كەتەلۆنیاو سكۆتلەندا لە دوو وڵاتی زلهێزی جیهان جیادەبنەوە ئێمە بۆ لەوڵاتێكی دواكەوتووی دەمارگیر جیانەبینەوە؟

كەتەلۆنیاو سكۆتلەندا لە دوو وڵاتی زلهێزی جیهان جیادەبنەوە ئێمە بۆ لەوڵاتێكی دواكەوتووی دەمارگیر جیانەبینەوە؟
كوردستان ئەمڕۆ گەیشتۆتە لوتكەی بڕیار بۆ نەخشەكێشانی سنووری خۆی و راگەیاندنی سەربەخۆیی و دابینكردنی دواڕۆژێكی گەش بۆ رۆڵەكانی. دەستنیشانكردنی رۆژی 25ی ئەیلوول وەك رۆژێك بۆ ریفراندۆم و وەرگرتنی رای خەڵكی كوردستان، خۆی لە خۆیدا یەكەم هەنگاوی سەركەوتووە بۆ سەربەخۆیی كوردستان و جیابوونەوەی لە دۆزەخ و نەهامەتیی وڵاتی عێراقی رووخاو و دواكەوتوو.
كوردستان ئەمڕۆ شان بە شانی هەموو وڵاتانی جیهان ناو و ناوبانگی هەیە و پێشمەرگەی كوردستان وەك سوپایەكی بەهێز ناوی لە ئاستی سوپای وڵاتە زلهێزەكانی جیهاندا بوون و قورسایی هەیە، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا ئاڵای پیرۆزی كوردستانە كە بە شێوازی دەوڵەتداریی جیهانی لە ریزی ئاڵای وڵاتانی تری جیهان لە نەتەوە یەكگرتووەكان دابنرێت، ئەویش بە دڵسۆزیی خەڵكی كوردستان لە رۆژی ریفراندۆمدا ئەو سەروەرییە بۆ گەل و خاكی كوردستان بەدەست دێت و كوردستان دەبێتە نموونەی دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بە درێژایی تەمەنی مرۆڤ هیچ ئامانجێكی گەورە بە ئاسانی بەدی نەهاتووە، تاوەكو ماندووبوون و شەونخوونی و نەهامەتی بۆ نەچێژرابێ و هیچ منداڵێك بە ئاسانی و بەبێ ئازار و نەهامەتیی دایكی نایەتە ژیانەوە و دواتر گەورە نابێت و ناكەوێتە سەر پێی خۆی بە ئاسانی، ئەگەر ماندووبوونی باوك و دایكی نەبێت و شەو و رۆژ لە هەوڵدا نەبن بۆ دابینكردنی ژیانێكی ئاسوودە و بەنرخ بۆ ئەو منداڵەیان، ئینجا ئێستا ئێمە گەل و نەتەوەیەكین چۆن بە ئاسانی و بەبێ ئازار و ماندووبوون دەگەین بە گەورەترین ئامانج كە ئامانجی سەربەخۆییە كە زۆرینەیەكی زۆرمان لەو نەهامەتییانەمان بڕیوە و كەمێكی زۆر كەمی ماوە هەتا بگەین بە ئامانجە گەورەكەمان كە رزگاری لە بندەستییە. بۆیە پێویستە هەموو تاكێكی كورد وەك باوك و دایكێكی دڵسۆز بۆ رۆڵەكانیان بڕواننە داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان و ئامانجی گەورەیان بۆ بە دەست بهێنن. تەنیا داواكاریی كوردستانییانیش دەنگدانی بە (بەڵێ)یە لە رۆژی گشتپرسیدا، هەر ئەوەش داواكاری و ئاوات و خۆزگەی شەهیدانی سەربەرزی كوردستانە. بێگومان هەر كەسێك بڕوانێتە منداڵی شەهیدێكی كوردستان و ئەوە بخاتە فكری خۆی كە باوكی ئەو منداڵە خاوەنی گەورەترین غیرەت و شەرەف بووە لە پێناو پاراستنی خاكی كوردستان كە ژیانی خۆی بەخت كردووە و بیری لە منداڵ و خێزانەكەی نەكردووەتەوە كە جێیان دەهێڵێت و ئەو منداڵە بۆ هەتاهەتایی بۆنی باوك ناكات و لە سێبەری باوك بێبەش دەبێت، بۆیە بۆ رێزگرتن لەو فیداكارییە گەورەیە و دەبێت هەموومان رۆژی 25ی ئەیلوول بكەینە رۆژی تۆماركردنی سەروەرییەك بۆ نیشتمان و خوێنی شەهیدانی كوردستان، ئەویش تەنیا بەدەنگدان بە(بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی كوردستان و جیابوونەوە لە عێراقی بێ ئیرادە و بێ ئیدارە، ئەوەش شانازییەكی زۆر گەورەی مێژوویی دەبێت و پێویستە خۆمان ماندوو بكەین بۆ بەدەستهێنانی مافی سەربەخۆیی كوردستان و نابێ هیچ ترسێك لە دڵماندا هەبێت، بەو هەڕەشانەی لە راگەیاندنەكاندا