کاته‌که گونجاوه
July 30, 2017
وتار و بیروڕا
ئه‌و لایه‌ن و که‌سانه‌ی بیانووی ئه‌وه ده‌هێننه‌وه که ئێستا کاتی ڕیفراندۆم نیه و داوا ده‌که‌ن دوابخرێ! ده‌کرێ پێمان بڵێن: ئه‌ی که‌ی کاتیه‌تی و له به‌رامبه‌ر دواخستنی چی گه‌ره‌نتیه‌ک هه‌یه؟
بیانووه‌که‌ی ئه‌وان هه‌روه‌ک بیانووه‌کانی لایه‌نی شیعه‌ی حاکمه له عێراق، که ماوه‌ی ١٤ساڵه کورد چاوەڕێی مافه‌کانی دەکات و قسە لەسەر هاوبەشی ده‌کات، بەڵام هه‌رجاره و به بیانوویه‌ک به کورد ده‌ڵێن ئێستا کاتێکی باش و قبوڵکراو نییە!
ئه‌وانه‌ی پاساو بۆ قسه‌کانیان به‌وه ده‌هێننه‌وه که ئه‌مریکا داوای کردووە ڕیفراندۆم دوابخرێ و کاته‌که‌ی گونجاو نیه!
وه‌ڵامی کوردستان بۆ ئه‌وان ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر ئەمەریکا بەڵگەیەکی نووسراو و ڕاگەیەندراو بدات و بە ئاشکرا ڕایبگەیەنێت کە ئەگەر ڕیفراندۆم بۆ وادەیەکی دیاریکراوی دیکە (بۆنموونە چه‌ند مانگێک)دوابخرێت، ئه‌وکات ئەمەریکا پشتیوانی لەو ڕیفراندۆمە دەکات، واتە هەم بە ئاشکرا ڕایبگەیەنن و هەمیش زەمانەت بدەن به کورد کە پشتیوانی دەکەن، بێگومان ئەوەش ڕوو نادات. بۆیە هیچ دواخستنێک لە واده‌ی دیاریکراوی ڕیفراندۆم ڕوونادات و له‌کاتی خۆیدا ئه‌نجامده‌درێت.
ئه‌و وڵات و لایه‌نه نه‌یارانه‌ی که ده‌ڵێن؛ نابێ ڕیفراندۆم ئه‌نجامبدرێت و ناکرێ کوردستان له عێراق جیاببێته‌وه، گوایه خه‌می یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق ده‌خۆن! پێویسته ئه‌وه بزانن کوردستان داوای جیابوونه‌وه له عێراق ناکات، به‌ڵکو داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌کات، ئه‌و یەکێتیەی لە نێوان عێراق و کوردستاندا، که گوایە لەدەستوری عێراقدا هەیە یەکگرتنێکی ئارەزوومەندانەیه، دوای ئەوەی لایەنی عێراقی کە شیعە لە ٢٠٠٣وە حاکم و ده‌سه‌ڵاتداره شه‌راکه‌تی کوردیان قه‌بوڵ نه‌بوو و نەیانتوانی هیچ هەنگاوێک بهاوێژن بۆ ڕازیکردنی خه‌ڵکی کوردستان، ده‌ستووری هه‌ڵبژێردراو له‌لایه‌ن گه‌لانی عێراقیان پێشێل کرد، مووچه و قوتی خه‌ڵکی کوردستانیان بڕی، که‌واته ئێستا خه‌ڵکی کوردستان مافی خۆیەتی کە ئەو ئارەزوومەندانەی خۆی دووبارە بەرجەستە بکاتەوە و بڕیاری چارەنووسی خۆی بە یەکجارەکی بدات.
پاش ئەو هەموو كارەسات و قوربانیدانە كوردستان نه ناچاره نه ئاماده‌یه تاهەتایە به پاشكۆی بەغدا بمێنێته‌وه، له کاتێکدا به‌هۆی سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا، کوردستان و عێراق زەمینەی بەیەکەوە مانەوەیان نەماوە، بۆیه بەهیچ شێوەیەک کورد له نیازی سەربەخۆیی پاشەکشە ناکات و له‌به‌رامبه‌ردا هەموو ڕێکارە دۆستانە و یاساییەکان لەگەڵ ده‌وڵه‌تی عێراق دەگرێتەبەر، ئەو قوربانیانەی کە خه‌ڵکی کوردستان بەدرێژایی مێژووی خۆی لەگەڵ عێراق داویەتی شتێک نییە کە بەسەریاندا بازبدرێت و ناکرێ لەبەرچاو نەگیرێت، ڕای گشتی کوردستان ئێستا له هه‌موو کاتێک زیاتر ئامادەیە بۆ سەربەخۆیی و ناکرێ پشت لەو قوربانی و ڕای گشتیە بکرێ کە لەسەر بنەمای ئەو مێژووە و ئەو قوربانیدانه دروست بوون.