بارزانستان!
July 12, 2017
وتار و بیروڕا
لە گشت قۆناخەكانی دوای ئاسمیلەكردنی كورد، جگە لەوەی داگیركەرانی كوردستان، كوردیان ڕەشەكوژ و كۆكوژ كردووە و هەوڵی پاكتاوكردنیان داوەو وڵاتانی زلهێزی دونیاش چاوپۆشییان لێ كردووە، هاوكات هەموو توانای خۆیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی كورد تووشی دووبەرەكی و چەند بەرەكی بكەن، تەنانەت دەسەڵاتی میری-شیان پێ ڕەوا نەبینوە و بەرەو دەسەڵاتی خێڵ و عەشیرە پاڵیان پێوە ناوە و تا ئەوەندەشی بۆیان لوا بێ، ئەو جۆرە دەسەڵاتەشیان گوێڕایەڵ كردووە، ئەوەشی نەچووبێتە ژێر ڕكێفیان، پەلاماریان داوە.
دیارە لێرەدا نووسەری ئەم دێڕانە مەبەستی گەڕانەوە بۆ وردەكارییەكانی مێژووی ڕابردوو نییە، كە كارەسات و مەینەتی زۆریان بە سەر كوردانی بەشخوراودا هێناوە، بەڵكوو مەبەست ئەو پەرتەوازی و دووبەرەكی و چەند بەرەكییەیە كە كورد تووشی بووە و تا هەنوكەش لە ئەنجامە مەترسیدارەكانی، خافڵ و دۆشداماو و كەمتەرخەمە!
لە ئێستادا كە باشووری كوردستان بە بڕیارێكی بوێرانە بەرەو ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەنگاو هەڵدەگرێ، ئەگەرچی ئەو دەنگە نەیارانەی وڵاتانی عەرەبی و زلهێزانی جیهان، لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریكا و بریتانیا گۆڕانی بەسەردا هاتووە و دەركی ئەو وەرچەرخان و هەلومەرجە زەینی و عەینییە دەكەن و ڕێگر نین لەوەی كوردان چارەنووسی خۆیان بە دەستی خۆیان دیاری بكەن، بەڵام مخابن لە نێوخۆی نێوماڵی كورددا دەنگی نەیار و نەشاز هەیە، كە لە هەمان دەهۆڵی داگیركەرانی ڕق لەدڵ دەدەن و پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان بە كەسایەتییەك، یان دەڤەرێكی كوردستانەوە گرێ دەدەنەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی لە هەیبەتی ئەو ئامانجە بدەن، كە لە پێناویدا گەردنی بەرزی كەسانی وەك نەهری و پیران و قازی لە پەتی سێدارەی بكوژانی كورد هەڵواسراوە. شێخی بارزان و شێخی حەفید، وەك شوێنكەوتووانی تەریقەتی نەقشبەندی و قادری، ئایین و تەریقەتیان لە لایەك دانا و بانگەشەی ڕزگاری لە بندەستی و كۆیەلەیەتییان بەرجەستە كرد و لە قوربانیكردنی گیانی خۆیان لەو پێناوەشدا سڵیان نەكردەوە.
لەگشت كەرتەكانی كوردستانی دابەشكراودا، بە شێخ و ئاغا و دەرەبەگ و جووتیار و پاڵە و ڕەنجبەرانەوە گیان لەسەر دەست، سەنگەری ڕزگاری لە بندەستییان مكۆم كرد و چەپۆكخۆریی و كڵۆڵی و كۆیلەیەتییان لە قاو دا و بە خوێنی گەشی خۆیان مەغدووربوونی نەتەوەكەیان بە گوێی جیهاندا چرپاند. سمكۆی شكاك لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتە باشوور بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی شێخ مەحموودی حەفید، مستەفا بارزانی لە باشوورەوە چووە ڕۆژهەڵات بۆ بەرگریكردن لە پێشەوا قازی محەمەد و دەوڵەتی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، واتە كورد و قیادەی كوردی بە درێژایی مێژوو لە گشت بەشەكانی كوردستاندا هەستیان بە هاوچارەنووسیی خۆیان كردووە.
