دەوڵەت لە نێوان ڕاگەیاندن و بنیات ناندا

دەوڵەت لە نێوان ڕاگەیاندن و بنیات ناندا
ئەنجامدانی گشتپرسی (ڕیفراندۆم) بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتە بۆ نەتەوەیەک کە ھەموو ڕەھەندەکانی دەوڵەتبونی تێدایەو قوربانی زۆریشی لە پێناو مانەوەو جیاوازیەکانی لەگەلڕ ئەوانی تردا داوە، بون بە دەوڵەت خەونی ھەمیشەیی تاکەکانی بووەو ستەمێکی مێژوویشی لێکراوە کە ئەو مافە سەرەتاییەی لێ زەوت کراوەو بە زەبری ھێز ڕێگری لێکراوە کە ئەو خەونە ھەمیشە ئامادەیەی زھنیەتی تاکەکانی بەدی بێنێت.
لە ئێستادا کە بارودۆخ لەبارەو ھەلێکی مێژوویش خولقێنراوە بۆ ڕاگەیاندنی ئەو دەوڵەتە ئەویش لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ ڕای تاکەکانی گەلی کورد بۆ ئەوەی بە ھەمو جیھانی ڕابگەیەنن کە ئەو تواناییەیان ھەیە بڕیار لە چارەنوسی خۆیان بدەن و دەتوانن لە مەیدانەکە بمێننەوەو کاریگەری ئەرێنیشیان ھەبێت لە سەقامگیری ناوچەکەو جیھانیش بە گشتی.
لە مێژوودا ڕووی نەداوە دەوڵەتێک دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بێ کێشەو ئاستەنگ بوبێت، بەڵکو ھەموویان کۆمەڵێک کێشەو گرفتی سەرەکی و لاوەکیان ھەبووە و زۆربەی کێشەکانیش دەیان ساڵیان ویستووە تاکو چارەسەریان بۆ دۆزراوەتەوە. ئەوەی لێرە گرنگە ھەڵوەستەی لەسەر بکەین پڕوپاگەندەو دژایەتی دژبەرانی ڕیفراندۆمە کە بە ئەنقەست یاخود نەزانی قۆناغەکانی جاڕدانی دەوڵەت و قۆناغی دواتر کە بنیات نانی ئەو دەوڵەتەیە تێکەڵ دەکەن.
خواستی ھەمووانە دەوڵەت ئامرازێک بێت بۆ ئارامی و ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیان ئەو خواستانەش ڕێژەیین و دەکرێ زیاد و کەم بکەن و گۆڕانکاریان بەسەردا بێت ئەرکی دەوڵەتیشە دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی زۆرترین سود بۆ ھاوڵاتیانی دەستەبەر بکاو زیانەکانیش بگەیەنێتە کەمترین ئاست و بەھانەی باخەڵی پڕو خاڵی و کارا کردنەوەو نەکردنەوە نیشانەی دواکەوتنی بانگەشەکارانیەتی لە ئاستی قۆناغەکە.
ئاشکرایە دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەت ئەو دەوڵەتە بە بارێکی ناسەقامگیردا تێپەڕ دەبێ کە لە ھەمان کاتدا قۆناغی بنیات نانی دەوڵەتیشەو ئەو قۆناغەش ھەروەک لە توێژینەوەیەکی(لێژنەی لێکۆڵەرەوانی نێو دەوڵەتی دەوڵەتە ناسەقامگیرەکان) دا ھاتووە کۆمەڵێک ڕاسپاردەو پێشنیاریان کردووە کە بەڕوونی جیاوازیەکان دیاری دەکات کە خۆی دەبینێتەوە لە :
