لێكەوتە ئابوورییەكانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان
June 29, 2017
وتار و بیروڕا
بەكورتی دیارترین بنەما ئابوورییەكانی بوون بەدەوڵەت بریتن لە:-
1. بوونی دەرامەتی ئابووری بەهەردوو جۆرەكەیەوە (سروشتیو مرۆیی) چ لەڕووی چەندایەتییەوە بێت یان چۆنایەتییەوە بێت، ئەو دەرامەتانەش (سروشتی) تەواوی سامانی نیشتمانی هەواو سەر زەویو ژێر زەوی دەگرێتەوە بەهەموو جۆرو پۆلێنەكانیەوە، وەك (ئاو، خاك، نەوتی خاو، گازی سروشتی، دارستان، تەواوی كانزا فلزی و نافلزییەكان و... هتد)، دەرامەتی مرۆیی خۆی دەبینێتەوە لە (هێزی كارگەر چ لەبواری كاری بازوودا بێت، یان كاری بیر)، كە ئەمانەش لەكوردستاندا بوونیان هەیە.
2. بوونی بونیادێكی بەرهەمهێنانی بەتوانا لەتەواوی كەرتە ئابوورییە جیاوازەكاندا، بەتایبەتی هەردوو كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی بەهەموو جۆرەكانیەوە، بەجۆرێك بەلایەنی كەمەوە بكرێت ئاسایشی خۆراك و بەرهەمهێنانی شمەكی پیشەسازی ناوخۆ دابین بكرێت، بۆ ئەوەش كوردستان توانایەكی باشی هەیە و دەكرێت پەرەی زیاتری پێبدرێت.
3. دابین كردنی ئاسایشی وزە و ئاو، بەجۆرێك لەمەترسییەكانی دەرەوە پارێزراو بێت، دیارە كە هەرێمی كوردستان تائێستا لەڕووی ئاسایشی وزە و ئاوەوە سەركەوتوو بووە و لەئایندەشدا بەهێزتر دەبێت.
4. بوونی نەخشەو پلانی #ئابووری بۆ ئێستاو بۆ ئایندە، چونكە وڵات نابێت بە لۆژیكی خەڵك رازی كردن ببرێت بەڕێوە، بۆ ئەوەش حكومەت ماوەی دوو ساڵە دەستی كردووە بە چاكسازی و دانانی پلانێكی ستراتیژی ئابووری و بەڕێوەبردن بەهاوكاری بانكی نێودەوڵەتی.
گەر #سەربەخۆبین لەرووی ئابوورییەوە چ زیانێك دەكەین؟
لەڕاستیدا ئێستا هەرێمی كوردستان لەڕووی ئابوورییەوە هیچ پەیوەندییەكی بە عێراقی شكستخواردووە نەماوە، بەر لەساڵی 2014 هەركات باسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دەكرا، وەڵامی خێرا ئەوە بوو گەر بەغدا بودجەی یەك مانگمان ببڕێ، ئەوا دەمرین لەبرسان، بەڵام دواجار لە شوباتی 2014 نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، بەڕاوێژی چەند كەسایەتییەكی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و نەیارانی كورد بەشێوەیەكی تاكلایەنانە بڕیاری بڕینی مووچە و بودجە و قوتی خەڵكی كوردستانی دا، دواتریش بە پیلانێكی نێودەوڵەتی كە مالیكی سەرپەرشتی دەكرد یەك لەسەر سێی خاكی عێراق كەوتە دەستی داعش و كێشەی ئاوارە و جەنگی داعش ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بۆوە و ئەركی حكومەتی هەرێمی بۆ چارەسەركردنی بڕینی قوتی خەڵك گرانتر كرد، هاوكات دابەزینی نرخی نەوتیش لە 115 دۆلارەوە بۆ 25 دۆلار دۆخەكەی هێندەی تر سەختر كرد و هەرێمی كوردستانی خستە ناو قەیرانێكی قووڵی دارایی و ئابوورییەوە، بەڵام خۆشبەختانە بە خۆراگری خەڵكی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە و سەركردایەتییەكی بوێر و ژیرانە (سەرۆك #بارزانی) و (#نێچیرڤان بارزانی)، توانرا كۆنترۆڵی دۆخەكە بكرێت، ئێستاش هەنگاوەكانی تێپەڕاندنی قەیرانەكان خێراتر كراون.