لە ئێستادا كە كورد و ناوی پێشمەرگە بووەتە خۆشەویستێكی ڕێزدار لە لای هەموو وڵاتانی دژەتیرۆریست و بڕیارسازان و سیاسەت دروستكەرانی ئەو وڵاتانەش كورد بە هاوپەیمان و دۆستی متمانەپێكراوی خۆیان دەزانن، كە نەك ڕێگری لە دامەزرانی دەوڵەت و شوناسی نەتەوەیی كورد ناكەن، بگرە هەموویان پشتیوانی لەو خەونە كەونارایەی كورد دەكەن، ئەوانەشی كە ڕاستەوخۆ پشتیوانیی خۆیان دەرنابڕن، تەنیا گەمەیەكی دیپلۆماسی دەكەن و لە واقیعدا نەخشەڕێگەی سەربەخۆیی كورد و دامەزرانی دەوڵەتی كوردستان و تایبەتمەندییەكانی پێكەوەژیان و ئاشتەوایی لەو دەوڵەتەدا بە فاكتێكی بەرچاوی سەقامگیریی دەزانن، لە ناوچەیەكدا كە شەڕی مەزهەبی و تائیفی تەنگی پێ هەڵچنیوە و ئیسلامی سیاسی (شیعە و سوننە بە میلیشیای توندڕەو و تیرۆریستپەوەریانەوە) لە ناوخۆیاندا بۆ گەردنی یەكتر چەقۆ لە هەسان دەسوون.. ئا لەو هەلومەرجەدا كە هەموو هاوكێشەكان لە بەرژەوەندیی كورد و هێنانەدی خەونی دێرینەی ڕزگاربوونیان لە بندەستیی داگیركەرانی دژە یموكراسییە، مخابن هەندێ كوردزمانی هزرئاڵۆز دەیانەوێ ئەو دەرفەتە زێڕینە لە كیس بچێ!!
ئەگەر قەڵەمەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ ئەو مەبەستە دادەتاشرێن و لە ماڵپەڕ و میدیا و تیڤییەكانی ئێراندا سووكایەتی بە خەونی مەزنی سەرۆك و خەڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی دەكەن و كوردستانی سەربەخۆ بە "بارزانستان" ناو دەبەن، ئەوە شتێكی ئاساییە و هەر بە بارتەقای تۆپبارانكردنی سنوورەكان ئازاری هەیە، بەڵام ئەوەی كوردزمانە و ئەو سەرمەشقە لە تاران و قوم وەردەگرێ، ئازارەكەی برینێكی زۆر قووڵ لە هەناوی مێژووی كوردستاندا دروست دەكا، ئەو برینەش تەنیا بەوە ساڕێژ دەكرێتەوە، كە نەوەكانی دادێ، ئەو كەسانە بە كەسانی (شەرمەزار و چاوشۆڕ و خيانەتكار) هەژمار دەكەن..
(مەسعوود سەدرمحەمەدی) كادێری سوپای پاسدارانی ئێران كە بە ناوی (توێژەرو شارەزای توركیا و كاروباری قەفقاز) دەستی داوەتە قەڵەمی ژاراوی و كوردستانی سەربەخۆ بە "بارزانیستان" ناو دەبا، ئەو فەرخە پاسدارە، چی زووخاوی هەناوی ڕەشی وەلی فەقیهەكەیەتی، (بەوەكالەت) بە سەر سەربەخۆیی كورددا دەیڕشێنێتەوەو پەلاماری كەسایەتی شەخسی سەرۆك مەسعوود بارزانی دەدا، دەقاودەق كۆپیی ئەو قەڵەمە ژاراوییە و سەرمەشقی ئەو جنێوفرۆشییە كە زۆر بەداخەوە لەلایەن هەندێ كوردزمانەوە كاوێژ دەكرێتەوە! ئەوانە دەستەواژەكانیان وەك یەكن، ئامانجیان یەك دەگرێتەوە، هاوهەڵوێست و هەماهەنگن و بەیعەتیان لەگەڵ مانەوەی كورد بە كۆیلەیەتی كردووە!!!
