یوسفی ڕاستگۆ و یوسفەکەی لای خۆمان

یوسفی ڕاستگۆ و یوسفەکەی لای خۆمان
یوسف وەک ھەر گەنجێکی کورد مافی ئەوەی ھەیە ممارەسەی مافە سیاسیەکانی خۆی بکات و گەشە بە توانا سیاسی و رۆشنبیریەکانی بدات، بەڵام یوسفی گردەکە تا توانی بە نەرمی خۆی خستە پێشەوە تا ئەو کاتەی گەیشت بە کورسی دەسەڵات و تامکردنی لەوێوە رێک ١٨٠پلە پێچەوانە بوویەوە و رووی راستی خۆی پیشانی کوردستانیاندا، ئێمە و کوردستانیان ئەپرسن کوا چوار ساڵی ئارامی، موچەی کابانی ماڵ چی بەسەرھات ئەمانەو چەندین دورشمی تری بریقە دار .
بۆیە دەکرێت بڵێن ئەو خەونی بەنەمانی شەرعیەت و ئەزموونی کوردستان دەبینی، بەڵام خەونەکەی وەک گەڵای پایز ھەڵوەرا، چونکە لەکوردستان مەنتیق فەرمانڕەوایی ئەکا نەوەک بنەما باوەکان زۆرینەی جاریش بنەما باوەکان جێگای مەنتیق ناگرنەوە.
یوسف و کردەوە خۆکوژیەکەی لە دوو ھۆ تێناپەرێت یان ئەوەتە وەک بەرداشێک سەیرکراوە و یاری سیاسی پێ ھاوسەنگ کرا کەھەڵبەتە وا دەرنەچوو،ھۆی دووەمیش ئەوەیە خۆی خودی خۆی ھەڵگری ئەو حەقیدە سیاسیە بوبێت!!. گرینگ نیە کامە ھۆ پاڵنەری خۆکوژیە سیاسیەکەی یوسف بووبێت، چونکە یوسف بۆ ئەبەد لە گۆرەپانی سیاسی کورد نەفی کرا نەفیکردنەکەشی باجی کردەوەکانی خۆیەتی، بۆیە جێگای ئەسەف نیە.
سووتاندنی بارەگاکانی پارتی و وەدەرنانی قۆنسوڵگەری وڵاتان و ڕفاندنی ئەندازیارانی نەوت و نانەوەی پشێووی و لەبەر یەکھەڵوەشانەوەی سیستەمی کۆمەڵایەتی لەکاتی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەلایەن ئەو گەنجە ھەرزەکارە ھۆی سەرەکی ئەو نەفیە سیاسەن نەوەک ئەوەی خۆی بانگەشەی بۆ ئەکات بەوەی لەسەر چەسپاندنی حوکمی یاسا و یاسایی سەرۆکایەتی ھەرێم تووشی ئەو دەردە کوشندەیە بووە.
کوردستان کە بەخوێنی زەریایەک شەھید و ھەزاران پێشمەرگەی تێکۆشەر گەیشتۆتە ئەم رۆژە ھەرگیز ئامادەگی ئەوە لە کوردستانیان و ھێزە سیاسیە نیشتیمان پەروەرەکان دا نیە رێگە بە حەزی سیاسیەکی ھیچ نالەبەر بدەن بۆ ئەوەی مەرامەکانی بێنێتەدی.پێویستە ئەزموونی نەفی کردنی یوسف ببێتە سەرگوزشتەیەک بۆ تەواوی ھاوبیرانی یوسف کە وەک یوسف یاری بەئاگرنەکەن، چونکە وڵامی ئاگر ھەر ئاگرە ھەر وەک چۆن وڵامی گوڵ بەدڕک نادرێتەوە!..
حیکایەتی یوسفی راستگۆ بۆتە نایابترین چیرۆکی رۆڵەکانی ئادەم کە نەوە دوای نەوە بۆ یەکتری دەگێرنەوە و پەند و ئامۆژگاری لێوەردەگرن، ئەمما کورتیلە چیرۆکی یوسفەکەی لەمەر خۆمان چیرۆکێکی شەرمھێنە، چونکە رێک پێچەوانەی عەزیزەکەی میسربوو.


Top