كەواتە گەر سەربەخۆ بین و لەعێراقی هەرگیز سەرنەكەوتوو جیابینەوە لەڕووی داراییەوە تەنیا چەند شتێكی كەم لەدەستدەدەین، لەبەرانبەردا دەیان شت بەدەستدەهێنین، بۆ نمونە گەر سەربەخۆییمان راگەیاند، بەغدا ئەو بەشە دەرمانەی كە ساڵانە بەهەزار كێشە و كەموكوڕییەوە بۆ كوردستانی دەنێرێت، دەیبڕێت، هاوكات حكومەت دەبێت خۆی گەنمی جووتیاران بكرێتەوە كە ئێستا بەغدا بەنیوەناچڵ دەیكرێتەوە و تائێستاش زیاتر لە 600 ملیار دیناری پارەی جوتیارانی ساڵانی رابردووی كوردستان قەرزارەوە و نایداتەوە، هەروەها ئەو چەند هەزار پۆلیس و سەربازەی لەسەر بەغدا مووچەیان هەیە بەناوی پاسەوانی سنوور و پۆلیسی ئیتیحادی مووچەیان دەبڕدرێت، لەگەڵ مووچەی پەرلەمانتار و وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان.
بەڵام لەبەرانبەردا حكومەتی كوردستان زۆر قازانجی #دارایی و ئابووری دەستدەكەوێت كە گرنگترینیان بریتن لە:-
1. نەوتەكەمان بەنرخێكی گرانتر و ئاشكراتر دەفرۆشین.
2. پرسی داهاتی نەوت شەفافتر دەبێ و دەبینە ئەندامی دەستپێشخەری شەفافیەتی نێودەوڵەتی.
3. پێگەی جیۆئابووری كوردستان گۆڕانكاری بەسەردادێت بەهۆی بوونی یەدەگێكی زۆری نەوت و گاز.
4. كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان بێ ترستر دەتوانن سەرمایەگوزاری لەهەرێمی كوردستان بكەن و ئەگەری ریسك كەمتر دەبێتەوە.
5. وڵاتانی كۆمەك بەخش دەتوانن ڕاستەوخۆ هاوكاری كوردستان بكەن.
6. دەتوانین قەرز لە بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی نەختی دراو بەشێوەی راستەوخۆ وەربگرین.
7. دەتوانین قەرز لە بانكە بەناوبانگەكانی وڵاتان بەبێ كێشە وەربگرین.
8. دەبینە خاوەنی بانكی مەركەزی یاخود (فیدڕاڵی) و خاوەنی یەدەگێك دراو و زێڕی سەربەخۆ و لەكاتی قەیران سودی لێوەردەگیرێت.
9. سیاسەتی نەختینەیی لەدەستی خۆت دەبێ و ئاسایشی ئابووریمان دەكەوێتە دەستی خۆمان.
10. خاوەن دراوی تایبەت بەخۆمان دەبین، یاخود لانی كەم دراوێكی بەهێزی وەك دۆلاری ئەمەریكی دەكەینە دراوی فەرمی دەوڵەت.
11. سیستەمی باج بەهێزتر دەكرێ و دادپەروەری زیاتر دەبێ.
12. مەرزەكانی زیاتر بەنێودەوڵەتی دەبن و داهاتیان ڕوو لەهەڵكشان دەبێت.
13. لە هاوردەكردن و هەناردەكردنی كاڵا بۆ عێراق باج وەردەگرین.
14. داهاتی فرۆكەخانەكان زیاتر و شەفافتر دەبن.
15. دهوڵهت یارمهتی کهرتی تایبهت دەدات بۆ لهدایکبوونی تهکنیک و بهرههمی نوێ لهو کهرتانهدا که وهک ئهولهوییات دهستنیشان کراون.
16. دهوڵهت ههنگاوی پێویست بۆ لهدایکبوونی پیشهسازی نوێ ههڵدێنێت.
17. دامهزراندنی دامودهزگای وا که بتوانن تەکنەلۆژیای پێشکهوتوو و زهحمهت بۆ پیشهسازی تازه پێشکهش بکەن.