بەریەککەوتنی خۆڕاگری بارزانی نەمر و دڕندەیی دوژمنان

بەریەککەوتنی خۆڕاگری بارزانی نەمر و دڕندەیی دوژمنان
ـــ 18ـــ
جەنابی سەرکردە و گەورە پیاوی مێژووی مرۆڤایەتی.. دەزانم بەختەوەرترین کەس تۆی، چونکە دادپەروەری ودیموکراتی راستەقینە و شۆڕشگێری و کوردایەتی لە خەسڵەتە بەرزەکانت بوون، بەدرێژایی تەمەنت شەڕی زوڵم و ستەمت کرد، بەگژ نەهامەتیەکانی نەتەوەیەکدا چوویتەوە، زەمەنێکت خوڵقاند کە ئێستا ناحەزانیشت لە سێبەریدا حەساونەوە، رێبازێکت داهێنا لێوانلێو لە راستگۆیی و حەقبێژی، پڕ لە خۆشەویستی خاک و نەتەوە، تەژی لە رابوون و بەرخودان، بۆیه‌ ده‌زانم دوژمنانی كورد به‌قه‌د خۆشه‌ویستی من رقیان لێته‌،. بەقەد پابەند بوونی منيش بۆ رێبازه‌كه‌ت دژایه‌تیان كردووی و ئێستاش دژایه‌تی رێبازه‌كه‌ت ده‌كه‌ن.
جەنابی سەرکردە و گەورە پیاوی مێژووى مرۆڤایەتی.. فێرتکردین ژێردەستەى کەس نەبین و کەسیش ژێردەستە نەکەین، پێت وتین لەودیو هەموو تاریکاییەک ئاسۆیەک هەیە، راتهێناین هەستانەوەى دوای شکست بکەینە کەلتوورى بەرخودان، بەهێزی لەڕووی دوژمنان و خزمەتکاری وڵات و نەتەوەت کردە پیشەی ئەوانەی بە ئومێدەوە بۆ ژیان و ئایندە دەڕوانن، هەر بۆیەش رەتکردنەوەى ژیانی ژێردەستی و مردنی ئازادت لای شوێنکەوتوانت کردە بڕیار, بۆیه‌ داگیركارانی كوردستان هێشتا ده‌ستبه‌رداری پیلانگێڕی نه‌بوون و رێبازه‌كه‌ت به‌ دوژمنی سه‌رسه‌ختی سیاسه‌تی داگیركاری خۆیان ده‌زانن.
جەنابی سەرکردەو گەورە پیاوی مێژووى مرۆڤایەتی.. دەزانم سەرکردە و پێشەوای چەوساوەترین نەتەوەی سەر رووی ئەم زەمینە بووی، هەر بۆیەش بە باڵای نەمریدا هەڵکشای و لەسەر لوتکەی سەروەریەکانی مێژووەوە، وانەی رزگاری نیشتیمانی و سەربەخۆیی نەتەوەییت بۆ داهاتوو دەوتەوە.
جەنابی سەرکردەو گەورە پیاوی مێژووی مرۆڤایەتی.. بەقەد دڕندەیی دوژمنان بە ورە و خۆڕاگر بووی، ئەوەندەی رق و بوغزی ئەوان بەخشندە و لێبووردە بووی، لە نیشتیمانێکی ون بوودا دەرکەوتی و لەناو گەلێکی بەشمەینەتدا هەڵکەوتی، بۆ رابردوو هەڵەچنی مێژووت دەکرد، بۆ ئێستا سروودی (ئەی رەقیب)ت دەچڕی، بۆ داهاتوو چیرۆکی مەرگی زۆرداریت دەنووسیەوە، هیوات بەبەر بێهیوایاندا کردەوە و (کوردستان یان نەمان)ت کردە موژدەی هەستانێکی ئەبەدی، هەر بۆیەش نەتەوەیی بوون و کوردستانی بوونت کردە ناسنامەی شوێنکەوتوانت.
جەنابی سەرکردە و گەورە پیاوی مێژووی مرۆڤایەتی.. دەزانم لای ئێمە و دوژمنان یەک مانات هەیە، لای ئێمە سەرکردە و رابەری دەستەیەکی یاخی بوو لە ژێردەستەیی، هەر بۆیەش هەموومان یەکدەنگ لەگەڵت هەستاین، لای ئەوانیش سەرکردە و رابەری دەستەیەکی راپەڕیو و یاخی لە مەرام و ئارەزووەکانیان، هەر بۆیەش هەموویان لە دژت وەستان، لەو کاتەوە هەستانی ئێمە و وەستانی ئەوان پیشەی شوێنکەوتوان و دوژمنانتە.
