ئیرادەی گەل.. "عەلی كەریمی" لە نازناوی "پێشمەرگەی دێرین" دادەماڵێ
July 14, 2017
وتار و بیروڕا
(قانعی فەرد) ئەوەی بۆ نەچووەسەر و هەر زوو گەلی چاوكراوەی كورد ڕیسوای كردو چەواشەكارییەكانی بوون بە بڵقی سەرئاو،(كەریمی)یش ئەو ئاخوڕەی سەری پێدا كردووە، ئاشكرا دەكرێ و بێگومان ئەویش لە بەرانبەر ئیرادەی گەل و خواست و ئامانجە نەتەوەییەكاندا بەچۆكدا دێ و تڕۆ دەكرێ..
عەلی كەریمی لە وتارێكیدا كە لە(گۆڤاری لڤین) لە ژێر ناوی "کوردە رۆژهەڵاتییەکان و هێژمۆنی بارزانی" بڵاو كراوەتەوە، جارێكی دی بە گشتاندنی دوور لە لۆژیك و تەژی لە كاڵفامیی سیاسی، (كە پتر ڕەنگ و بەرامەی قەڵەمفرۆشی و خۆهەرزانفرۆشكردنی پێوە دیارە) تەنیا لەبەر ئەوەی مەسعوود بارزانی و پرۆسەی سەربەخۆیی لە باشووری كوردستان بداتە بەر پلاری ژاراوی، پەلاماری "نوخبەی سیاسی و رۆشنفکری کوردی بە تایبەت ئی رۆژهەڵات و باشوور"دەدا و بە "خەیاڵباف و خۆشباوەڕ و پاڵەوان دروستکەر" ناويان دەبا! تەنانەت بە كۆنە سەنگەری خۆیشیەوە ناوەستێ و دەڵێت: "کۆمەڵەی شۆڕشگێری مائویستی کە بە مودەیەکی زۆر کەم زۆربەی نوخبە و خوێندەواری شارەکانی رۆژهەڵاتی کۆ کردەوە لە ناکاو و بە فڕێک هەرچی خەرمانی کوردی و ئازادیخوازی بوو بە ئەمرێکی سەرۆکەکانی کۆمەڵە کە زۆربەشیان ئاغا و دەربەگی بۆکان بوون تەسلیم بە مەنسور حیکمەت و چەند مناڵە ورکە کران و خۆیان لێ گیڤ کرد بۆ رزگاری پرولیتاری ئێران و رابەریکردنی کرێکارانی تاران و شیراز.. "
كەریمی كوردانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان (بە خەڵكی سڤیل و لایەنە سیاسییەكانەوە)، بە "سپی کردنەوەی رابردووی پڕ لە شەرمەزاریی خۆیان” و پەنابردن بۆ "ناسیۆنالیزمی دەربەگی" و "ئیستفادەی مادی لە هەولێر" تۆمەتبار دەكا و هاوكات دەڵێت: "ئەوانەی ئوردوگاکانیان لە باشووری کوردستانە، زۆر ناشیانە و بە لە بیرکردنی رابردوویان پەنا دەبەنە بەر ماڵباتی بارزانی، ئەوانە کێن و بۆچی وا گەرم داهاتوون و بە رۆژی رووناک خوڵ دەکەنە چاوی خەڵک و جەماعەتی سادەی خۆیان؟!"