كوردزمانی لەو جۆرە و ئەربابەكانیان زۆر بە وردی لەوە تێگەیشتوون كە سەرۆك بارزانی لە ژێر ئەو ئاڵایەی كە لە دایك بووە، ئامادەیە لە پێناویشیدا خۆی بەخت بكا، دەشزانن، هەوڵەكانی بارزانی لە پێناوی شكاوەڕاگرتنی ئاڵای نەتەوەكەی، دەلاقەی هەموو دەرگەكانی دیپلۆماسییەتی جیهانی و نێودەوڵەتی بۆ كورد و دیاریكردنی چارەنووسی كورد، خستووەتە سەر پشت، بۆیە زۆر تەنگەتاو بوون و دەیانەوێ كوردستانی سەربەخۆ، وەك قۆچی قوربانی لەبەر پێی لۆكالپاتریۆتیزم سەر ببڕن، بەڵام كورد هوشیارترە لەوەی پیلانی نەگریسی ناوچەگەرایی سەربگرێ، ئاكامی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی وەڵامی ئەو سووكایەتی و سەركێیشییانە دەداتەوە و نەیاران و هاودەنگەكانی نەیارانی سەربەستی و سەرفرازی كوردی، سەریان لە گاشەبەردی پەشیمانی دەدرێ، ئەو كات پاشگەزبوونەوەش دادایان نادا و ئەو چەپەڵكاری و نییەت پیسییە وەك خۆی لە مێژوودا تۆمار دەكرێ.
بارزانییەكان دەڤەری بارزان-یان كردە بەردەباز بۆ پەڕینەوە لە سێڵاوی ناوچەگەری بەرەو بونیادنانی كیانێكی سەربەخۆ بۆ كورد و بوونە سەرباز و ژنەڕاڵی كۆماری كوردستان و ئاراس-یان بڕی، بۆ ئەوەی جارێكی دێ كورد كۆكوژ نەكرێ...
ئەو سەرۆكەی ئەمڕۆ چارەنووسی كورد لە سەردەستی دیاری دەكرێ، تۆپ و دەبابە و چەكی دوورهاوێژی بە ناودڵی شارەكانی بەرفەرمانی میراتگرانی ئەتاتورك-دا، ناردە كوبانێ، تۆمەتی ناوچەگەرایی پێوە نالكێندرێ.
نووسەری ئەم دێڕانە كاتی خۆی پتر لە بیست ڕەخنە و پێشنیاری لە نامەیەكی كراوەدا كە لە هەفتەنامەی میدیا بڵاوكراوەتەوە، ئاراستەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە، بۆ ئەوەی چاكسازییەكانی گشتگیر بێ و، جگە لە بنبڕكردنی گەندەڵیی ئابووری و سیاسی، لانیكەم ناوی ئەو هەرێمەمان لە كۆڵ ببێتەوە، كە ناتوانێ بە بێ فەرمانی بەغدای سەربە تاران و بێ ئیرادە، ناسنامەیەك بە هاوزمانێكی خۆی بدا..
ئەو بارزانی-یەی بە هەڵگری بیری "بارزانیستان" تۆمەتبار دەكرێ، لە هەولێری پایتەختەوە بە كردەوە وەڵامی ئەوانە دەداتەوە، كە چاویان بەودا هەڵنایێ، هەوڵێر بووەتە ترانزیتی دیپلۆماسی و دەیان وڵاتی زلهێزی جیهان بە فەرمی باڵیۆزخانەیان تێدا كردووەتەوە و هاكا جاڕی سەربەخۆییشی دا..