دەرچوون لەژێر سێبەری عێراق

دەرچوون لەژێر سێبەری عێراق
گەلی کورد، خاوەنی ھەموو خەسڵەت و ھەلومەرجێکی نەتەوەییە، ھیچی لەو میللەت و نەتەوە پێشکەوتوانەی سەر گۆی ئەم زەوییە کەمتر نییە و شیاوی ئەوەیە: خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت و لەناو نەتەوەکانی جیھاندا سەر بڵندانە ئاڵای نەتەوەکەی بدرەوشێتەوە.
لە بەھاری ١٩٩١ەوە، لە باشووری کوردستان، خاوەنی کیانێکی سیاسین، بۆیە حکوومەتەکانی دونیا بە نموونەیەکی جوان و سەرکەوتووی بەڕێوەبردنی سیستەمی حوکمڕانیمان دادەنێن، کورد لەم پارچەی کوردستان، ھەقی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی ڕاگەێنێت کە تەواو لەگەڵ جاڕدانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و بەندەکانی کۆمەڵە نەتەوە یەکگرتووەکاندا گونجاوە، کەچی ھەست دەکرێت کەسانێک کە کوردیشن، لەژێر پەردەی ھەر بیانوویەکدا بێت، شکۆی پرسی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بچووک دەکەنەوە، بەوەی: کورد لەم کاتەدا خاوەنی بنەمایەکی پتەوی ئابووری نییە، داھات کەمە، بەشی بژێوی میللەت ناکات، دەیانەوێت بەم جۆرە قسانە، پرسە مەزنەکەمان بچووک بکەنەوە! ھاوکات مەبەستیانە ورە بە جەماوەر بەردەن، تا بڕوایان بە سەرکەوتنی دۆزە ڕەواکەمان لاواز بێت، بە مەبەست، یاخود لە نائاگاییەوە بێت، بەم جۆرە ڕەفتارەیان، ئاو دەکەنە ئاشی نەیارانی کوردەوە، بۆیە ھەقە ئیتر بە خۆیاندا بچنەوە.
دەسەڵاتدارانی عەرەبی سوننە و شیعەی عیراق، بە دەگمەنیان نەبێت. ددان بە پێناسە و ماف و ئازادی کوردا نانێن، نەک ئەوەندە، بەڵکو بە ئاشکرا ڕەفزمان دەکەن و دەیانەوێت لە ھەموو مافێک بێ بەریمان بکەن، دەستبردن بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ئەرکێکی ئایینی، عەقڵانی و لۆژیکیە، ئەوەی دڵخۆشکەرە و بەرگوێ دەکەوێت و بووەتە باس و خواسی سەرەکی ھەموو لایەک، سەرھەڵدان و دروستبوونی دەوڵەتێکی تازەیە، کە لە ڕابردوودا کورد ھەزاران قوربانی لە پێناو داوە، وەک ئەوەی چاودێرانی سیاسی، ڕۆشنبیران، نووسەران، دۆست و نەیارانی کوردیش ئاماژەی بۆ دەکەن تاکە ئاسۆیەک بۆ گەیشتن بەو خەونە، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، کە دەتوانێت بڕیارێکی چارەنووسسازی وەھا بدات چیتر لەژێر سێبەری عێراقدا نەمێنینەوە و بگەین بەو خەونەی ڕووبارێک خوێنمان بۆ ڕشتووە، پشتگیری ھەمووان لە پڕۆژەکەی سەرۆک بارزانی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، دەبێتە ھۆی ئەوەی مێژوو بۆ خۆمان دروست بکەین، پێویستە گشت ھێز و لایەنە کوردستانیەکان، دەرک بەو بەرپرسیارییەتە مێژووییە بکەن بۆ گەیشتن بە ئاوات و خەونی لە مێژینەمان.


Top