خوێنی لەختەی قەڵەمەكەی كەریمی جگە لەوەی بە خەستی بە سەر لايەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا دەڕشێتەوە، كوردانی ئاوارە و دوورە زێدیش دەداتە بەر قەمەی سووكایەتیپێكردن و دەڵێت: "هاواری سەربەخۆیی لە پشت لاپتۆپەکان و هەوایەکی خۆش و سازگار هیچی تێ ناچێت و ئیرزاکردنی نیاز و حەزەکانیانە لە غوربەت، بەداخەوە ئەو توێژەی کە بۆی هەڵکەوتوە و لە وڵاتانی پێشکەوتووی رۆژئاوا دەژین، دەبوو لە عاستی عیلم و مەعرەفەت و زانیاری و لۆجیک زۆر لە سەروو بان و حەولی ئەوەیان دابا بەر پرسیار بن لە بەرامبەر نەوەی نوێ و گەیاندنی زانیاری و سیاسەتی دروست، بەداخەوە توێژێکی کەمیان ئەوندە نەخوێندەوار و دەروێش و بێ بنەمان دەبێ هەزار رەحمەت بۆ نەخوێندەوار و پاڵە و جوتیارەکانی بەر تینی خورەتاوی کوردستان بنێرین! "
پێشتریش عەلی كەریمی لە نامەیەكیدا بۆ وەزیری پێشمەرگە لە 16-11-2014 كە بە ناوی (براتان پێشمەرگەی دێرین) كۆتایی پێهێنابوو، ئاماژەی بەو وێنە فۆتۆشۆپییە كردووە كە گوایە حوسەین یەزدانپەنا سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان پێی لە سەر تەرمی گەنیوی داعشێك داناوەو ئەوەی بە "عەقڵییەتی داعش" و "زیان بۆ دەستكەوتی ئاشتیخوازانە و مرۆڤانە" لە قەڵەم داوە! كەچی هاتنی سەرۆكی فەڕانسە و كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی لە دژی دەستكەوتی نەتەوەیی هەژمار كردبوو!
كاڵفامترین مرۆڤ دەزانێ لەم دۆخە هەستیارەدا كۆبوونەوەی سەرۆكی هەر وڵاتێكی زلهێز لەگەڵ تەنانەت منداڵێكی كوردیش دەچێتە خانەی دەستكەوتی نەتەوەیی، چ بگا بە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمێك كە لە ئەمری واقیعدا وەك دەوڵەتێك لەگەڵ هەرێمەكەیدا مامەڵە دەكرێ.
كەریمی تەنیا خۆی بە ئەخلاقمەدار دەزانێ و هەموو سەركردەكانی جیهان بە "بێئەخلاقترین" ناودەبا! سەیری ئەو ريزكردنى ئەو چەند وشەیەی بكەن:
"بەڕاستی ئەمڕۆی جیهان خاوەنی بێئەخلاقترین سەرکردەکانە!"
بە ڕامانێكی كورت لەسەر ئەو بۆچوونە، دەشێ وەڵامی ئەم پرسیارە چۆن بدەینەوە: ئایا ئەو جۆرە گشتاندنە هیچ بەهایەكی ئەخلاقی تێدایە؟!
زۆر ڕۆشنبیر و سیاسەتوانی كورد دژی (خێڵسەروەری و عەشیرەتسالاری)ن و ناخوازن ئەوە پێوانە و پێوەری بەڕێوەبردنی وڵات و دەوڵەتداری بێ، لێ سووكایەتیش بە هیچ هۆزێ ناكەن و ڕەشەپەلاماریان نادەن. كاری نەشیاو و قێزەونی وا تەنیا لەم قەڵەمە دڕكاوی و ركاوییە دەوەشێتەوە كە نووسیویەتی:
"تۆ وەرە بزانە چلۆن ئەخلاق لە سیاسەتدا بزر بووە، نوێنەری نەتەوەی فەرانسی لە گەڵ نوێنەری دواکەوتووترین خێل و عەشیرەی سەر زەوی دەبێتە هاوشان و بۆ بەرژەوەندی مادی و دەسەڵات پێ لە هەموو بەها ئەخلاقی و سیاسییەکان دەنێت!"
كەریمی بارزانییەكان كە خاوەنی 12هەزار ئەنفالكراون بە "دواکەوتووترین خێل" ناو دەبا!
ویژدان و بەهای ئەخلاقی لە ڕوانگەی (ئاغای كەریمی و ئاغاكانيەوە)یەوە چییە؟! گشتاندنی وا گێلانە كە تەنانەت شەهیدان و قوربانییانی ئەو دەڤەرە خەباتكار و قوربانیدەرە بگرێتەوە، چ بەهایەكی ئەخلاقی تێدایە؟!!