جەنابی سەرکردەو گەورە پیاوی مێژووی مرۆڤایەتی..دەزانم لای تۆ ئەرکی بێ ماف سەرەتای سەرهەڵدانی جیاوازی و گرفتەکان بوو، دەستپێکی هاتنە پێشی چەوسانەوە و کارەسات بوو، پێت وابوو مافی بێ ئەرک شێرپەنجەی سەرکێشییە و سیاسەتی تاکڕەوی بەدوای خۆیدا دێنێ، ئارەزووە نەگریسەکان دێنێتە پێشێ و کۆمەڵگا بەسەر چینە جیاوازەکاندا دابەشدەکات، بۆ رەواندنەوەى ئەو ترسە بینای پێکەوەژیان و کاری هاوبەشت لەسەر هاوسەنگ راگرتنی ئەرک و مافەکان هەڵدەچنی و دادپەروەریشت دەکردە پێوەری نەهێشتنی جیاوازیەکان، هەر بۆیەش ئەرک و مافی لە پێشی شوێنکەوتوانت قوربانیدان و کوردستان پارێزی بووه‌.
جەنابی سەرکردەو گەورە پیاوی مێژووی مرۆڤایەتی.. لە تۆوە زانیمان بڵێین: بەهێز ئەو کەسە نییە دوژمنی لاوازبێ، بەهێز ئەو کەسەیە خۆی له‌ رووی دوژمنانی خاوەن هێز بێ، سەرکەوتوو ئەو کەسە نییە دوژمن بشکێنێ، سەرکەوتوو ئەو کەسەیە رێز لە بەهاکانی سەرکەوتن بگرێ، هێز و سەرکەوتنی ئێَمەش لە رێبازی نەمری تۆدایە، ترس لە هێزو خۆشی لە شکستی دوژمندا نییە، ترس لەوەدایە پشت لە رێبازی پیرۆزت بکەین، چونکە ئەوکاتە نە هێزمان دەمێنێ و نە خۆشی لە شکستی دوژمن وەردەگرین.
جەنابی سەرکردەو گەورە پیاوی مێژووی مرۆڤایەتی.. دەیان ساڵ بەر لە ئێستا فەرمووتە: (دڵنیام کە سەردەکەوین، بەڵام ترسم لەوەدایە ئەوکات ئەوانەی ماندوو بوون و زەحمەتیان کێشاوە لەبیر بکرێن) بەڵێ فەرموودەکەت هاتەدی و سەرکەوتین، بەڵام مەترسی لە فەرامۆش کردنی ئەو پەیامە نەمرەیە کە وەک ترسی دوای سەرکەوتن پیشانت داین، ئەویش لەبیر کردنی ئەوانەیە کە مێژووی سەرکەوتنەکانی ئەمڕۆیان نووسیوەتەوە.
جەنابی سەرکردەو گەورە پیاوی مێژووی مرۆڤایەتی.. با چەواشەکاران هەر خەریکی رستنی هەودای چەواشەکاری بن، با لە پاشخانی گێڕانەوەى هەیمەنەى ناوچەگەرایی و چاوەڕانی خۆزگەی ئایدۆلۆژیدا، تا شەکەت و هێز لێبڕاو دەبن مژومۆرەی سیاسی بکەن، هەرچی بکەن و هەرچی بڵێن بەبا کردنی کای کۆنە و وەک ئاسنی سارد کوتانە، چونکە سەروەری و شانازییەکانی مێژوومان لە هەڵوێست و رابردووی تۆدا دۆزینەوە، بە گرتنەبەری رێبازی تۆش خواست و خەونی لەمێژینەی نەتەوەییمان بەدیدێنین،
جەنابی سەرکردەو گەورە پیاوی مێژووی مرۆڤایەتی.. بۆ یادکردنەوەت هیچ گوتنێک شک نابەم شایانی گەورەیی تۆ بێ، بۆ دەربڕینی وەفاداریم هیچ دیارییەک نابینم لێم وەربگری، جگە لەوەی پەیمان بدەم هەتا مردن شوێنکەوتووی رێبازت بم، هەتا مردن ئەو پەیامەی بۆت جێهێشتووین بە دەنگی بەرز بیڵێمەوە، بۆ نەیار و ناحەزانیشت لەوە شیاوتر نابینم کە پێیان بڵێم: بارزانیی نەمر تیشکی خۆر بوو، ئێوەی کوێر لە رۆشنایی بێبەش بوون، ئاوازی رەسەنی کوردایەتی و چڕینی لاوکی نەتەوەیی بوو، ئێوەی کەڕ نەتاندەبیست، عەشق و خۆشەویستی بوو، ئێوەی لاڵ پێتان دەرنەدەبڕدرا، بانگی ئازادی و موژدەی پێکەوەژیان و کاری هاوبەش بوو، ئێوەی نەبیست و تاکڕەو رووتان لێوەرگێڕا، راچڵەکینی شۆڕگێڕی و رابوونی سەردەمێکی نوێی بەرخوادان بوو، ئێوەی بیر ئیفلیج و گۆشەگیر بووی کوردایەتی پەیتان پێ نەرد، بەرزی باڵا و لوتکەی چیا بوو، ئێوەی کورتەبنەو گردۆڵکەکان ئیرەییتان پێبرد
Top