سەروەریی نەتەوەیی و شاندی حزبی!

سەروەریی نەتەوەیی و شاندی حزبی!
لەو كاتەوە باشووری كوردستان لە بڕیارێكی مێژوویی و بوێرانەدا كاتی ئەنجامدانی گشتپرسی(بۆ جیابوونەوە لە عێراقی بێ ئیرادە و گیرۆدەی توندڕۆیی مەزهەبی) دەستنیشان كردووە، كۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا دەوڵەت بووە كە زۆر بە زەقی لە دژی ئەو بڕیارە هەڵوێستی وەرگرتووە و بەرپرسانی پاشەڵشڕ و تیرۆریستپەروەری ئەو دەسەڵاتە مەزهەبییە، بە جاران خۆیان لەدژی ئەو دەستكەوتە نەتەوەییە گیڤ كردووەتەوەو لە مینبەرەكانی سوپای پاسدارانەوە هەڕەشەی جۆراوجۆریان لە ئەنجامدەرانی ڕیفراندۆم لە باشووری كوردستان كردووە، بەوەشەوە نەوەستان و سیاسەتی گرتنەوەی ئاو لە سنوورەكانیان بەكارهێنا و سنوورەكانی باشووری وڵاتیان بە خەستی تۆپباران كرد!
ئەگەر سەردانی شاندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە تاران بۆ نموونە وەربگرین، جیا لەو دیمەنە نەشیاوە كە پاسدارێكی گەورە تیرۆریستی وەك شەمخانی، دوور لە هەر ئەتەكێتێكی دیپلۆماسی (لەو پەڕی بێڕیزیدا و دەست لە ناو گیرفان) تەوقە لەگەڵ تێكۆشەرێكی ناسراوی كوردی وەك بەڕێز كۆسرەت رەسووڵ دەكات، دەبینین ئەو دیدارە ئەگەر جۆرێك لە رەواییدان بە دەستتێوەردانەكانی ئێران لە عێراق و كوردستانیش نەبووبێ، ئەوا هیچ دەستكەوتێكی لێ نەكەوتووەتەوە!
لە دۆخێكی وادا كە دەستە و شاندی ڕیفراندۆم (لە پێكهاتەی زۆربەی حزبەكان) دەستنیشان كراوە بۆ ئەوەی بە نوێنەرایەتی گەل وتووێژ و دان و ستاندن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و زلهێزانی جیهان بكەن، بەكارهێنانی هونەری تێگەیشتن و تێگەیاندن لە سەربەخۆیی كورد، دەكەوێتە ئەستۆی ئەو شاندە گشتییە، نەك شاندێكی تاك حزبی، واتە سەردانی تاكڕەوانەی هەر حزبێ بۆ ئەنجامدانی كاری هاوشێوە، ناچێتە خانەی لۆژیكی سیاسی و كاری لەوجۆرە، نە تەنیا لە بەرژەوەندیی بەرەوپێشچوونی ئەو هەنگاوە هاوبەشە نییە، بگرە ئەو تاكڕەوییە لێدانە لە قەوارەی گەورەی شاندی ریفراندۆم، كە تەعبیر لە ئیرادەی گەل دەكات، نەك ئامانجی حزبی!!
ئەگەرچی بەڕێز مەلا بەختیار (به‌رپرسی ده‌سته‌ى کارگێڕيی مەکتەبی سیاسيی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان) لە کۆنفرانسێكی ڕۆژنامەيیدا بۆ میدیاكان، ڕایگەیاند كە "لەلایەن بەرپرسانی باڵای کۆماری ئێسلامی ئێرانەوە، بەفەرمی بانگھێشتی تاران" كراون و، بە سەرپەرشتيی بەڕێز کۆسرەت رەسووڵ عەلی، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران چوار کۆبوونەوەی فەرمیيان ئەنجام داوە، گوتیشی: "بەشێوەیەکی ڕاشکاوانە بە ئێرانمان ڕاگەیاندووە، ئێمە لە کۆنگرە نێونەتەوەيیەکاندا لە دۆخی عێراق و لە شەڕی دوای داعش وەکو میللەتی کورد دڵنیا نین، بۆیە بڕیاری ڕیفراندۆم، ڕێگای زەمانی ئایندەی میللەتەکەمانە، ئەو پرسە بەتەنيا بڕیاری لایەنێکی دیاریکراوی سیاسی نییە، بەڵکو بڕیای ھەموو حزبە کوردستانیيەکانەو‌ نزیکەی ١٥ حزب لەسەر پرسی ڕیفراندۆم کۆ بووینەتەوە و ھەموویان پاڵپشتیيان لەو پرسە نیشتمانیيە كردووە." يان شاندەكەی مەکتەبی سیاسيی یەکێتی، ئەوەيان بوێرانە بۆ بەرپرسانی ئێران ڕوونکردووەتەوە كە "ئێوە چۆن حيساب بۆ سیاسەتی خۆتان له‌ عێراق دەکەن، ئێمەش وەک میللەتی کورد بیر لە چارەنووسی خۆمان دەکەینەوە." بەڵام زۆربەی چاودێرانی سیاسی باسی ئەو پرسە گرینگانە دەكەن، لە نێوان دیدارەكەدا كراون و لە لایەن شاندە حزببیەكەوە نەدركاون، یەك لەوانەش پێداگری دەسەڵاتدارانی تاران بووە، لەسەر پاشگەزبوونەوەی كورد لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و پێشنیاری چوونی یەكێتی نیشتمانی بۆ ناو ڕیزی دژبەرانی سەربەخۆیی كوردستان لە ناوخۆی باشووری كوردستان و بەهێزكردنی ئەو بەرەیە، بۆ ئەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە، بە پێی خواست و ئامانجەكانی تاران بێ!
