هاورایی میللەت لە سەر رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، هیوای کوردستانە

هاورایی میللەت لە سەر رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، هیوای کوردستانە
چەند سال لەمەوبەر رێفراندۆمێکی نارەسمی لە لایەن زۆرێک لە رۆناکبیران و دەزگاکانی کۆمەلگای مەدەنی کوردیی بە پشتیوانی حیزبەکانی کوردستان کرا زۆرینەی میللەت دەنگی دایە سەربەخۆیی، چەند مانگ لەمەوبەر زانکۆی ئامریکی لە دهۆک رووپێوێکی گرینگی کرد دیسان زۆرینەی میللەت دەنگیان دایە سەربەخۆیی، ئێستا دەرۆین بەرەو رێفراندۆمێکی فەرمیی ئیلزامی بۆ پرسی سەربەخۆیی دیسان هەموو ئیشارەتەکان یەکدەنگی میللەت نیشان دەدەن بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
ئەدی دەنگی موخالیفەکان؟
دیاردەیەکی زۆر تایبەتمەند لە کوردستان دا ئەوەیە کە بە خۆشحالییەوە کەس دژی سەربەخۆیی نییە و هیچ کوردستانییەک لە دوای ئەم هەموو زولم و چەرمەسەرییە ناتوانێ لە دژی داهاتووی ئازادی خۆی دەنگ بدات. بۆیە هیچ شتێک بە ناوی بەرەی سەربەخۆییخواز و دژی سەربەخۆیی بوونی نییە، ئەوەی وای کردووە کە بە خەیال رەسم و قسەی لەم جۆرە بێتە پێش زیاتر لە هەموو شت گرێدراوە بە لاوازیی مێژوویی ژیانی حیزبایەتی و لاوازیی مێژوویی سەرمایەمرۆڤیی بەردەست ئەحزاب کە نەتیجەکەی دەبێتە داریشتنەوەی گۆتاریی لاواز و بە بێ بیر. ئەم لاوازییە زۆر بە هێزتر دێتە بەرچاو کاتێک کە لەگەل کەمپێنی دیس ئینفۆرماسیۆن و چەواشەکاریی و دوژمنایەتی ناحەزانی کورد لە رای گشتیدا تێکەل دەبنەوە.
بەلام لە سەر پرۆسەی رێفراندۆم و تێکنیک و چۆنییەتی زەمینەسازیی دا لە نێوو کوردستاندا رای جیاواز هەیە، مەنتیقی بەشێک لەم کوردە سەربەخۆیی خوازانە کە بۆچوونیان هەیە ، چارەسەرکردنی بارو دۆخی ئەنیستیتوشنالی ولات بە مەرج دەزانن وەک کاراکردنەوەی پارلەمان، ئەم خالە دیارە چارەسەرییەکەی ئاسانە، بە دوو شێوە، یان حیزبەکان رێک دەکەوێن و پارلەمان کارا دەکەنەوە یان ئەوە کە بۆ یان ناچێتە سەر و ناتوانن ئەم ئەرکە بە جێ بگەینن، ئەو جا باشترین و دێمۆکراتیکترین و مەشروع ترین رێگا دەبێتە ئەنجام دانی هەڵبژاردن بۆ پارلەمان. کە وابوو قابیلی چارەسەرە.
خالێکی تر کە باس دەکرێت ، چارەسەری بارو دۆخی ئابوورییە، لەم خالەدا دیارە ناروونی زۆر هەیە لە تێگەیشتنی حیزبەکاندا، ئەگەر مەبەستیان چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووریی بێت ئەوە دیارە نەک لەم چەند مانگەدا بەلکوو لە چەندین سالی داهاتووشدا چارەسەر نابێت و بۆ ئەم مەبەستە پێویستیمان بە کات و کارە. بەلام هەر دەبێ جەخت بکەینەوە کە کاریگەرترین هەنگاو بۆ چارەسەری قەیرانی ستراکچرالی ئابووریی کوردستان ، دامەزراندنی دەولەتی کوردستانە، بۆیە ئەمە خۆی بەرزترین هەنگاوی چاکسازییە لە مێژووی کۆمەلگای کوردستاندا.
ئەگەر مەبەست چارەسەری قەیرانی دارایی بێت، ئەوەیان دیارە ئاسانترە و لە ماوەی یەک ودووسالی داهتوودا دەکرێ چارەسەر بکرێت و تەنانەت لە چەند مانگی پێش رووشماندا دەتوانین بە هاوفیکریی و هاوکاریی لایەنەکان هەنگاوی کاریگەر باوێین.
کە وابوو دەبینین کە بۆ سەرراستکردنەوەی لایەنی ئەنیستیتوشنال، مێکانیزمی هەلبژاردنمان لە بەر دەست دایە، لە قەیرانی دارایی دا دەتوانین هاوکاریی بکەین و ئەم بارو دۆخە هەنگاو بە هەنگاو باشتر کەینەوە و بۆ چارەسەری قەیرانی ئابووریی ولات تا کوو دەگەینە بارو دۆخێک کە دەرگای دنیامان لێ بکرێتەوە و هەنگاوی گەورە هەلبێنین دەبێ برۆین بەرەو دامەزراندنی دەولەتی کوردستان.
هەبوونی ئەم تێبینییانە وئەم کەم و کۆرییانە ،- لە دنیای سیاسەتدا وایە ، ئەگەر لە ناوخۆتدا کەم و کۆریت هەبوو، نەیاران دروست لەو دەرگایەوە دەست درێژ دەکەنە نێو مالی ولاتان،- بۆ ئێمەی کوردیش وایە، ئەم خالانە نابێ ببنە هۆی والا کرددنی دەرگا بۆ ناحەزانی کوردستان بە مەبەستی تێکدانی ریزەکانی میللەت. دوژمنان دروست لە سەر ئەم خالە لاوازانەی ئێمە دا یاریی دەکەن، پرسیاری گرینگ ئەوەیە ، چۆن مووناقیشاتی خۆمان بەرینە پێش؟ کە قسەی ئەوانەی کە تێبینیان هەیە و قسەی دوژمنان تێکەل نەبنەوە؟
پێشنیاریی بەردەست ئەوەیە کە باری ئەنیستیتوشنال بە مێکانیزمی هەڵبژاردنەوە چارە سەر بکەین، بۆ قەیرانی دارایی هاوکارو هاوفیکر بین، بۆ قەیرانی ئابووریی بەرەو دەولەتی سەربەخۆ هەنگاو هەڵبێنین، بۆ چوونێکی لەم جۆرە دەرگا لە دوژمنان دادەخات و یەک دەنگی بۆ رێفراندۆمی سەربەخۆیی مسۆگەر دەکات.
Top