سەرکردایەتی گۆڕان کارێکی باشی کرد

سەرکردایەتی گۆڕان کارێکی باشی کرد
گۆڕان وەک بزووتنەوەیەک چووە نێو قۆناغێکی نوێ، ئەویش دوای دورخستنەوە و ڕێگە نەدان بەو بەناو گەنجە فەوزەوی و کۆنە ئیسلامیە توندڕەوانەی، کە جگە لە توندئاژۆیی و بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیایی فەوزەویەت و هاندان و فریودانی خەڵکی بۆسەر شەقام و داشۆرین و سوکایەتیکردن و سوککردنی بزووتنەوەی سیاسی و ڕەمزەکانی و ڕازی نەبوون بەهیچ شتێک، تاوەکو ئەمڕۆ هیچی تریان لەدەست نەهاتووە.

لەدوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا سەرکردایەتی نوێی هەڵبژێردراوی ئیستای بزووتنەوەی گۆڕان کارێکی نموونەیان کرد کە ئەو بەشە خراپەکارەیان لەخۆیان دورخستەوە و سەرکردایەتی ئەو بزوتنەوەیەیان ڕادەستی ئەو کەسانە کرد کەخاوەنی مێژوویەکی دوروودرێژن لەخەباتی بزافی ڕزگاری خوازی گەلی کوردستاندا، ئاقڵمەندانی ناو گۆڕان ئەوجارەیان زۆر بەووردی کاریان لەسەر ئەوەکرد ڕێبگرن لەوانەی بەناوی گەنج، کە لەڕاستیدا جگە لەگەنجی فەوزەوی شتێکی ترنین، ڕۆڵیان هەبێت لەسەرکردایەتی نوێی بزووتنەوەکەیان، بێگومان ئەوەی کە من باسی دەکەم بەهیچ شێوەیەک لەو ڕوانگایەوە نیە کە مەبەست دژایەتی گەنج و پێگەی گەنج بێت لە کۆمەڵگەی کوردی و لەنێو کایەو کاری سیاسیدا، بەڵکو زیاتر مەبەست ئەو گەنجە فەوزەوی و تێکدەرانەن کە لەنێو گۆڕاندا هەن، سەرکردایەتی ئەو بزووتنەوەیەش کارێکی باش و چاکی کرد کە لە دەسەڵات و بڕیاری حزبەکەیان دوری خستنەوە.

ئەوکارەی سەرکردایەتی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان لەپاککردنەوەی ڕیزەکانی خۆیان، خزمەتێکی زۆری بەخۆیان و ڕۆڵی بزووتنەوەکەیان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان کرد و هەنگاوێکی مەزنیش بوو بۆئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسی کوردستان، ئەوەجگە لەڕێگە کردنەوە لەبەردەم گۆڕان بۆئەوەی بتوانێت جارێکی تر بەشدار بێتەوە لە پێگە حکومی و پەرلەمانی و سیاسی خۆیدا لەکوردستان.

کارێکی ئاقڵانە و باشیش دەکەن، ئەگەر جارێکی تر سەرکردایەتی نوێی بزووتنەوەی گۆڕان نەکەونەوە ژێر هاش و هوشی ئەو گەنجە فەوزەوی و توندڕۆ ئیسلامیانەی کە هیچ وابەستەبوونێکیان نە بە نیشتیمان و نە بە ووڵات و نە بەمیللەت ونە هیچ شتێکەوە نیە، جگە لەبێ هیواکردنی میللەتی کورد و تێکدانی هاوپەیمانیەتی و هاوکاری لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و ڕەتکردنەوە فرەیی حزبی وئاڵۆزکردنی ڕەوشی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستان.
Top