دژایەتیکردنی ڕیفراندۆمی کوردستان مەھزەلەی عەقلی کوردی

دژایەتیکردنی ڕیفراندۆمی کوردستان مەھزەلەی عەقلی کوردی
ئەم ناونیشانە ھاوشێوەی چەمک و ناوی یەکێک لە پەرتووکەکانی فەیلەسۆفی مەزن، عەلی وردی (١٩١٢-١٩٩٥ )یە، کە دەبێ بە شانازییەوە ھەڵگری مەدالیای ڕاستەقینەی " باوکی ھەژاران" بێ، چونکە نەک تەنھا بە باوەر و دڵ و گیان بەڵکۆ بە کردەوەش سەلماندی کە ئەو مەدالیا و ناوە پڕ بە پێستی خۆیەتی نەک ھی کەسێکی تر.
وشەی ھەژارا لە وشە ھەرە زۆرەکانی نێو بەرھەمەکامی ئەو مرۆڤە مەزنەن، و جگە لەوەش وەردی لە پیچناو داکۆکی و بەرگری لە مان و ژیانی ھەژاران بە نوسینە بە پێزەکانی، و ڕیسواکردنی زۆرداران و سۆڵتانان، چینی ھەژاری فێرکرد چۆن لە ژیان بگەن و چۆن بیربکەنەوە و چۆن لە ھەژار ڕزگاریان ببێ، بە بێ ئەوەی چاوی لە ھیچ شتێک و پارەی ئەو ان بێ یان ئەو ھەژارانە بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆی و مەرەکانی پشتەوەی پەردەی خۆی بەکاربێنێ. ئەو نەک تەنیا ھەوڵی نەداوە ئەو ھەژارانە بۆ خۆی بیروباوەرکانی بکاتە مەتاڵ و بە کۆشتیان بداتن و ئاژاوە و گێرەشێوێنییان پێ بکاتن و ژیانیان بخاتە مەترسیان، بەلکۆ بۆ ئەوان گیانی خۆشی خستبووە مەترسییەوە.
شێوازی نووسینەکانی لە کات و ساتێکدا بوو کە تووندڕەوی ھزری و ئایینی باڵی بەسەر مێشک و مێنتالیتەی مرۆڤی ئەو ناوچەیە دا کێشا بوو و ھەر کەسێک نەیدەتوانی و نەدەوێرا ئەو کارە بکات و کار گەیشتە ئەوەی کەسانێک بەھۆی بیرکردنەوە و نووسینەوەکانیەوە و پشتگیری لە ھەژاران، ئەویان بە کافر و زەندیق ھەژمار دەکرد و داعشەکانی ئەو سەردەمە ھەوڵی کۆشتنیشیان دا.
بەڵام لە کوردستانی من بەپێچەوانەوەیە. ئەوانەی خۆیان بە باوکی ھەژاران دەزانن ئەمرۆ بوونەتە گەورەترین کۆسپ لەبەردەم بەدیھاتنی یەکێک لە خەونە ھەرە مەزنەکانی ھەژاران و تێکڕای کوردستانیان. ئەو بە ناو " باوکی ھەژاران"، نەک تەنیا ھەوڵی بەختەوەری ھەژاران نادەن، بەڵکۆ ھەوڵ دەدەن ئەوان وەک قەلغانی مرۆڤی بەکار بێنن و نەخشە پیس و پۆخەڵەکانیان بە ئەوان جێبەجێبکەن و خۆێنیان بە فێڕۆ بدەن. یان لەوەش خراپتر بە دانانی بەردی بناغەی ڕق و کینە و تۆڵەسەندنەوە و فێرکردن و پێگەیاندنی کۆمەڵێک مرۆڤ و قوتابی لەسەر ئەوز بنەمایانە، و چاندنی تۆی ڕەشبینی و بێ متمانەیی، ئەوانیان ھانداوە کە بە گشت ڕێگەکان لە دژی ئەو ڕیفراندۆمە بوەستن، کە بێگۆمان یەکێک لە قۆناغەکانی گرنگ و سەرەتاییەکانی گەیشتنی ھەژاران و کوردستانیان بە مافە ڕەوا و زەوتکراوەکانیان، و دواتر ڕزگاربوونیان لە ھەژاری و زۆر مەینەتی پەیوەندیدار بەو دێوەزمەیەی کە ئەوە سەدان ساڵە بە سەر شانی ئەوانەوە گرانایی دەکاتن.
لەوانەیە لای میللەتان جۆری " مەھزەلەی عەقل " ھەبێ، بەڵام ئاستی ھیچ یەک لەو مەھزەلانە ناگاتە ئەوەی لای ھەندێ کوردستانی ھەیە و لە کاتێکدا ھەموو کەس و دوژمنیەتی خۆیشی دوژمن و ناحەزی خۆیە. دژایەتیکردنی ڕیفراندۆمی سەربخۆیی کوردستان لە لایەن ھەندێ کەس و لایەنەوە لووتکەی مەھزەلەی عەقلی کوردی لەم جیھانە پیشانی ئێمە و جیھانیان دەداتن و دوور نیە تێڕوانینیان بەرامبەر بە ئێمەمانان بگۆڕێ و بە چاوێکی سووک تەماشەی ئەو عەقلیەتە بکەن.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top