ریفراندوم و خۆزگەکانی ھەندێ لە دوژمنانی

ریفراندوم و خۆزگەکانی ھەندێ لە دوژمنانی
دیارە ھەمیشە ژیان بە ئاواتەکانی مرۆڤەوە بەتام بووە و خۆزگەکانی ئەو مرۆڤەکان ھەوێنی بەردەوانی ژیانیان بووە. بەڵام کاتێک ئاواتی کەسێک نەگەیشتنی کەسێکی تر بێ بە ئاواتەکانی، تام وچێژی ئەو ئاواتە دەبێ چی بێ؟
ئەو کاتەی کە وڵاخ و گوێدرێژ و کەر و ھەسپ وەک ئۆتۆمۆبێلە پێشکەوتووەکانی ئێستا زۆر گرنگ بوو، ھەر کەس بە ئۆمێدی ھەبوونی یەکێک لەو گیانەوەرانە بوو تا کاروباری خۆی بەڕێوەبباتن. دەگێڕنەوە کابرایەک ھەبوو کە ھەمیشە خۆزگەی دەخواست وڵاخێکی ھەبووایە. ( دیارە لە زانستی سایکۆلۆژیا دا خەون ڕەنگدانەوە و کاردانەوەی ھزر و بیرکردنەوەی ڕۆژانەی مرۆڤەکانە). ئەو کابرایە زۆر دەپاڕایەوە. جارێکیان لە خەونەکانی دا کەسێک لێی پەیدا دەبێ و پاش ئەوەی پشتڕاست دەبێ کابرا ھێشتان ھەر تامەزرۆی ئاواتە دێرینەکەیەتی، ڕووی تێدەکات و پێی دەڵێ: من ھاتووم ئاواتەکەت بەجێ بگەینم!... بەڵام مەرجێکم ھەیە. کابراش پێی خۆشحاڵ دەبێ بەڵام پرسیاری مەرجەکەی لێدەکاتن. ئەویش دەڵێ: وڵاخێکت پێدەدەم، بەڵام ھەسپێکیش دەدەمە دراوسێکەت. کابرا پێی ناخۆش دەبێ و ھات و ھاوار دەکاتن و ناڕازیبوونی خۆی دیار دەکاتن. لەو ھەراوھوریایە لە خەونەکەی ھەڵدەپەڕێ و وەخەبەر دێتن. دەبینێ نەک وڵاخ و نەک ھیچ شتێک لە گۆڕێ نیە....
ھاوشێوەی ئەو کابرا حەسوودە لە جیھان و کوردستان زۆرن. ئەگەر ساڵانێکی زۆرە ئەم خەڵکە ھەمووی چاوەڕۆانی سەربەخۆیی و دەوڵەتن، بەڵام ھەبێ کەس و کەسانێک پێیان ناخۆش بێ لەو کەین و بەینە دا کەس و کەسانێک شتێکی زیاتریان دەست کەوێ یانیش نە بیانەوێ ئەو خەونە مەزنە لە ھەموومان تێکبدەن، دەبێ کێ چاوەڕۆانی شتێکی جوانتریان لێبکاتن؟ ئایا کێ بڕوای بەو پیاوە ھەیە تا ببێتە دراوسێ و دۆست و برادەری؟ ئەوە کەسە تەنھا ئەوانەن کە وەک ئەو کەسەن، و تام و چێژی ژیانیان لە تێکچوونی خەونەکانی خەڵک و کەس و برا و دۆست و دراوسێیەکانی دا دەبینن. ئێوە بڕیار بدەن کام ڕێگە ھەڵدەبژێرن.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top