(عەلی) واتای (گەورە، بەڕێز و شەریف)ی هەیە، (كەریم)یش مانای (جوامێر) دەدا. جا وەرە كورد بی و ناوت (عەلی كەریمی) بێ و پێشمەرگەی دێرینی لایەنێكی ناسراو و خەباتكاری خۆشناوی وەك كۆمەڵە بی، كەچی دژی دەستكەوتە نەتەوەییەكانی گەلەكەت بی! بێگومان مانا و ناوەرۆكی ئەو ناو و نازناوەو سەنگەری ئەو ڕێكخراوە سیاسییەی پێشتر پێشمەرگەی بووە، بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ سووكایەتیكردن بە ڕمزە نەتەوەییەكان و خەیانەت بە دادێی نەتەوە ناگونجێ. بۆیە پێویستە (عەلی كەریمی) كە ژاری زاری دەم وەك ماری بە سەربەخۆیی كوردستان و سەرۆكی متمانەپێكراوی گەلەكەی دەڕێژی، نەك هەر ناوی خۆی بگۆڕێ، بگرە.. حاشا لەوەش بكا، كە ڕۆژێ لە ڕۆژان سەنگێكی لە سەنگەرێكی كۆمەڵەدا هەبووە! لە كۆتاییدا پێویستە نووكی ئەم قەڵەمە ڕاستەوحۆ ئاراستەی عەلی كەریمی بكرێ، بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە:
ئەگەر خۆت گوتەنی ئێمەومانان "بە لە بیرکردنی رابردوو"مان پەنامان بردووەتە بەر "ماڵباتی بارزانی" و بۆ پرسی سەربەخۆیی "گەرم داهاتوو"ين و سوودی مادییمان لە هەولێر هەیە! ئەدی جەنابت بە لە بیركردنی ڕابردووت، پەنات بۆ كێ بردووە و بە دەهۆڵكوتان لە دژی سەربەخۆیی كودستان بۆچی گەرم داهاتووى و لە پێناوی خزمەتكردنی ماڵباتی وەلی فەقیهی ئێران، چی ئۆپۆزیسیۆنی هەیە (بە كۆنە سەنگەری خۆیشتەوە)بەر پلاری ژاراوی دەدەی و ئەوە چ سوودێكی ماددی بۆت هەبووە؟!
ئەگەر هەوڵدان بۆ ڕزگاری لە كۆیلەیەتی و بندەستی و چەپۆكخۆری و دووبارەنەبوونەوەی كۆكوژیی و ژینۆسایدی كورد و جیابوونەوە لە شیعە سیاسييەكانی سەر بە حەوزەكانی علمییەی قوم و نەجەف و سوننەكانی داعش سیفەت، لە ڕوانگەی چاویلكەی ڕەشی پێشداوەرییەكانتەوە "بە رۆژی رووناک خوڵ كردنە چاوی خەڵک"ـە، بۆچی خۆت و مەشقپێدەر و ڕاهێنەرەكانت، ناخوازن هەر ئەو خەڵكە خاوەن ئیرادەی خۆيان بن و لە بەردەم سمدووقەكانی دەنگداندا چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن؟
ئايا باشتر نييە چیدی لە بری ئەوەی بە ناوی پیرۆزی "پێشمەرگەی دێرین"ـەوە قەڵەمە لەرزۆكەكەت سەرقاڵی بادانەوەو سەنگەرگرتن لە گەل و خواستەكانی بكەی، بیر لەوە بكەیتەوە كە بە هۆی خیانەت و چەواشەكارییەكانتەوە، ئیرادەی گەل لە نازناوی (پێشمەرگەی دێرین) داتدەماڵێ و مێژوو لە لیستی خیانەتكاراندا ناوت تۆمار دەكا؟!