بە بێ سەرۆك بارزانی ، مەحاڵ بوو تا سەدەیەكتریش داوای سەربەخۆیی بكات
June 27, 2017
وتار و بیروڕا
كات بە فیرۆ دان لە بەرژوەندی میللەتی كورد دانییە ،بەتایبەت لە مەرٍ پرسێكی چارەنووسسازی وەك ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان و پێوستە گشت لایەنەكان درك بەو بەرپرسیارییە كوردانە و مێژووییە بكەن .ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی باشووری کوردستان، بە تەنیا پرسی چەند حزب یان چەند کەسێک نییە، بەڵکوو تاک بە تاکی ئەو کۆمەڵگەیە دەگرێتەوە، چونکە ئەوە مافی ئەوانە. کاتێک باس لە ڕیفراندۆم دەکرێت، بێشک تاکی یاساییی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرێت و، بڕیاربەدەست دەبێت. ڕیفراندۆم، سنووری حزب، ڕەنگ، نەتەوە، ئایین و مەزهەب دەبەزێنێت، لەبەر ئەوەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە چارەنووسی تاک ەکانەوە هەیە. لەو دیموکراسییە ڕاستەوخۆیەدا، هاووڵاتیانی ڕەنگاوڕەنگی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە پرسەکە یەکلا دەکەنەوە. هەر بۆیە، بەجەماوەریکردنی هزری ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، یەکەمین هەنگاوی ئەو پرسە گرینگەیە.باسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی لەو بەشەی کوردستان بەگەرمی لە گۆڕیدا بووە و، لە یادگهی هاووڵاتیانیدا جێگەی خۆی کردۆتەوە و پێشینەیەکی سەرکەوتووی هەیە. لە ٣١/١/٢٠٠٥دا و لە ڕیفراندۆمێکی ناڕەسمیدا، ٩٨.٧٦%ی هاووڵاتیان دەنگیان بە سەربەخۆیی دا. لەو سەردەمدا، سەرەڕای گشت کێشەكان و جیاوازیی ناوخۆیی، گرفتەکان وەلاوە نران و ڕیفراندۆمە ناڕەسمییەکە وەکو سەیوانەیەک توانی گشت ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان لە دەوری خۆیدا کۆ بکاتەوە. هەندێک دەنگی ناشاز هەن کە دەخوازن ڕووبەڕووی هزری ڕیفراندۆم ببنەوە، هاوکاتیش لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها لە بەغدایش ئەو بەرهەڵستکاری و تەنانەت ئەو هەڕەشەیەیش هەست پێ دەکرێت، کە ڕووی لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەلام ئەوان دەبێ ئەوە بزانن، کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان "هێلکە نین" کە بە زەبرێک بشکێن و "ئەوانیش بەرد نین." لەم پرسە ژیانییەدا، تاک وەکو جۆگە وایە، کە بوو بە کۆ، دەوری لافاو دەگێڕێت و بەری پێ ناگیرێت. سڕ و هێزی ڕیفراندۆمیش ڕێک لەوەدایە. گرنگ ئەوەیە كە هەموومان پشتیوانی ئەو ماف و ئەركە نیشتیمانییە بین بۆ گەیشتن بەو ئامانج و ئاواتە لە مێژینەیەمان ..
سەرۆك بارزانی، نەخشە رێگەی یەكریزی و دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان جێبەجێی دەكات .كەس ناتوانێت نكۆڵی لە هەوڵەكانی سەرۆك مسعود بارزانی بكات لە پرسە نەتەوەییەكان و دۆزی كورد بە شێوەیەكی گشت و لەپێناو یەكبوون و یەكڕیزی ناو ماڵی كورد بكات، هەروەكو چۆن هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت رۆڵی ئەو سەركردەیە لە ناوەندە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكان بسڕێتەوە كە لەپێناو كورد و كوردستان هەنگاوی بۆ ناوە، تەنانەت نەیارانی كوردیش جگە لەوەی شاهیدییان بۆ ئەو رۆڵەی داوە، ناچاریش بوون رێزێكی تایبەتیان بۆ سەرۆك بارزانی هەبێت لەبەر ئەو پێگە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەی كە جەنابیان هەیەتی، لەمەدا دەبێت بە ویژدانەوە باس لە شتەكان بكەین، ئێستا لە كوردستان دەرفەتی باشمان بۆ رەخساوە هێزێكی گەورەی وەكو داعش كە لەسەر دەستی پێشمەرگە تێكشكێنرا، دیارە فاكتەری هاریكاری ئەم سەركەوتنە، لە رێگەی ئەو پێوەندییە نێودەوڵەتییە بووە كە بارزانی لەناو وڵاتانی زلهێزی دنیا هەیەتی كە وایكرد ئەو وڵاتانە یارمەتی و پشتیوانی سەربازی و كۆمەكی چەك و تەقەمەنی بگەیەننە پێشمەرگە، ئەمە لە كاتێكدا بەغدا و حكومەتی عێراق بەو قەبارە و هێزە سەربازییە گەورەیە و هاوكارییەكانی ئێران و بگرە هاوپەیمانەكانیش نەیانتوانیوە سەركەوتنی گەورەی هاوشێوەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بەسەر داعش تۆمار بكەن. ئەمە پێمان دەڵێت كورد لە ئێستادا پێویستی بە كەسایەتی بارزانی هەیە، بارزانی كەسێكی بەئەزموون و سەرۆكێكی دیار و بەحیكمەتە و پێویستە هەموو هێزە سیاسییەكان سوود لە ئەزموون و تواناكانی وەربگرن لە پێناو خزمەتی بەرژەوەندی گشتی بۆ هەر چوار پارچەكەی كوردستان و پرسی كورد، من دڵنیاشم هەوڵەكانی لە پێناو بەدیهێنانی ئاواتی گەورەی كورد بۆ سەربەخۆیی بە رێگەیەكی راست و دروست دەچێت و لە داهاتوودا كوردستانی سەربەخۆ دەبینین. دەبێ گشت تاكی كورد و لایەنە سیاسییەكانی دوور لە حزبابەتی تەسك پشتیوانی هەنگاوەكانی سەرۆك مسعود بارزانی بن كە داكۆكیكاری بەدەستهێنانی دەوڵەتی سەرەبەخۆیی كوردستانە .