سەربەخۆیی و ھەڵوێستی پارتە سیاسیەکان

سەربەخۆیی و ھەڵوێستی پارتە سیاسیەکان
حزب وەک کەسایەتی مەعنەوەی رۆڵێکی گەورە لە دونیای سیاسەت و نیزامی سیاسی دەبینێت، چونکە یەکێکە لەگرینگترین ڕەگەزەکانی نیزامی سیاسی و ئالەتێکی گرینگی پرۆسەی بەدیموکراتیزەکردنە، چونکە وەک ئامرازێکی گرینگ بەکاردەھێنرێت تاوەکو دیموکراتی و مەرامەکانی بێنەدی.
دەبێت حزبی سیاسی ھەڵگری ئایدیایەکی دیارکرا و ڕەوابێ و پێچەوانەی یاسا و بنەما دەستوریەکان کارنەکات، چونکە بەدەر لە چوارچێوە یاساییەکان ئەم کۆمەڵە کەسە سروشتی یە ببنە چەتە و رێگر و بکوژی بەکرێ گیراو.
ئەگەر بە کورتی چاوێک لە حزبە سیاسیەکانی کوردستان بدەین، ئەوا دەبینین کۆی حزبە سیاسیەکان لەپێناو بزافی ڕزگاریخوازی کوردستان بەگوێرەی قەبارە و کات و شوێنیان قوربانیەکی زۆریانداوە و کاریان بۆ سەربەخۆیی و ڕاگەیاندی کیانی سیاسی سەربەخۆ کردووە، بەڵام دوای ڕاپەرین کاتێک حوکمەت و پەرلەمان دامەزران بەشێک لەحزبە سیاسیەکان لەگەڵ ئایدیا و دروشمەکانیان ڕاستگۆ دەرنەچوون و زیاتر وەک باخچەی پشتەوەی دەوڵەتان کاریاندەکرد و دەیکەن لەوەی وەک ھێزێکی سیاسی نیشتمانی سیاسەت بکەن.
لە ئێستادا بۆ شەقامی کوردستان ڕوون و ئاشکرایە کام حزب لەبەرەی داوا ڕەواکانی خەڵکە و کام حیزب و لایەنیش بەناوی داوا ڕەوەکانی گەل خیانەت و ناپاکی دەکات و خۆیان بە شۆرەسواری داواکانی خەڵک دەزانن ئەمانە سەرەڕای ئەوەی ھەڵەن ھاوکات تۆمەتبارن، چونکە سوکایەتی بە ڕەمز و سیمبولە بنچینەکانی خەڵک دەکەن و ڕێگرن لەبەردەم ھیوای ھەموو گەلی کوردستان کە بریتی یە لەسەربەخۆیی.
ئێمە پێویستامان بەھەمواکردنەوەی یاسای حزبە سیاسیەکانە تاوەکو لە رێگای یاساوە زۆر بەوردبینی و دروست سزای ئەو سیاسیانە بدرێت کەلەپەنای حزب سیاسەت بۆ چاکەی گشتی بەکارناھێن و تاریک پەرستی و ھزری کۆیلەیی بڵاو دەکەنەوەو ڕێگرن لەبەردەم سەربەخۆی کوردستان کە سەدان ساڵە قوربانی بۆ ئەو ئامانجە مەزنە دەدەن.
لە ئێستا لەھەمووکات زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و تەبایی نێوان تەواوی لایەنەسیاسیەکانی کوردستان ھەیە و پرسێک لە ئارادایە بەناوی (ڕیفراندۆم) کە دەبێت ھەمووان لەسەری کۆک بین و کار بۆ سەرکەوتنی بکەین، چونکە دۆخێک رەخساوە رەنگە بە سەد ساڵی تریش نەیەتە پێشەوە، ئەم دەرفەتەش ھەلێکی باشە بۆ سەرجەم حزبە سیاسیەکان تا ڕاستکۆیی و نیازپاکیان بۆ خەڵکی کوردستان بسەلمێنن جگەلەوەش بەم ھۆیەوە بتوانن سەرەنجی لایەنگر و دەنگدەر بۆخۆیان ڕابکێشن و ئامانجە سیاسیە مشروعەکانیان بەدی بێنن.

Top