مافی ئافرەت وپێگەی ئافرەت لە کۆمەڵگا
July 24, 2017
وتار و بیروڕا
بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە دەڵێن لەسەرجەم ئاینە ئاسمانیەکان وھەر وڵاتێکی گۆی زەویش دا گرینکی بە مرۆڤ دراوە، دواجار ئافرەتیش مرۆڤە شان بەشانی پیاو .ئافرەت نیوەی کۆمەڵەو دایکی نیوەکەی تریشە، لەلایەکی تر دەرونێکی نەرم و نیان ترو ھەستیارتریان ھەیەبە بەراورد لەگەڵ پیاوان، بۆیە دەبێت چاودێری و پاراستنی ماف و مافداریان زیاتر لە بەرچاو بگیرێت، بەڵام شتێک لە جێ بەجێکردن و پێدانی مافی ئافرەت بە نرخ ترە ئەویش پاراستنی سنورو کەرامەت و دەروونیەتی کە گۆرەپانی پیرۆزی ھەر ئافرەتێکە، پاراستنی رێزی ئافرەت شوێنی باڵاترو ووردتری ھەیە لەپێدانی مافە ماددیەکان، بەواتایەکی تر پێدانی مافە ماددی و مەعنەویەکانی ئافرەت لە ناو خێزان و کۆمەڵگا دا تەواو کەری یەکترن، لەبەر ئەوەی یەکێکن لە پایە گرینگ و سەرەکیەکانی پێکھێنانی خێزان و ژیان و لەدایک بوون و لەھەمان کات دا ھۆی ئارامیە کە خوای گەورە بە پیاوی بەخشیووە، چونکە ئافرەتان سەرچاوەی میھرو سۆزو میھرەبانین. پیاوێکی ژیرو دانا ئەگەر دەیەوێت ژیانێکی تەندروست و ئارام و سەقامگیری ھەبێت، بێگومان دەبێت ھۆکارو ھۆی ئاسایشی ئافرەت فەراھەم بکات ھەر لێرەوە دەکرێت بپرسین ھۆیەکانی ئارامی ئافرەت چین؟
ئایا ھۆ و ھۆکاری ئارامی تەنیا ماڵێکە بە تەواوی کەل و پەل لەگەڵ ئوتومبێل و پارە و خۆشگوزرانی و زێر!! ئەوانە بەشێکن لە ئارامی ئافرەت کە پەیوەستە بەژیانی رۆژانە، بەڵام تەواو ئارامی نین ئەگەر لایەنی مەعنەویشی لەگەڵ دا نەبێت کە خۆی لە رێزگرتنی کەسیەتی خودی ئافرەت دا دەبینێتەوە، بۆیە دەگەینە ئەو راستیەی کە ھەردوو لایەنی ماددی و مەعنەوی تەواو کەری یەکترن بۆ ئارامی و دڵنەوایی ئافرەت .
پیاوێکی زیرەک و کارزان ئەگەر بیەوێت ماڵ و ژیانی خاوەن شەوق و رەنگاو رەنگ و چاڵاکی و خۆشحاڵی زیاتر بێت، دەبێت سەرنج و رێزی زیاتر ببەخشێتە ئافرەت کە دواجار چاودێرکردنی ئەو خاڵە لەناوەوە کاریگەی سەرسورھێنەریان لەسەر ژیانی ئافرەتان دا ھەیە، کەواتە لەژێر سێبەری چاودێری کردنی ئەو خاڵانە ھەر پیاوێک دەتوانێت روح بەبەر ژیاندا بکاتەوە، ھەروەھا دەبێت بە ووردی ئاگاداری رێزگرتنی کەسیەتی ئافرەت بێت، لەبەر ئەوی بڕیارە تەمەنێک ھاوسەرو ھاودەم و ھاورێی پیاو بێت ودایکی منداڵەکانی بێت. کەوابوو بۆ پاراستنی ژیانی خۆمان پێویستە وردبین بین و ووردەکاری لە کردارەکانمان دا ئەنجام بدەین، چونکە ئافرەتان بونەوەرێکی ئاڵۆزی ھەستیار و ووردن کە بچوکترین کرداری پیاوان لە پێش چاویان وون نابێ (خوای گەورە) بەجۆرێک ئافرەتی ئافراندووە، ئەگەر وەکو گوڵ چاودێریان بکەین لە بەرامبەردا ھەمیشە ژیانمان جوان و بۆن خۆشتر ئەکەن و ھەموو کات باوەشی خۆیان دەکەنە گۆرەپانی میھرەبانی بۆمان . بۆ نمونە کەسێک خانوەکەی بە بری ١٠ دەفتەر دۆلاری ئەمریکی دەفرۆشێتە کەسێکی تر بەو مەرجەی کریار تێچووی دیتنەوەی ئوتومبێلە وون بوەکەشی بدات ئەو مەرجە نادیارە .
