ئەنفال زامێکی قوڵ و لەیاد نەکراو

ئەنفال زامێکی قوڵ و لەیاد نەکراو
ئەنفال وەک یەکێک لە بەرچاوترین ئامرازی حکومەتی کۆنەپەرستی بەعس وابوو بۆ نەمانی کورد و سڕینەوەی ناسنامەی کوردبوون بۆ ئەمەش درێغی نەکردووە لەو رێگا دۆپلۆسێنەرە.
کیماباراکردن و ئەنفال و لەسێدارەدرانی پیاو و ژنی کورد ھاوکات وێرانکردنی خاکی کوردستان و تەعریب و ڕاگواستن و بەبەعسی کردن ھەمووی بۆ ئەوە بوو نەتەوەکەمان بەزوبانی کوردی شوناسی نەمێنێت، بەڵام خۆشبەختانە ئەو ھەوڵەیان بردە ژێرگڵ، چونکە کوردەکان بەوپەری شادومانیەوە بەرەو پیری مەرگ دەچوون و بۆمانەوە مەرگ لایان شیرینترین شەرابی کامەرانی بووە.
ئەنفال کە قێزەون ترین رێگای نەمانی کورد بوو زامێکی قوڵی و نەبراوەیە بۆسەر دەرونی تاک کورد، چونکە حیکایەتەکانی پشت ئەنفال غەمگینترین خەمی گەردوونن، لەبەر ئەوەی دابرانێک ڕووی دا کە درەندەترین جەلاد لەسەرووی خەیاڵیشەوە بیری لێ ناکاتەوە.
مێژووی ئێمە بریتی یە لەکۆمەڵێک ئەنفالی بەردەوام و پچڕپچڕ، بەڵام لەفۆرم و ناوەرۆک جیاوازن لەیەکتریەوە وەلێ
ئەنفالی بارزانیەکان و ئەنفالی گەرمیان وناوچەکانی ترسەرەتای بوونی تاوانێکن کەبەشێوەیەکی رێکخستن و بەرنامە بۆ داڕێژراو بوو ئەمەش گەواھیدەری ئەو ڕاستیەیە کە دوژمنی خاکی کوردستان تێنووی خوێنی مرۆڤی کوردە.
لەکاتێک ئێمە باس و یادی ئەنفالی بارزانیەکان ئەکەینەوە کەلە (٣١تەموزی ١٩٨٣) ڕووی دا لەلایەن رژێمی بەعسی فاشی دژ بەنەتەوەکەمان، دەبێت ئەوە بزانین بەورە و بازووی پۆڵاینی پێشمەرگە و ئیرادەی گەلی کوردستان حکومەت و دامەرزاوەی شەرعی کوردستان ھاتونەتەدی و رووحی ئەنفالەکان شادە و لەسایەی ئەو دامەزراوە سیاسی وئیداریە کە حکومەتی ھەرێم و پەرلەمان لەخۆ دەگرێت ئاسودەن، بۆیە پێویستە زیاتر بایەخ و گرینگی بەکەسوکاری شەھیدان و ئەنفال کراوەکان بدرێ و پێداویستیە کانیان بۆ پڕبکرێتەوە تاوەکو ھەست بەنامۆیی و دابڕانی ئازیزانیان نەکەن.
ئەوانەی ئەنفال کران ھۆیەکی تری معقول نیە بڕوابکەین جگەلەوەی کورد بوون نەبێت، بۆیە قوربانیەکانیان بۆ کوردبوون بەھەدەر نەچووە، چونکە ئێمە لەسایەی سەرکردایەتی سیاسی کورد ھەنگاوی گەورە دەھاوێژین کەبریتیە لە ئەنجام دانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی کوردستان، بۆیە پشتگیری کردن لە کەمپینی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی گەورەترین وەفایە بۆ ئەنفال کراوەکان و کەسوکاری ئازیزیان، لەھەمان کات دا ڕیسوابوونی ئەنفال چیەکان و ئەو کەسانەشە دەستیان لە پرۆسەی ئەنفال ھەبوو.
دەبێت بە ھۆشیاریەوە لەوە بگەین کە سەربەخۆیی دەوڵەت کەسایەتی یاسایی ھەیە و سەروەری خۆیی دەپارێزێت و لەئەگەری ھێرش بۆسەری پارێزگاری لەسەروەری و بنەماکانی مانەوەی لەلایەن ھێزی نێودەوڵەتی دەکرێت، بۆیە سەرکەوتنی (دەنگی بەڵێ و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان) دەستەبەری ئەوەیە کورد ئەنفال و کیماباران و پاکتاو نەکرێتەوە و وەک نەتەوەکانی تر بە ئاشتی و ئاسودەیی دەژیت.
ھەم لەبەر چارەنووسی خۆمان و ھەم بۆ شادبوونی رووحی ئەنفال کراوان و کەسوکاریان دەنگدان بە (بەڵێ) ئەرکە لەھەمان کاتدا گەورەترین و نایەبترین نەفرەت کردنە لەبکەرانی پرۆسەی ئەنفال و دوژمنانی نەتەوەکەمان.


Top