(بنیات نان پڕۆسەیەکی ناوخۆییە بۆ چەسپاندنی ھێزی دەڵەت، دام و دەزگا شەرعیەکانی دەوڵەت لە ڕێگەی پەیوەندیەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگا بە کارلێک کردن لە گەڵ بنچینە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی کە ھەیە بە شێوەیەک کە کارایی دەوڵەت تۆکمە دەبێ لەلایەنی ئاسایش ودادگەری و ئابوری و خزمەت گوزاریە گشتیەکان وەکو تەندروستی و فێرکردن، وە دەستەبەرکردنی ئازادیە سیاسی و ئابوری و لێپرسینەوە لە دەوڵەت، لە بەرامبەردا ھاوڵاتیانیش بە باجی سەپێنراوی سەریان ڕازی دەبن لەگەڵ سنوردارکردنی ھەندێ لە ئازادیەکان، کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیش ھەندێ داخوازی لە دەوڵەتە تازە پێگەیشتووەکان دەبێت کە پەیوەستن بە پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان و یاساکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ. دەستپێکردنی پڕۆسەی دانوستان و بەڕێوەبردنی سیاسیانە بۆ دابەشکردنی پەیوەندیەکانی دەوڵەت – کۆمەڵگە وە دروستکردنی جۆرێک لە ھاوسەنگی ھێز لە نێوان بژاردەکان و ڕێکخراوەکانی ناو کۆمەڵگە، ئەو پڕۆسەیەش سەردەکەوێ کاتێک ڕکابەرەکان ھەستدەکەن کە بەرژەوەندی ھاوبەش لە نێوانیاندا ھەیە، دەوڵەتی بەھێز ئەو دەوڵەتەیە کە وەڵامی داخوازی ئەو لایەنانە دەداتەوە کە پێکھاتەکەی پێک دێنن وە دەبێ پڕۆسەی بەڕێوەبردن و لە خۆگرتنی گۆڕانکاریەکان و ئەو شۆکەی کە لەگەڵیدایە ھەرس بکات، ئەگەر داخوازی و چاوەڕوانیەکان بەدی نەھاتن و ھەندێ لایەنی ناوخۆیی وەلانران دەبێتە ھۆی سستی و نائارامی سیاسی و ئەو کات پێویست دەکات دانوستانی ناوخۆیی سەر لەنوێ پێویست بکاتەوە.
دەبێ بنیات نان بە قۆناغێکی تەندروستدا تێپەڕ بێت و شەرعیەتی ھەبێت، چونکە شەرعیەت ئامرازی بنیات نانی دەوڵەت و مەبەستە سەرەکیەکەیەتی، مەرجیش نیە شەرعیەت تەنیا شەرعیەتی دیوکراسیانە بێت لەبەر ئەوەی دیدگای خەڵک بەستراوە بە زۆر لایەن وەکو( بەجێگەیاندن: دابەشکردنی دادگەریانەی خزمەتگوزاریەکان، مەرجەعیەت: مێژوو ئایین و شێوەی پێشوتری دەوڵەت یان بەڕێوەبردن، ئاکارو ھەڵس و کەوت: دەستور و یاساو لێپرسینەوە).
کەمترین ئیمکاناتی بەڕێوەبردن وە دەستەواژەی بنیات نانی دەوڵەت دەستەواژەیەکی پێناسەکراوو ئاساییە(مەرجیش نیە ئەرێنی بێ و بە دڵی ھاوڵاتیان بێ). بنیات نانی دەوڵەت بەردەوامە، بەڵام لەسەر یەک ھێڵ و تەریب نیە، بنیادیە بۆ وەڵام دانەوەی داخوازیەکانی خەڵک بۆ دەرچوون لە بارودۆخە سستەکە بۆ بارودۆخێکی چەسپاو. وە دەبێ لە سەر ھەموو ئاستەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگە ڕووبدات. وە بنیات نانی دەوڵەت جیاوازە لە بنیات نانی نەتەوەو جیاوازیشە لە بنیات نانی دام و دەزگاکان. لەبەر ئەوەی مەودایەکی کۆمەڵایەتی ھەیە کە جیاوازە لە سەقامگیرکردنی ئاشتی، وە پڕۆسەیەکە دەکرێ لایەنە دەرەکیەکان کاریگەریان لەسەر ھەبێ، بەڵام ناتوانن بە شێوەیەکی ڕەھا کۆنتڕۆڵی بکەن).
ئەوانەی داخوازی دەوڵەتێکی خەیاڵپڵاوانە دەکەن بۆ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم دابڕاوی واقیعن و نازانستیانە دەیانەوێ سۆزو ھەستی بەشێکی ھاوڵاتیان بخەنە خزمەتی مەرامە نالۆژیکیە سیاسیەکانیان و مەبەستیان نیە ئەو مافە ڕەوایە بەدەست بێت بەھانەکانیان ھەرچیەک بن.

Top