كۆماری ئیسلامی ئێران باش دەزانێ، شاندی دان و ستاندنی ڕیفراندۆم (لە پێكهاتەی زۆرینەی نزیك بە گشتیی كۆی حزب و لایەنەكان) دەستنیشان كراوە، ئەو شاندەش بۆ ئەوەی بە جیهانی بسەلمێنێ كە كورد خوازیارە بە ڕێگەی ئاشتەوایی مافە زەوتكراوەكەی دەستەبەر بكاتەوە، تەنانەت سەردانی تاران-یش دەكا، بەڵام پیلاندوورانی ئێرانی بەو بانگهێشتە فەرمییە، ویستیان جارێكی دی درزێكی قووڵ بخەنە نێو ناوماڵی كورد و هێزێكی گەورەی وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە بە درێژایی مێژووی ڕابردووی داكۆكی لە مافی چارەی خۆنووسینی بۆ كورد كردووە، لە بەرەی نەتەوەیی دوور بخەنەوە، بەڵام سیاسەتوانانی یەكێتی بە بڕیاری مانەوەیان لە سەنگەری گەلدا ئەو پیلانەش پووچەڵ دەكەنەوە.
خەباتكارانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باش دەزانن هەر ئەو دەوڵەتانەی کە لە جەنگی یەکەمی جیهانی سەرکەوتن و بەڵێنی وڵاتێکی سەربەخۆیان بە کوردان دا، دواتر بەڵێنەكەیان نەبردە سەر و لە سەر كوردقڕانیش نەهاتنە دەنگ، ئێستا لە هەڵەی گەورەی خۆیان تێگەیشتوون و دەوڵەتی كوردستان بە نموونەیەكی بەرچاوی پێكەوەژیان و ئاشتەوایی نەتەوە و ئایین و ئایینزا جیاجیاكان دەزانن.
پێگەی ئابووری و هێزی خۆنەویست و چاونەترس و فيداكاريى پێشمەرگە لە پاراستنی سنوورەكانی باشووری كوردستان و ڕاماڵینی (داعش)ییەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە سەر زەوی و خاكیی كورد، پشتیوانیی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانیی وڵاتانی دژەتیرۆری بۆ كورد و حوكمڕانیی كورد و سەروەریی سیاسیی كوردستان هێناوەتەدی. لەو دەستكەوتانەشدا ئەوەی ڕۆڵی سەرۆك مەسعوود بارزانی لە بەرچاو نەگرێ، كە خۆی بۆ دەستەبەركردنی سەروەریی نەتەوەیی و سەربەخۆیی كورد تەرخان كردووە و بۆ ماڵاوایی لە پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێم و ڕادەستكردنی بە سەرۆكێكی دی هەر دەم ئامادە بووە، ناتوانێ خاوەن ویژدانێكی بێ عەیب بێ.
با لەم دۆخە هەستیارەدا واز لە تاكڕەویی حزبی و ئامانجی بەرتەسك بێنین. ئەگەر تەنیا ئەوە لەبەرچاو بگرین، كە توركیای قەدەغەكەری ناوی (كوردو كوردستان)، لەناو كۆشكەكانی سەرۆكایەتیی وڵاتەكەيدا، ئاڵای كوردستان لە دیداری بەرپرسانی باڵای باشووری كوردستاندا دادەنێ، یان وەزیری دەرەوی تورکیا (مەلوود چاوش ئۆغلۆ) كە لە وتووێژێکدا لە گەڵ کەناڵی (TRT) دەڵێت: "ئەگەر بگەین بەو قەناعەتە كە دەوڵەتی کوردستان یارمەتی نەیارانی تورکیا نادا، پشتیوانی لە سەربەخۆیی کودستان دەکەین.." لەوە تێدەگەین كە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لەو وەرچەرخانە گەورە سیاسییەی كە لە هەمبەر دۆزی كورد هاتووەتەئاراوە، رۆڵی سەرۆكی حزبێك(پارتی دیموكراتی كوردستان) نەبووەو ڕۆڵی سەرۆكێكی هەڵبژێردراوی گەل و سەرۆكی وڵاتێكی بێدەوڵەت بووەو ئێستا سەروەریی نەتەوەیی و دەوڵەتداری و ناسنامە و شوناسی نەتەوەیی و سەرفرازی و سەربەستی پێشكەشی میللەتەكەی دەكا.

Top