی ریفراندۆمیش دەستکەوتێکی مەزنە و کردنەوەی گەورەترین دەرگایە بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
Top