سەربەرزی نەتەوەکان بنیات نانرێ، ئەگەر لە سەر سەری شەھیدەکان نەبێت

سەربەرزی نەتەوەکان بنیات نانرێ، ئەگەر  لە سەر سەری شەھیدەکان نەبێت
نوسەر و رۆژنامەنوس و سیاسەت مەداری لوبنانی عەبدول غەنی العریسی دەلێ" سەربەرزی نەتەوەکان بنیات نانرێ، ئەگەر لە سەر سەری شەھیدەکان نەبێت"
بێگومان گیانی شەھیدەکانە خوێنی شەھیدەکان کە سەر بەرزی ھەر نەتەوە و درووستکردنی ھەر ووڵاتێکی لەسەر بنیات دەنرێ ، کوردستان زیاتر لە سەد ساڵە لە بەرگری کردندایە بۆ پاڕاستنی شەڕەف و کەرامەت و ناوی کوردستان بە خوێنی شەھیدەکانی لە ناوەڕاستی ساڵی (٢٠١٤)کوردستان تووشی شەرێکی داسەپاو بوو بەرامبەر قێزەوترین تیرۆرستی جیھانی بۆ پاڕاستنی کوردستان و پاڕاستنی شەڕەف و کەرامەتی کوردستانیان ، پێشمەرگە قارەمانەکان بە خوێنی خۆیان بە گیانی خۆیان بەرگرییان لە خاکی کوردستان کرد بۆ مێژوو دەرییان خست کە ھەموو جیھان شانازی بە قارەمانیەتی و ئازایەتی پێشمەرگە بکات پاڕاستنی سەروەرییەکان و دەستکەوتەکان بە بەخشینی خوێنی نزیکەی (٢٠٠٠)دوو ھەزار شەھید و زیاتر لە (٦٠٠٠)شەش ھەزار بریندار ھاتە دی کە ھەردەم جێگای فەخر و شانازی ھەموومانن ، ئەو شەھیدە قارەمانانە بە خوێنی خۆیان کوردستانیان پاڕاست و شەرف و کەڕامەتی ھاووڵاتیانی کوردستانیان بە پاکی ڕاگرت ، ھەردەم مایەی شانازی و سەربەرزین بۆ ھەموو لایەک کە کوردستان قەرزاری خوێنی شەھیدەکانن.
بۆ ئەوەی بە وەفا بین بەرامبەر خوێنی شەھیدەکانمان گرنگە رۆژێک دیاری بکرێت بە ناوی رۆژی شەھیدان لەلایەن ئەو پارتانەی کە زۆرترین شەھیدیان داوە دواتریش لە پەرلەمانی کوردستان بە یاسا بکرێت ، لەم رۆژەدا لەسەرتاسەری کوردستان نەبێتە پشوو بەڵکو لەسەرجەم دام و دەزگاکانی حکومی و حیزبی و سەربازی بکرێتە بۆنە و چاڵاکی و ڤیستیڤاڵی جۆراوجۆر بەم بۆنەیەوە ئەنجام بدرێن، ئەو رۆژە کە رۆژی شەھیدە ساڵانە بەرز و پیرۆز ڕابگیرێت لە بازاڕ و دووکانەکان و شوێنە گشتییەکان پۆستەرات و لافیتە ھەڵبواسرێت کە شانازی کردن بێت بە خوێنی شەھیدەکانمان جودا لەوانەش ، وەزارەتی پەروەردە لە قوتابخانەکان کە مەبەستی ووتارەکەمە ساڵانە لە سەرجەم قوتابخانەکان بێ جیاوازی شار و گوند بەرنامەی یەکانگیر ھەبێت تایبەت بە چاڵاکییەکانی رۆژی شەھید چاڵاکی ھونەری و وەرزشی و سروود کە ھەموو گوزارشت بکات لە خوێنی شەھیدە سەربەرزەکان کە ئەوان بوون کوردستانیان پاڕاست ، پێشمەرگە بوو لە سەنگەرەکانی پێشەوە سینگی خۆیی کردە قەلغان و منداڵەکانی ئەمانەتی کوردستان کرد.
کە لەم چاڵاکییانەدا ووتاری قوتابخانە ھەبێت کە شانازی کردن بێت بە شەھیدان و پێشمەرگە ، ووتاری قوتابیان لەلایەن یەکێک لە منداڵە شەھیدەکان بخوێنرێتەوە کە سەرجەم چاڵاکییەکان ھەمەڕەنگ بن، لە کاتژمێر (٨،٣٠)ی بەیانی دەست پێ بکات و ئامادەسازی تەواوی بۆ بکرێت ھاوتەریب لەگەڵ پیرۆزی و بەنرخی رۆژەکە، کە بێگومان ئەو جۆرە یادانە قول کردنەوەی ھەستی نەتەوایەتی و نیشتیمانپەروەری بە لای تاکەکان و چەسپاندنی ناسنامەی نەتەوایەتی و نیشتیمانی بە لای قوتابیان وە لە ھەمان کاتیشدا زیندوو کردنەوەی ھاوسۆزی و ھاووڵاتی بوونی تاکەکانە بۆ نیشتیمان و نەتەوە ، وە وەزارەتی پەروەردە بەرنامەڕێژی تۆکمە وا لەم رۆژە بکات لە ناخی ھەموو قوتابیان ڕەنگ بداتەوە و کاریگەری گەورە لە ناخی ھەموومان جێ بھێلێ لەسەر گەشەکردنی کەسایەتی نیشتیمانپەروەری گەورەیی شەھیدەکانمان، ھەر لەم رۆژەدا گرنگە سەرجەم پلە تایبەتەکانی وەزارەتی پەروەردە لە وەزیرەوە تا سەرپەرشتیارەکان لەسەرجەم قوتابخانەکان دابەش بن و بەشداری چاڵاکییەکان بکەن و ووتەیان ھەبێت و گەورەیی شەھیدەکانمان لە ناخەوە بخەنەڕوو ، گرنگتر لەوەش لە قوتابخانەکان منداڵە شەھیدەکانمان لە ڕیزەکانی پێشەوەی پێشەوە دابنیشن و بەرپرسەکان لە ریزی دواوەی دواوە دابنیشن " دوور لە پرۆتۆکۆڵات" بۆ نیشاندانی ئەوەی کە خوێنی باوکی ئەوان بووە ئەو رۆژە ھاتۆتە دی بە شانازییەوە دیاری تایبەتی وەزارەتی پەروەردە بەسەر سەرجەم منداڵە شەھیدەکان دابەشبکرێ.