کەواتە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی ناتواندرێت ھەمیشە بەپارە ئافرەتان دڵخۆش بکرێن، بۆیە گرینگترین و بەنرخ ترین دیاری کە دەکرێت بە ئافرەت بدرێت گرینگی پێدان و سەرنجی بەردەوامە.بۆ زیاتر روون کردنەوەی (ماف) باشتر وایە بزانین ماف چیە ؟؟ماف: رووی دووەمی بوونی مرۆڤە،لەگەڵ مرۆڤ لەدایک دەبێت وەک (مافی ژیان و ئازادی و یەکسانی و کەرامەت و موڵک داری و ھاوڵاتی بوون .........ھتد). پیاو و ئافرەت یەکسانن و ھیچ جیاوازێک لەنێوانیان دانیە ، کەوابوو بۆچی توندو تیژی دەرھەق بکرێت، سەرەڕای ئەوەش لە ئێستا دا مافی ئافرەتان لەچوارچێوەی لۆکاڵی دەرچووە بۆتە بابەتێکی نێودەوڵەتی بۆ روون کردنەوە دەبینین لە ( نەتەوە یەکگرتوەکان) چەندین پەیمان نامە و راگەیاندن سەبارەت بەمافەکانی ئافرەتان دەرچووە لەوانەش (رێکەوتن نامەی مافی سیاسی ئافرەتان ١٩٥٢) و(راگەیاندنی لەناوبردنی جیاوازی کردن دژی ژنان ١٩٦٧).
سەبارەت بە کۆمەڵگای ئێمەش بێگومان ئافرەت رۆڵی دیاری ھەبووە و خاوەنی چەندین شێرە ژنین وەک (خانزادی میری سۆران و مستورە خانی ئەردەلانی و حپسە خانی نەقیب و ئامینە خانم ومینا خانم و شەھید لەیلا زانا ......ھتد)، ئەمانە نمونەی ئەو ئافرەتانەن کە بۆ ھەمیشە ناویان بەدروشاوەیی لە مێژووی کوردا ئەمێنێتەوە .
لەلایەکی تر ھەر یەک لە رۆژھەڵات ناس (مینۆرسکی و کڵۆدیۆس جیمس ریچ) ئاماژەیان بەوە کردوە کە"ئافرەتی کوردە بەبەراورد لەگەڵ ئافرەتانی تورک و عەرب وفارس ئازاترن و مافیان زیاترە ".
بەڵام ئەوەی جێگەی تێرامان و وردبونەوەیە لەئێستادا لەبری ئەوەی مافی زیاتریان ھەبێت و رۆڵی زیاتریان پێ بدرێت لەکۆمەڵگادا، ئەوا لەبەرامبەردا توندوتیژی زیاتر دەرھەق بە ئافرەتان دەکرێت، چونکە رۆژانە لە رووپەری (رۆژنامەکان و سایتەکان و کەناڵەکانی راگەیاندن) گوێبیستی ئەوە دەبین ئافرەتێک خۆی سوتاند یان کوژرا .....ھتد. تاوەکو ئەمەش بەردەوامی ھەبێت ئافرەت ھەست بە ئاسودەیی ناکات و کۆمەڵگای کوردیش پێش ناکەوێت، بەچەندین شێوازی جۆراو جۆر توندوتیژی دەرھەق بەئافرەت دەکرێت ھەر لە (کوشتن ودارکاری کردن و تەڵاق دان و ......ھیتد)کە ئەمەش پێشێلکردنی مافی ئافرەتە، ھەر چەندە لەم چەند ساڵەی رابردوو خۆشبەختانە (حکومەتی ھەرێمی کوردستان) گرینگی زیاتری بەمافەکانی ئافرەت داوە و پێویستە زیاتریش گرینگیان پێبدرێت ھەر داینگەوە فێری منداڵەکان بکرێت کە "رێز لەئافرەتان بگرن، چونکە ئافرەت ژیانە".