ڕیفراندۆم ئەولەویەتە

ڕیفراندۆم ئەولەویەتە
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ (٣٠\٧\٢٠١٧)،ی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، ئەوەی هەموویانی پێکەوە بەستەوە پرسی ڕیفراندۆم بوو ئەو لەویەتی هەموو پرسەکانیش بوو، بڕوام وایە ئەگەر ڕیفراندۆم نەبوایە بەئاسانی هێزە سیاسییەکان نەیان دەتوانی لەسەر یەک مێزی گفتووگۆ کۆببنەوە، ڕیفراندۆم تاکە ئامانجە بۆ ئەوەی لەو رێگایەوە کوردستان بگاتە ئاوات، هەڵبەتە لەم دۆخەی ئێستادا هەموو حزبەکان براوەن دۆراو نییە، گۆڕان لەبەر پێداگیری لە کاراکردنەوەی پەرلەمان براوەبوو، پەرلەمان کارادەبێتەوە، مەرج نەماوە، لە ئێستاوە پەرلەمان دەتوانێت کۆبوونەوەی ئاسایی بکات، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش براوەیە، چونکە هەوڵی زۆری دا ببێتە لینکی پەیوەندی لەنێوان حزبەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، هەوڵەکانی یەکێتی بەزایە نەچوو و توانی سەرکەوتنی باش بەدەست بهێنێت، بەهەمان شێوەش پارتی براوەیە، چونکە ئامانجی ئەوەیە کە ئەم ڕیفراندۆمە زۆرترین دەنگ و پشتیوانی بەدەست بهێنێت، بەرازیکردنی یەکێتی و گۆڕان و سەرجەم حزبەکان پرۆسەکە بەهێزتر و باشتر دەبێت واتە پارتی لە نەرمی نواندو سازش کردن لەسەر مافەکانی خۆی ئەویش براوەیە.

دۆراو لە پرۆسەکە نییە، یەکگرتوو، وەک هێزی فریاکەوتنی پرسە نیشتیمانییەکان خۆی دەنووێنێت، پێکهاتە جیاوازەکان مافیان نەفەوتا و بەبێ ئەوان هیچ بریارێک نەدرا، لە پرۆسەی ڕیفراندۆم هەموویان براوەن و دۆراو دژە ڕیفراندۆمن، بەڵام ڕیفراندۆم ئەولەویەتی هەموویانە چونکە لەسەرووی هەمووشتێکەوەیە.

ئەوەی زۆر گرنگە هێزە سیاسییەکانی کوردستان بیریان بێتەوە ئەوەیە کە ئەم پرسە پرسێکی نیشتیمانییە، پێیم وایە گرفتی هێزە سیاسیەکان ئەوەندە گەورەنییە تا نەتوانن پێکەوە لەسەر یەک مێزی گفتووگۆ چارەسەریان بکەن بەڵام لەهەموو گەورەتر ئەوەیە کە ڕیفراندۆم بووە دەرچەک بۆ ئەوەی ئەو ناکۆکییە سیاسیانەی لە نێوان هێزەکان هەیە وەلاوە بنرێن.
Top