دەكرێن، چونكە هێچ وڵاتێك نایەت مەقەستی بڕینی قردێلەی سەربەخۆیی كوردستانمان بۆ بخاتە سەر سینییەكی ئاڵتوون و پێشمان بڵێت: فەرموون ئێوە تەنیا قردێلەكە ببڕن و ئیتر دەوڵەتێكی سەربەخۆن لە ئێستاوە.. كەواتە دەبێت ئێمە خۆمان ئەو دڵسۆزییەمان بۆ خاكی خۆمان هەبێت و خۆمان لەم هەموو نەهامەتییەی عێراقی هەڵوەشاوە جیابكەینەوەو دواتر میوانداریی وڵاتان بكەین كە لە رۆژی سەربەخۆیی كوردستاندا قردێلەی دەوڵەت بوونمان ببڕن و بڕواننە دەوڵەتێكی سەركەوتووی بەهێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەگەر هەرێمی كوردستان بەراورد بكەین لەگەڵ هەرێمەكانی تری جیهان كە ئەوانیش دەیانەوێت ریفراندۆم بكەن و سەربەخۆیی خۆیان رابگەیەنن، دەبینین كوردستان مافی سەربەخۆبوونی زۆر لەوان زیاترە، بۆ نموونە هەرێمی سكۆلەندا ئەوا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی دووبارە ریفراندۆم بكەنەوە. خۆ ئەگەر كەمێك بیری لێ بكەینەوە ئەو هەرێمە (سكۆلەندا) لە وڵاتێكدا كە بەریتانیایە كە شان بە شانی ئەمریكا، هەموو جیهان بەڕێوە دەبەن و لەپاش سەربەخۆبوونی لە بەریتانیا ئەو مافەی نامێنێ و دەبێتە وڵاتێك وەك هەموو وڵاتانی جیهان كە هەمیشە چاوی بەریتانیای لەسەر دەبێت، بەڵام سكۆلەندا مافی خەڵكی ئەو وڵاتەی بۆ سەربەخۆیی و سەروەریی خاكەكەی لە پێشتر دەزانێت، وەك لەوەی لەگەڵ بەریتانیا جیهان بەڕێوە ببات. هەروەها ئەگەر وردببینەوە لە هەرێمی كەتەلۆنیا لە وڵاتی ئیسپانیا، دەبینین سەرەڕای ناڕازیبوونی حكومەتی ئیسپانی و دادگای دستووریی ئەو وڵاتە، بەڵام هەرێمی كەتەلۆنی بڕیای ریفراندۆمی داوە، باشە ئەگەر سەربەخۆیی و مافی خەڵكی كەتەلۆنی لەپێشتر نەبێت، بۆچی هەوڵی سەربەخۆیی دەدات؟ خۆ هەموو دنیا دەزانێت ئیسپانیا بەهەشتی سەر زەوییە و وڵاتێكی هەمیشە دوور لە كێشەیە. ئەگەر سەروەری و شكۆی خەڵكی كەتەلۆنیا لە پێشتر نەبێت، بۆچی هەوڵ دەدات ریفراندۆم بكات؟ ئەی ئێمەی كورد بەو هەموو نەهامەتی و ئازار و بەندكردن و ئەنفال و كیمیاوباران و زوڵم و زۆردارییە بۆچی مافمان نەبێت بە سەربەخۆیی، خۆمان لە دڕندەترین حكومەتی جیهان رزگار بكەین؟
ئەگەر هەرێمەكانی تری جیهان كە هەوڵی سەربەخۆیی دەدەن، بە شەریكە بەشی بەڕێوەبەری جیهانەوە و بە بەهەشتێكی سەر زەوییەوە لە ناز و خۆشییەكەوە بۆ نادیارییەك هەوڵی سەربەخۆیی بدەن و ئاسایی بێت، بۆچی كوردستان لە دۆزەخێكی سەر زەوییەوە بەرەو بەهەشت هەنگاو بنێت، مافی نەبێت سەربەخۆ بێت و ئەو خەون و ئاواتەی بێتەدی كە هەزاران قوربانی بۆ داوە؟!
ساڵانی كۆن، خیانەتكاران شەرمیان دەكرد خۆیان ئاشكرا بكەن، كەچی ئێستا خیانەتكارانی نیشتمان بە ئاشكرا لە راگەیاندنەكاندا دەردەكەون و خیانەت لە كوردستان و چارەنووسی هاووڵاتیانی خۆیان دەكەن و بێ شەرمانە دەیانەوێت خەڵكی كوردستان لە ریفراندۆم دوور بخەنەوە!
ئەوانەی دژی ریفراندۆمن، دەبوایە رۆژ و كاتژمێریان بژماردایە بۆ نزیكبوونەوە لە ریفراندۆم و بە دەستهێنانی سەربەخۆیی و داوایان لە جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتی بكردایە كە زووتر سەربەخۆیی كوردستان رابگەیەنن. خەڵكی كوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی پاڵپشتی گەورەی رزگاری لە كۆیلەیەتیی كوردن، ئەو دژیەتییە بێ بنەمایانەش كە ئێستا خەیانەتكاران دەیكەن، تەنیا شەرمەزارییان بۆ تۆمار دەكات.

Top