لێگەڕێن گەل بڕیار بدات

لێگەڕێن گەل بڕیار بدات
بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان هەر لە سەرەتای دەركەوتنیەوە، ئامانجی سەرەكیی رزگاركردنی كوردستان بووە، بۆیە هەر حزبێك كە دامەزراوە، نەیتوانیوە خۆی لەو ئامانجە بەدوور بگرێت، بەمەش یەكانگیرییەك لە نێوان خەڵك و بزووتنەوەی رزگاریخوازیدا هەبووە، بەوپێیەی ئەو بزووتنەوەیە، خەبات لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجی گەلدا دەكات، كەواتە حزبەكان ئەمانەتی خەڵكیان لەلایە، دەبێ بیپارێزن، نەك بیكەنە كەرەستەی ناكۆكیی حزبی.
لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، بڕیاری خەڵكی كوردستان گەیشتنە بە ئامانجە گەورەكە، ئەو ناكۆكی و دابەشبوونەی لەسەر سەربەخۆیی هەیە، ناكۆكی نێوان حزبەكانە، حزبی كوردی بۆ مەرامی دەسكەوتی حزبی، وازی لە بەڵێنی شەڕەف هێناوە كە بە خەڵكی داوە، ئەمەش حاڵەتێكی نوێی دروستكردووە، خۆی لە نمایشكردنی دووسەرەی حزبی دەبینێتەوە، حزب وەدوای بەدیهێنانی ئاواتی خەڵك ناكەوێت، بەڵكو خەڵك بۆ وەدیهێنانی ئاواتی خۆی بەكاردێنێت، بۆیە گوتارێكی ناروونی هەیە، لە هەر گردبوونەوەیەكی جەماوەریدا دیتی خەڵك چاوی لە ئامانجە گەورەكەیە، دەڵێ ئێمە دژی ئاواتی دێرینی خەڵك نین و لە زووەوە كارمان بۆ كردووە، لە ژینگەیەكی دروستكراوی حزبیشدا كە تیایدا سووك سەیری ئامانجە گەورەكە دەكرێت، لەوێش لەبیرخۆی دەباتەوە كە لەپێناو چی دامەزراوە، هەوڵ دەدات وەك ئۆپۆزسیۆن خۆی نمایش بكات.
كەواتە ئەو دابەشبوونەی لەسەر سەربەخۆیی دروستبووە، دابەشبوونێكی حزبییە، ئەوە حزبە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات لە كام بەرە بێت، بەرەی سەربەخۆیی یان بەرەی دژە سەربەخۆیی، هەر حزبیشە وادەكات بەرەی دژە سەربەخۆیی بخرێتە خزمەت بەغدا و پایتەختەكانی دەوروبەر، بەرەی دژە سەربەخۆیی بیەوێ و نەیەوێ، لە ناسكترین بارودۆخی دەوڵەتانی ئیقلیمیدا، باری ئەو دەوڵەتە داگیركەرانەی سوك كردووە، ناكۆكی لەسەر سەربەخۆیی لە ناوخۆی كوردستان زەق كردۆتەوە، بەم پێیەش شەڕی ئەو دەوڵەتانە هاتۆتە ناو كوردستان.
تەنیا شتێك كوردستان لەو ناكۆكییە بێمانایەی حزبی دەرباز بكات بڕیاری گەلە، چونكە چارەنووسی خەڵك كراوەتە كەرەستەی دەسكەوتی حزبی، لە هەموو دونیاش مەسەلەی چارەنوسساز لەلایەن گەلەوە یەكلایی دەكرێتەوە، بەرەی دژە سەربەخۆیی لە بەرژەوەندیی خۆیدا نابینێ گەل بڕیار بدات، بۆیە كۆسپ بۆ گشتپرسی دروست دەكات، كارەسات ئەوەیە حزب چارەنووسی خۆی بە رێگریكردن لە بڕیاری گەل ببەستێتەوە، لە كاتێكدا چارەنووسی گەل دەخوازێت هەموو لایەنەكان كۆدەنگ بن.
هەر حزبێك دژایەتیی سەربەخۆیی بكات خیانەتە لەو بەڵێنەی بە گەلی داوە، ئەگەر هەر بە پێویستیشی دەزانێت، دژایەتی سەربەخۆیی بكاتە بەرنامەی سیاسی، ئەوا هیچ حزبێك بۆی نییە رێگری لە گشتپرسی بكات، چونكە داواكاری خەڵك بۆ دواوە ناگەڕێتەوە، بەڵكو بەپێی گۆڕانكارییەكان بەرەو پێشەوە دەچێت، ئەو ناكۆكییە حزبییە وامان پێدەڵێت، بەرەی دژە سەربەخۆیی گشتپرسی لە بەرژەوەندیی خۆیدا نابینێ، بەڵام بڕیاری گەل بڕیاری یەكلاكەرەوەیە، بڕیارێكە ناكۆكی حزبی توڕتێهەڵدەدات، ئەو ناكۆكییەی بۆتە كۆسپی رێگای بڕیاردان، ناكرێ رێگری لە خەڵك بكرێت بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی نەدات، بۆ ئەوەی ناكۆكیی حزبی بەسەر ژیان و بیركردنەوەی خەڵكدا زاڵ نەبێت، پێویستە گەل بڕیاری خۆی بدات، حزبیش بكرێتەوە ئامراز.
Top