دەکرێ لە وەزارەتی پەروەردە بیر لەوە بکرێتەوە لێژنەیەکی ھەمیشەیی تایبەت پێکبھێنرێ بۆ پاڵپشتی کردنی سەرجەم داواکاری و داخوازی منداڵە شەھیدەکانمان ئەوانەی قوتابین کە چاودێری لایەنی فێرکردن و دەروونی و کۆمەڵایەتی قوتابیەکان بکات ئەوانەی منداڵە شەھیدن، ھەر وەکو لە ئیماراتی عەرەبی پەیڕەو دەکرێ .
لەوەش گرنگتر کاتی ئەوەیە کە وەزارەتی پەروەردە سەرجەم خەرجییەکانی منداڵە شەھیدان ئەوانەی قوتابین لە باخچەی ساوایانەوە تا ئامادەیی تەواو دەکەن بگرێتە ئەستۆ، یانیش لە قوتابخانە نموونەییەکان وەربگیرێن کورسی تەرخان کراو بە منداڵە شەھیدەکان ھەبێت یانیش قوتابخانەی تایبەت تەرخان بکرێ ، لەو قوتابخانە نموونەییانەی ناو شاری ھەولێرو شارەکانی تر کە ھەردەم ئەو قوتابخانانە مامۆستایی بە ئەزموون تریان ھەبووە کە ئەمەش بچووکترین قەرزە بەرامبەر ئەو قوتابیانە کە باوکیان خوێنی خۆیان بەخشی بۆ کوردستان با ئێمەش باشترین قوتابخانەکان ببەخشین بە ئەوان و لێی بخوێنن کە سادەترین مافی منداڵە شەھیدەکانە دەکرێ بکرێتە بڕیار و قوتابخانەکان پێیەوە پاپەند بن، وە ئەگەر بیانەوێ لە ناحکومی دەوام بکەن ئەوان سەرجەم خەرجی ساڵانەی قوتابخانە وەزارەت لە ئەستۆ بگرێ و یان داوا لە قوتابخانەکان بکات بێ بەرامبەر وەریان بگرن.
ھەر وەکو لە ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو لەسەر داوای (شێخ مەنسور زاید ئال نھیان)کە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە و وەزیری کاروباری سەرۆکایەتیە داوای کرد منداڵە شەھیدەکانیان لەسەرجەم قوتابخانە خەرجی قوتابخانەکان ببەخشرێن و تا دواناوەندی تەواو دەکەن ،وە ھەموو پێداویستییەکان دابین بکرێ وە لەم ساڵەدا دوو کۆمەڵگای گەورەیی قوتابخانەکان کراوەتەوە لە (شاریقە راس ال خیمە)کە تایبەتن بە منداڵە شەھیدەکان کە چۆنیەتی خوێندنی نوێ و سەردەمییانە لەو دوو کۆمەڵگایە پەیڕەو دەکرێ کە پاڵپشتی باشە بۆ منداڵە شەھیدەکان".
جودا لەوەش لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی ئیمارات لێژنەیەک درووست کرا کە تایبەت بە دابین کردنی پێداویستی و جێ بەجێ کردنی دخوازییەکانی منداڵە شەھیدەکان ئەوانەی کە قوتابین کە ئەو لێژنەیە سەربەخۆیە و دەسەڵاتی تەواوی ھەیە لە دابین کردنی چاودێرییەکانی فێرکردن و دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ منداڵە شەھیدەکان کە باوکیان خوێنی خۆیان بە خشییە بە ووڵات، کە ئەو لێژنەیە رۆژانە سێ کاتژمێر (ھێلی گەرم) بەردەوام ھەیە لە نێوان قوتابیان و لێژنەکە ،ئەمەش وەفادارییەکی وەزارەتی پەروەردەی ئیماراتی عەرەبییە بەرامبەر خوێنی شەھیدەکانی.
ماوەتەوەە بلێن کە رۆڵەی شەھیدەکانمان ھەردەم نموونەی زیندووی و ئەمانەتی ئەو کۆمەڵگایەن کە باوکیان بە خوێنی خۆیان نیشتیمانیان پاڕاست و رۆڵەکانیان ئەمانەتی ئەو نیشتیمانە و ئێمە کرد کە ھەردەم ئەوان ناونیشان و ناسنامەی زیندووی قوربانیدان و شانازی و سەربەرزین، وە ئێمەش ھەوڵ بدەین بە جوانترین شێوە رۆڵەکانیان پەروەردە بکەین و سەرجەم پێداویستیەکانیان بۆ فەراھەم بکەین و باشترین قوتابخانەیان بۆ دەستەبەر بکەین.
بەکر کەریم حەسەن
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top