خولانەوە بەدەوری گردەکە!

خولانەوە بەدەوری گردەکە!
پەیتا پەیتا نزیک دەبینەوە لە ڕۆژی بڕیاردانی گەلی کورد و دوای سەدەیەک لە لکاندنێکی نابەدڵانەی گەلەکەمان ئیتر خەڵکی کوردستان لە 25 ی ئەیلولی ئەمساڵ بڕیاری ڕزگاری یەکجاری دەخاتە سندوقەکان و دەنگی "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی" بەگوێ ی جیهاندا دەدات.
کوردستانیان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێ ی هاتنی ئەم ڕۆژە ئەکەن و 25ی ئەیلول بۆتە سەردێڕی هەواڵی هەموو میدیاکان و تەواوی کۆڕ و کۆبوونەوە خێزانی وکۆمەڵایەتیەکان و بازار و شارەکانی تەنیوە.
لەم نێوەندەدا لەناو ئەم هەموو هیوایەی کە لەسەر ئەم ڕۆژە و بڕیاری خەڵک هەڵچنراوە ، بەداخەوە کەسانێک هەن تۆوی نائومێدی دەچێنن و هەموو هەوڵیان بەبچوک سەیرکردنی ئەم پڕۆسە گرنگەیە.
بزووتنەوەی گۆڕان کە لەهەڵبژاردنەکانی ڕابردوو بووە حیزبی دووەم و بە ڕێکەوتنی سیاسی لەلایەن حیزبی یەکەم کە پارتی دیموکڕاتی کوردستان بوو، سەرۆکی پەرلەمان و چەند پۆستێکی وەزاری گرنگی وەرگرت، بەڵام پاش تێپەڕبوونی کەمتر لە دوو ساڵ ئەم بزووتنەوەیە ڕێکەووتنە سیاسیەکانی شکاند و ویستی شیرازەی سەقامگیری سیاسی کوردستان بشێوێنێ لە بەرامبەردا پارتی وەک حیزبی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان هەڵسوکەوتی پڕ بە باڵای ئەو حیزبە نواند و یوسف محمدی لە بەزگەی پردێوە ناردەوە گردەکە و ئیتر ئەو حیزبە لە گۆڕەپانی سیاسی گۆشەگیر مایەوە و وەک یاریزانێکی سەرەکی مامەڵەی لەگەڵ نەکرا و خرایە لیستی یەدەگ!
لە ئێستادا لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و کەسایەتیەکانیەوە بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵ بۆ بچوککردنەوەی پڕۆسەی ڕیفراندۆم دەکات لەبەر دیدەنی خەڵکی کوردستان و ئەمەش ناڕەحەتیەکی گەورەی لای خەڵکی کوردستان دروست کردووە و خەڵک لایەنەکان بە ناتەبا تۆمەتبار دەکەن و ترسێکی ناسروشتی خەڵکی هەراسان کردووە نەبادا ئەم پڕۆسە مێژووییە بە فیتی وڵاتانی ناوچەکە لەبار بچێت، بۆیە پارتی وەک حیزبی ژمارە یەک و خاوەن بیرۆکە و هەوڵدەری سەرەکی پرۆسەکە لە هەوڵی ڕێکخستنی ناوماڵی سیاسی کورد دایە و لەو چوارچێوەیەشدا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڕیاریاندا بە دەستپێشخەری کردن بۆ ئاسایکردنەوەی بارودۆخی سیاسی بەم شێوەیەی کە بزووتنەوەی گۆڕان لە دوو ساڵی ڕابردوو بانگەشەی بۆ دەکرد، کەچی بزووتنەوەی گۆڕان لە قاوغی ڕەتکردنەوەی هەموو شتێک دەرنەچو و بۆ چەندین بارە دەسپێشخەریەکانی ڕەتکردەوە.
ئەو بزووتنەوەیە کە لە ئەساسەوە لە دوو دڵی دا و لە پڕۆسەیەکی وەسواسانە ڕاگەیەنرا، بەهامان باروودۆخی سەردەمی دروست بوونی هەتا ئێستاش لە دوو دڵی و وەسواسیدا مامەڵە ئەکات و نەکەوتۆتە سەر بیرکردنەوەیەکی نەتەوەییانە بە قازانجی سەربەخۆیی کوردستان بەڵکو سوڕانەوەی ئەو تەنها بە دەوری گردەکەدایە!

پیران ئەمیر
Top